. . . .


19 Aug 2017

بەشداری هەیئەتێکی ح د ک لە ٧١ مین ساڵیادی دامەزرانی پارتی دێمۆکراتی کوردستان لە ڤێسترۆسی سوئێد


ناوەندی هەواڵ- سوید: دوانیوەڕۆی شممە ١٩ی ئاگوستی ٢٠١٧ی زایینی، رێوڕەسمی ٧١ مین ساڵیادی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان لە شاری ڤێسترۆس،ی وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.
لەسەر بانگهێشتنی فەرمی رێکخراوەکانی پارتی لە ناوچەکانی ڤێسترۆس و ئۆرۆبروو، هەیئەتێکی حیزب لە دەرەوەی وڵات و کۆمیتەی ڤێسترۆسی سوئێد پێک هاتوو لە بەڕێزان: حەسەن حاتەمی، بیستوون فرووغی و رێبوار ئیبراهیم زادە بەشدار بوون و لە لایەن ڕێکخەرانی ئەو ڕێوڕەسمەوە بە گەرمی پێشوازیان لێکرا.
هاوڕێ حاتەمی ئەندامی ڕێبەری حیزب لەو ساڵیادەو لە پەیامێک دا، وێڕای پێرۆزبایی کۆمیتەکانی دەرەوەی وڵات و ڤێشترۆسی حیزب، لە کاک مەسعوود بارزانی، سەرکرادایەتیی، کادر و پێشمەرگەکان و سەرجەم ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی پارتی لە کوردستان و تاراوگە، کوتی:
ساڵێک دوای دامەزرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، لە 16 ی ئابی 1946 لەژێر کاریگەری و تیشکی حدک و دەستکەوتەکانی لە یەکەم کۆماری کوردستان‌دا، پارتی دێمۆکراتی کوردستان دامەزرا.
لەو کۆمارە‌ گرینگەی سەدەی بیستەم‌دا، پێشەوای نەمر قازی محەممەد لە پێشوایی حدک‌ڕا بوو بە پێشەوای کورد و سەرکۆمار و هێمای یەکگرتوویی نەتەوەیی. ئێستاش بە تێپەڕینی مێژوویی پتر لە 70 ساڵ، ئامانجەکانی کۆمار بوونە خولیا و مەرجەعێکی دەوڵەمەندی مێژویی‌ و نەتەوەیەیی.
لەو کۆمارە‌دا، نەمر مستەفا بارزانی سەرکردەی مەزنی جووڵانەوی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان، کە پاشان بوو بە ژێنڕاڵی کۆمار و سەرۆکی سپاسی میللی کە بەفەرمی ناوی پێشمەرگەی لەسەر داندرا، هاوڕێ و پشتیوان و خاوەنداری دەوڵەتی جمهووری کوردستان بوو. بەڕێزی لە چوارچرای مەهاباد پێتەختی کۆماری کوردستان، لەگەڵ کەسایەتییە بەهەڵوێستەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە لای سکۆی بەشکۆی ڕاگەیاندنی کۆمار راوەستابوو. بارزانییەکان و شۆڕشگێرانی بەرایی باشووڕ بڕبڕەی پشتی کۆمار بوون.
ناوبراو دواتر وتی:
ئێستا لە خەباتی سەخت و دژوار و پڕ لە شانازی لە بەرانبەر رێژیمە سەرەڕۆیەکانی پاشایەتیی، عەرەبیی و ئیسلامییەکان و داعشی دژە کورد کە ئامانجیان، ئاسیملە و پاکتاوی رەگەزی بوو، گەیشتووینە بەرەبەری رۆژە مێژووییەکەی 25 ی 9 ی رێفڕاندۆم و گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لە باشووری نیشتیمان.
ئێمە لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، وێڕای پشتیوانی هەمەلایەنە لە رێفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و شانازی بەو کردەوە پێرۆزە، داوا لە هەموو خاوەن دەنگەکانی باشووری کوردستان لە هەموو جیهان دەکەین، بەشداری بە دەنگی بەڵێ، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی ئەنجام بدەن. بۆ کەسانی موخالیفیش سیاسەتی یەکگرتووی و هاوڕایی نەتەوەیی، دەنگی دانی ئەرێنی و رەخنەیی پێشنیار دەکەین. چوونکە ئەو رێفڕاندۆمە بۆ پێناسەی هەناسەی بەشێک لە نەتەوەیەک پتر لە 40 میلیۆنی ماف پێشێل کراوی کورد و زیندووکردنەوەی و بەرۆژکردنەوەی جەوهەر و ئامانجەکانی کۆماری کوردستانی یەکەمە.
رێفڕاندۆم یانی هەنگاو نان بۆ بەئاکام گەیاندنی کۆماری کوردستانی دوویەم لە سەدەی 21 م لە باشووری کوردستان دا. ئەو بەشەی نیشتیمان کە دەرفەتی بۆ رەخساوە دوای پتر لە 500 ساڵە بە نەخوازراوی وبێ پرس پێنەکراوەی دابەش کراو و کارەساتی وەک: ئەنفال و کیمیاباران، شنگال و تەپەسەری بەردوامی؛ بە خوێن و زام، ئاوارەیی و کۆڵەمەرگی، بەرخۆدان و فیداکاری، تێپەڕاندوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە بەشێکی زۆری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانەییەکان وێڕای بەشداریان، پەیامی خۆیان بۆ پیرۆز کردنی ئەو ڕۆژە پێشكەش کرد کە لەگەڵ پێشوازی گەرمی ئامادە بووان بەرەوڕوو بووەوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەکانی دەرەوەی وڵات و کومیتەی ڤێسترۆس
hdk-pdk8-2017-1.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 103 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact