. . . .


25 Aug 2017

دیدار و چاوپێککەوتنی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی سوئێد


ناوەندی هەواڵ- سوید: دوانیوەڕۆی رۆژی ٢٤ی ئاگۆستی ٢٠١٧ بەڕیز کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراستی وەزارەتی دەرەوەی سوئێد کۆبۆوە و سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و نەتەوەکانی ئێران بە گشتی و نەتەوەی کورد بە تایبەتی قسەی بۆ بەرپرسانی ئەم بەشەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سوئێد کرد.
سکرتێری حیزب بە روونی باسی پەراوێزخستنی کورد و سوننی‌یەکان و ژنانی لە ئێران کرد کە بە پێی یاسای بنەرەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زۆر مافی خۆیان بێبەش کراون .
نوێنەرانی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراستی وەزارەتی دەرەوەی سوئێد وێڕای پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی سکرتێری گشتی حیزب سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و پەڕاوێزخستنی کورد و سوننی و ژنان و کەمەنەتەوەیی و ئایینیەکانی جێگیر لە ئێران، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێوەندییەکانی سوئێد و کۆماری ئیسلامیی نابێ ببێتە هۆی ئەوەی سوئێد چاوپۆشی لەو پیشێلکارییانە بکا و لە دیدارەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی ئەو باسانە نەهێننە گۆڕی. ئەوان گوتیان سەرکۆمار رووحانی بەڵێنی زۆر دەدا و هیچیان جێبەجێ ناکا.
کۆبوونەوەکە دوای زیاتر لە کاتژمێرێک لە بینای وەزارەتی دەرەوەی سوئێد کۆتایی پێهات و هەردوو لا لەسەر ئەوە کۆک بوون کە لە داهاتوودا زیاتر ئاڵوگۆڕی زانیاری پێکەوە بکەن.
وەفدی هاوڕیی سکرتێری گشتیی حیزب لەو دیدارەدا بریتی بوون لە بەڕیزان: کەماڵ گروێسی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سوئێد، ئارێز رەمەزانی بەرپرسی پێوەندییە سوئێدییەکانی حیزب لە سوئێد، هەروەها کاک رەحمان خالیدنژاد بەرپرسی کۆمیتەی فینلاند کە بە سەردان لە سوئێد بوو.
mawloudi-swid2017-2.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 167 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact