. . . .


16 Oct 2017

بەشداری هەیەتێکی ح د ک لە پرسەی مامۆستا کەریم زەند لە بریتانیا


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ لەلایەن بنەماڵە، هاوڕێ و دۆستانی مێژوونووس، نووسەر و شۆڕشگێڕی دێرینی گەلەکەمان مامۆستا کەریم زەند، لە شاری لەندەن ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرخۆشی بۆ مامۆستای کۆچ کردو لە هوتێل هیلتۆن بەڕێوەچوو.
کۆڕی پرسەی مامۆستا کەریم زەند کاتژمێر ٤ی پاشنیوەرۆ بۆ ٦ی ئێوارە بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ڕەوەندی کورد لەبریتانیا و هەروەها بنەمالە و کەس و کار و دۆستان و خۆشەویستان مامۆستا ئامادی پرسەکە بوون.
کۆرەکە لەلایەن کاک پێشرەو مەجید بە ووتانە کرایەوە
کەریم زەند: گەریدە و مێژوونووسی ناسراوی کورد
ئامادەبوانی بەرێز ئێوارەتان باش، بەخێربێن بۆ یادی سەربازێکی ونی گەلەکەمان، یادی گەریدە و مێژوونوسی کورد مامۆستا کەریم زەند
گۆرانی مەزن دەڵێ:
بەڵێ دیارە لەناو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتکار
وەکو عەکسی قەمەر وایە لەناو حەوزێکی لیخندا
بەداخەوە ئەم راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کۆمەڵگای ئێمە لەم رۆژەدا بۆتە حەوزە لیخنەکە کە قەدری زانایان و بلیمەتانی خۆی نازانێ.
بەرێزان ئێمە ئیمرۆ کۆبوینەتەوە بۆیادی ماڵئاوایی بلیمەتێکی ئەم میللەتە کە تەمەنێکی درێژی لە خزمەتی خاک و نیشتیمانەکەیدا بەسەربردووە و وەک گەریدە و مێژوونووس و کۆمەڵگاناسێکی ناودار.
پێشەکی حەزدەکەم بەوە دەستپێبکەم کە شاری سلێمانی بەناو پایتەختی رۆشنبیری ماڵئاواییکردنی ئەم زاتە مێژوونوس و گەریدە و رۆلە بەئەمەکەی نیشتیماندا کەمتەرخەم بووە.
وا چاوڕواندەکرا کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە مەراسیمی بەرەو گۆڕستان بردنی تەرمەکەیدا هەر هیچ نەبێت بەقەد ژمارەی لاپەرەکانی یەکێک لە بەرهەمکانی ئەم کەڵە مرۆڤە بەشداربوونایە. بەداخەوە ئەمە چ کارەساتێکە کە میللەتێک رۆڵ و پیگەی نووسەر و مێژوونوس و هونەرمەندانی خۆی نەزانێ.
مامۆستای نەمر یەکێکە لە نەوە زێرینەی کە مرواری و ئاڵتون و مەرجانەکانی تاجی شکۆی ئەدەب و مێژووی کوردەواری کە بەداخەوە لە پاییزی تەمەندان و یەک یەک وەک گەڵای دار دەکەون و بەجێمان دەهێلن. ئەوە ئەرکی مێژووی و ئەخلاقی و مرۆڤایەتیی ئێمەیە کە شوێن و ناو و جێێان بەرزراگرین. گلەیی بێت شارەکەی رۆشنبیری کە ئەوەی بۆ سیاسەتمەدارانی دەکەیت بۆ مێژوونووس و ئەدەب دۆستانی ناکەیت.
کەریم زەند کوڕی حەمە ئاغای کوڕی ئەمین ئاغایە، لەسەرەتای دروستبوونی شاری سلێمانیەوە ئەم بنەماڵەیە لە گوندی چنگیانی ناوچەی شارباژێرەوە هاتوونەتە سلێمانی و لەوێ نیشتەجێبوون.
ئەم کەڵە مرۆڤە، لەساڵی ١٩٢٤ (١٩٢٥) لە گەرەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە و پاشان چۆتە بەغداد و لە ساڵی ١٩٤٤ خانەی مامۆستایانی تەواوکردوە و لە پاش تەواوکردنی خانەی مۆستایان لە قوتابخانەی فەیسەڵییە مامۆستایەتی کردوە و لەسەروبەندی دامەزرانی کۆماری کورستان لە مهاباد رۆشتووە بۆ بەشداریکردن لە کۆمارەکەی پێشەوادا و لە کۆماری کوردستان وەک مامۆستایەکیش خزمەتی کردووە. لە زمانی خۆیەوە دەیگێرێتەوە کە رۆژێک قازی محەممەد سەردانی ئەو پۆلەی کردووە ئەو وانەی تێدا گوتووەتەوە، دوای تەواوبوونی وانەکەی پێیگوتووە "لە تارانێ را مامۆستا وام نەدیوە". هەر ئەو کاتەش قازی محەممەد "کلێتەیەکی" پێدەدات، کە تاوەکو کۆچی دوایی لەسەریدا بوو. لەدوای شکستی کۆماری مهابادیشدا لەگەڵ مەلا مستەفای بارزانی و هاوەڵەکانی بەرەوە رووسیا رۆشتتوە.

مامۆستا لە قاهیرەی پایتەختی میسر دپلۆمی باڵای بەدەستهێناوە.
لە زانکۆی ماینز گۆتنبێرگی ئەڵمانی پلەی پرۆفیسۆری پێبەخشراوە.
لە ساڵی ١٩٣٨ وە تێکەڵی سیاسەت بووە و لە کۆمەڵی برایەتی، هیوا، ئازادی، ژێکاف، کاژیک و پارتی دیموکراتدا ئەندامی دەستەی نووسەرانی کورد بووە.
لە شۆرشەکانی شێخ مەحمود و شۆرشی بارزان و شۆرشی قازی محەمەد دا بەشداری کردووە
دوو ساڵ بەندکراوە لە گرتوخانەی ئەبوغریب و پێنج ساڵیش بە دەستبەسەری دوورخراوەتەوە بۆ زۆنگاوەکانی ناوچەی ناسریە لە خوارووی عێراق.
لە پاڵ مامۆستایەتیدا، چەندین ئەرکی نیشتیمانی بەجێهێناوە وەک ئەوەی سەرپەرشتیاری نەهێشتنی نەخوێندەواری بووە هەروەها بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بریکاری سەندیکای مامۆستایان بووە. وە جێگری ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بووە بەخۆبەخش و بێ مووچە

لە ساڵی ١٩٤٠ ە وە دەستی بەنووسین کردووە و ١٢ نوسراو و بلاوکراوەی هەیە
زیاتر لە ٦٠٠ وتاری هەیە کە لە زۆربەی گۆفارو رۆژنامەکوردییەکاندا بڵاوکراونەتەوە
خاوەنی ٤٠ کتێبی بڵاوکراوە و دەستنوسە و شاکاری بەرهەمەکانی بریتیە لە کتێبی "تۆماری تەمەن" کە لە (٥) بەرگ پێکهاتووە باس لە جوگرافیا و شێوەزاری میللەتانی کوردستان دەکات. ١٥ کتێبی تایبەتی هەیە کە لە بوارەکانی جوگرافیا و مێژووی کوردستاندا نووسیوویەتی

مامۆستای نەمر یەکەمین کەس بووە کە ئینجیلی کردووە بە زمانی کوردی
لە چلەکاندا لە گۆڤاری گەڵاوێژدا چەندین وتاری بڵاوکردۆتەوە.
ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری رۆژی نۆێ و نوسەری کورد بوە.
لەساڵی ١٩٥٨ لەسەر ئەرکی خۆی جوگرافیای کوردستان بڵاوکردۆتەوە

رەنگە ئەوەی کە تا ئێستا وترا بەس و زۆریش بێت بۆ ئەوەی کە بزانین کە کەریم زەند چ مرۆڤێکی گەورەیە. بەلام بەرێزان ئەم زاتە لە بوارێکی تردا پێشرەوی کردوە کە ئێمە وەک میللەتی کورد لەم جۆرە پسپۆرەمان دەگمەنە ئەویش بواری گەریدەیی و جۆگرافیاناسییە کە ناوبراوە سەرقافلەی ئەم بوارە بووە.
مامۆستای گەورەمان بەگەڕیدەیی هەرچوارپارچە کوردستان گەڕاوە و زانیاری تەواوی لەسەر هەموو شوێنەکان و هۆز و تیرە و رەگەز و زمان و مێژووی کوردستانی گەورە تۆمارکردووە. زۆربەی گەشتەکانی بە پێ بووە و نزیکەی ١٣ ساڵی پێچووە هەتا هەموو کوردستانی گەورە گەڕاوە چونکە ئەو بڕوای بە سنوری دەستکردنی دەستی داگیرکەر نەبووە و وەک خۆی دەیگێرێتەوە و دەڵی "لە ئەرمیناوە تا کەنداو" بەپێ گەڕاوم بە مەبەستی نووسینی جوگرافیای کوردستان.

کاتژمێری ١٠ بەیانی رۆژی سێشەممەی ١٠ /١٠/٢٠١٧ لە شاری سلێمانی لە تەمەنێکی پر بەرەکەت و بەخشینی ٩٣ساڵیدا دڵە مەزنەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاویی لێکردین.
سلێمانی بێکەسە و شێرکۆی نەماوە تا بە دەقێکی واڵا شانامەی ماڵئاوای مامۆستامان بۆ بنوسێت.
رەوانت شاد مامۆستای نەمر ئاسودەبە تۆو هاوڕێانت ئەرکی نیشتیمانی خۆتان بەزیادەوە بەدیهێنا و دڵنیابە گەر ئەم نەوەیەش بەوە نەزانێت ئەوا هەموو جوگرافیای کورستان شاهیدی بەرهەم و رەنجی تۆن. لە هەر جۆگەو رووبارێکی کوردستان بپرسیت دەڵێ ئەم گەریدە جوگرافیناسە پێشئەوەی تانوپۆی من بخاتە سەرنەخشە بە قومێ ئاوی من تینوێتی خۆی شکاندووە، لەهەر دارێکی بەقوڵاچوی کوردستان بپرسی دەڵی ئەم مارکۆ پۆلۆیەی ئێمەک پێش نەخشاندنی شوێنی رەگەکانی من تاوێ لە سێبەرمدا حەواوەتەوە.. هەموو گوند و بناری شاخ و لوتکەی چیاو دەشت و دۆڵی کوردستانی گەورە شایەتی بەئەمەکی و دڵسۆزی و جوامێری تۆدەدەن. رەوانت شاد و بنوە بەئارامی.
بە دوای وتەکانی کاک پێشرەو هەریەکە لەبەرێزان کاک ئەنوەر سولتانی، مامۆستا سەباح غالب و کاک مەحمەد مستەفا نوسەرو رۆشنبیر و هەروەها لەلایەن بنەماڵەکەیەوە مامۆستا عبداللە سالح (مامۆستا عبدە) وتاریان پێشکەش کردو لە سەر گەورەیی مامۆستا کەریم زەند و بەرهەمەکانی مامۆستا و خەسارەتی لەدەست دانی ئەو کەسایەتییە تێکۆشەرە قسەیان کرد.
پێویست بە ئاماژەیە کە بەرێز مەولوود سوارە بەنوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشداری پرسەکە بوو و لە نیزێکەوە پرسەو سەرەخۆشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێشکەش بنەماڵەکەی کرد.

نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان- بریتانیا
m-karim-2.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 85 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact