. . . .


24 Sep 2017

بە بەشداری ٣ حیزبی ڕۆژهەلاتی، خۆپیشاندانێک لە بەردەم باڵویزخانەی ڕژیمی ئیسلامی لە نۆروێژ بەڕێوە چوو


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی سێپتامبری ٢٠١٧ی زایینی خۆپێشاندانێک لە لایەن کومیتەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو. سەرەتا لە لایەن ئیبراهیم کۆنەپۆشی،یەوە بەخێرهاتنی بەشدار بووان کراو ئامانج لە خۆپێشاندانەکە بۆ بەشدار بووان روون کرایەوە، دواتر مەحموود یوسفی پەیامی هاوبەشی حیزبەکانی خوێندەوە کە تێیدا باسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئازادییە بنەرەتییەکان، کوژرانی کۆڵبەران، گرتن و زیندانی کردنی چالاکانی مەدەنی و خۆپێشاندەران، بەربەست دروستکردن بۆ چالاکانی مەدەنی لە ناوخۆ و کۆمەڵێک بابەتی تر کرابوو. بەڕێزیان رایگەیاند کە تا دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و خۆش بژێوی بۆ سەرجەم چین و توێژەکان، حیزبی دێموکراتی کوردستان، سازمانی خەبات و کۆمەڵە درێژە بە کارو تێکۆشانی هاوبەش دەدەن و لە سەر هەستن بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی کۆڵبەران، زەحمەتکێشان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان. هەروەها هەمان پەیام بە زمانی فارسی لە لایەن کاک شەهاب مەحموودی،یەوە بۆ بەشداربووان خوێندرایەوە، جگە لەو بەڕێزانە کە بە نوێنەرایەتی سێ حیزبەکە قسەیان کرد، پارتی سەربەستی کوردستان، رێکخراوی یاری کورد- یارسان، کاک کەریم ئەڵڵاوەیسی چالاکی سیاسیی، زانیار کرماشانی، چالاکی مەدەنی وتاریان خوێندەوە. هەروەها پێشمەرگەی دێرین کاک رەسوول پەناهی سروودێکی شۆرشگێڕانەی پێشکەش کرد. جگە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵە و سازمانی خەبات کە پێکهێنەری ئەو خۆپێشاندانە بوون، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، رێکخراوی یاری کورد- یارسان، کومیتەی هاوکاری هێزە کوردستانییەکان لە نۆروێژ بەشداری ئەو چالاکییە بوون.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی نۆروێژ
وێنەکانی ئەو خۆپیشاندانە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 162 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact