. . . .


12 Oct 2017

سەردانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە مەزارگەی مام جەلال تاڵەبانی


هەیئەتێکی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی کرد.

رۆژی چوار شەممە ١٩ / ٧/ ١٣٩٦ بەرامبەر بە ١١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی زایینی هەئەتێکی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستی سۆهەیلا قادری سکرتێری یەکیەتیی ژنان و بە هاوڕێیەتی خاتوو نەسرین حەداد ئەندامی رێبەریی حیزب و خاتوو چیمەن تۆفیق لێپرسراوی لقی کۆیەی یەکێتیی ژنانی کوردستان و کۆمەڵێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی و ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە نوێنەرایەتی هەموو ئەندامانی ئەو یەکیەتییە چوونە سەر مەزاری مام جەلال تاڵەبانی و لە رێورەسمێکی تایبەتدا رێزیان لە تەمەنێک لە خزمەت و تێکۆشانی ئەو رێبەرە گەورەی کورد گرت.
لە سەرەتایی رێورەسمەکەدا هەیئەتی یەکیەتیی ژنان بە شێوەیەکی شایستە و لە رێپێووانێکی فەرمیدا بە ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە چونە سەر مەزاری مام جەلال و لە لایەن بەڕێزان سۆهەیلا قادری و نەسرین حەداد تاجە گوڵی رێز و وەفا لە سەر گڵکۆی مام جەلال داندرا.
بە دوای ئەودا کیژۆڵەی هونەرمەند و دەنگخۆش کوردستان عەزیزیان ئەندامی لاوی یەکیەتیی ژنان مەقامێکی بە سۆز کە هۆنراوە و ئاوازی خۆی بوو بە دەنگە سیحراویەکەی چڕی.
بە دوای ئەودا پرسەنامەی یەکیەتیی ژنان لە لایەن سکرتێری یەکیەتی ژنانەوە خوێندرایەوە .
دەقی پرسەنامەکە بەو شێوەیە بوو:

پرسەنامە بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی

خەڵکی خەباتکاری کوردستان :

هەڤاڵانی سەرکردایەتی و کادر و ئەندامانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان :

هەواڵی کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی سەرکۆماری عێڕاق و سکرتێریی گشتی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان خەمبار ودڵگرانی کردین . کۆچی سەرکردەی کارێزما و لێهاتووی شۆڕش و خەباتی کوردایەتی و هێزی پشتیوانی سەردەمی سەختی خەباتی رۆژهەلاتی کوردستان ،بە خەسارێکی گەورە بۆ نەتەوەکەمان دەزانین . هیوادارین دوای ئەو کۆستەش گەلەکەمان بە گشتی و یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان بە تایبەتی چۆک دانەدەن تا وەدی هاتنی ئامانجە بەرزەکانی شەهیدانی کوردستان بە گشتی و شەهیدانی سەرکردە و رابەرانمان لە هەرچوار پارچەی کوردستان .

بەو هیوایە هەر وەک چۆن جەنابی مام جەلال سیمبوولی ئاشتی و پێکەوە ژیان بووە لە عێڕاق و کوردستان بە تایبەتی ،کۆچی دواییشی ببێتە هەوێنی ئاشتەوایی گشتی و ئاشتەوایی نەتەوەیی و نێو ماڵی کورد بە تایبەتی .
شیاوی باسە هەر ئەو هەیئەتە کاتژمێر ٣ی دوای نیوەڕۆ بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی مامۆستا کەریم زەند ، نووسەر و رووناکبیری گەورەی کورد و مامۆستای کوردایەتی کە مامۆستای قوتابخانەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بووە ،سەردانی ماڵی کۆچکردوویان کرد و لە نزیکەوە سەرەخۆشیان لە ئامینە خانم هاوسەری کۆچکردوو مامۆستا کەریم زەند و بنەماڵەکەی کرد وهاوخەمی و هاودەردی خۆیان و هەموو ئەندامانی رێکخراوەکەیان بە بنەماڵە بەڕێزەکەی و خەڵکی شاری سلێمانی راگەیاند.

بۆ بینینی وێنەکان کلیک لێرە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 40 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact