. . . .


12 Apr 2017

ئایا هاتنی ترامپ خەونێکی ناخۆشە بۆ ئاخووندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران؟


عەزیز سەیدنژادیان" باسکار"
٣٨ ساڵ بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا تێپەڕی. خەڵکی ئێران بە گشتی و کورد بە تایبەتی خەونی وڵاتێکی دیموکرات و بە بێ جیاوازی ڕەگەزی، نەتەوەیی، ئایین و بیروباوەڕی جیاوازیان دەدەیت. نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد، ئازەری، بەلوچ، تورکمەن و عەرەب ئاواتیان ئەوە بوو کە ئیدارەی وڵاتەکەی خۆیان، بۆ خۆیان بگرنە دەست و بە فەرمی،بە زمانی خۆیان لە قوتابخانەکاندا بخوێنن. بەڵام شۆڕشی گەلانی ئێران بە پێچەوانەی خواستی ئەوان بەرەوە دیکتاتۆری و پاوانخوازی لە سەردەمی نوێ دا ڕۆشت. بە وتەی دکتور هلاکویی، شۆڕشی ئێران شۆرشی ڕق و قین بوو، هەر بۆیەش ئەو ئاکامەی لێ کەوتەوە.
بە ملیۆن کەس خەڵکی ئێران بە هۆی نارەزایەتی، ترس لە گیران و لە سێدارە دان و سیاسی بوون و ئایین و ڕەگەز و کێشەی سیاسی، ناچار بوون وڵات بەرەو هەندەران و بە پێچەوانەی خواستی خۆیان بە جێ بێڵن. ئەشکەنجە و لە سێدارەدان بووە کاری ڕۆژانەی ڕژیمی ئیسلامی و ئەو جەلادانە ئەوندە تینووی خوێن مژین بوون کە تا ئێستاشێ لەگەڵ دا بێ کە ٣٨ ساڵ بەسەر دەسەڵاتداریان دا تێپەڕ دەبێ، بەڵام هێشتا تینۆتیان نەشکاوە.
کوردەکان بوونە گەورەترین ئامانجی هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکەم شەڕ لە کوردستانەوە دەستی پێکرد. لە دوای فتوای خومەینی لە ٢٠ی ئاگووستی ١٩٧٩، هێرشی لەشكری هێزەکانی ئەرتەش و پاسدار و بەسیجی بەرەوە کوردستان دەستی پێکرد و لە سێدارەدان، گرتن و ئەشکەنجەی خەڵکی کورد لە زیندانەکانی ئێران دا دەستی پێکرد. حیزبە کوردییەکان بە دژە شۆڕش ناودێرکران و بە غەیرە قانونی لە قەڵەم دران و زۆر لە ئەندامانی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە لە سێدارە دران و یان لە ژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانە و ئاژەڵیانە دا گیانیان لەدەست دا. تەنانەت ئەوانەی لە دوورەوەش تۆزێک لایانگری ئەو حیزبانەی کردبا، یاخۆد لێی دڕدۆنگ بانایە ئێعدام دەکران، پاساویشیان بۆ کارەکەیان دێنایەوە و دەیانگووت ئەگەر دژی شۆڕش بن ئەوا بە سزای خۆیان گەشتوون و ئەگەریش بە ناحەق لە سێدارە دراون ئەوا دەچنە بەهەشت. حکومەتی دیکتاتۆری ئاخوندی ئێران تەنیا بە سەپاندنی دەسەلات بە سەر خەڵک و وڵاتەکەی خۆیاندا ڕازی نەبوون، بەڵکوو دەیانویست کە بیروباوەڕی وەحشیانەی خۆیان بۆ تەواوی وڵاتانی دەورەوبەر و هەموو جیهانیش بڵاوکەنەوە. هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان خوێنێکی تازە لە دەمارەکانیان دا وەگەڕ کەوت و هێز و تەشكیلاتی حیزبیان دامەزراند، یان ڕێکو پێکتریان کرد، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقا وەک گیای هەرز شین بوون.
نێوی چەند لەو هێزە ئیسلامییە توندرەوانەی کە دەستیان بە خوێنی هەزاران هاونیشتمانی خۆیان و خەڵکی وڵاتانی دیکە سوورە بریتین لە:
0- جبهة النثرە ( سوریە)
1- شۆڕای ئینقلانبی بنغازی ( لیبی)
2- جبهەی ئیسلامی ( سوریە)
3- ئەلقاعیدە لە نیوچە دوورگەی عەرەبی، یەمەن و عەرەبستانی سعودی
4- ال هوثی ( یەمەن)
5- تالیبان( ئەفغانستان)
6- بوکوحەرام (نیجریا)
7- الشباب ( سوماڵی)
8- داعش ( عێراق و سوریە)
9 - ابو نظال، شەهیدانی ئەلئەقسا، حماس، جیهادی ئیسلامی، ئەنسار ئیسلامی( لوبنان و فەلەستی) و زیاتر لە ١٥ گرووپی دیکەی تێرۆریستی لە فلیپین و ئیندونیزی و چەندین وڵاتی دیکە دەڕوا.
ئەو گرووپە تێرۆریستییانە، تەنیا بە شەر و کوشتاری نێوخۆیی و کوشتنی خەڵکی خۆیان رازی نەبوون. ئەوان دەستیان بە خۆکوژی و خۆتەقاندنەوە و کوشتاری خەڵکی ىیتاوان لە هەموو جیهان دا کرد. ١١ی سپێتامبری ١٩٩١ نیۆیۆرک، تەقینەوەی بۆمب لە مادرید ئیسپانیا ٢٠٠٤، تەقینەوەی بۆمب لە لەندەن ٢٠٠٥، کوشتاری تێرۆریستی برۆکسێل ٢٠١٦، کوشتاری تێرۆریستی لە بڕلین ٢٠١٦، چەندین کردەوەی تێرۆریستی لە فەڕانسە، دوایین کردەوەش کوشتاری خەڵکی بێتاوان لە شەقامێکی سەرەکی لە ناوندی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید.
سازمانی سیخوڕی کۆماری ئیسلامی ئێران ساواما، ئەمڕۆ یەکێک لە بە تواناترین دەزگا سیخووڕییەکانی دنیایە کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هاوکاری ئەو هێز و ڕێکخراوە تێرۆریستییانە دەکات. تەقینەوەی ١٨ی مارسی ١٩٩٢ لە باڵوێزخانەی ئیسڕائیل لە بۆینێس ئارێس،ی پایتەختی ئارژانتین یەکێک لەو کرادەوانە بوو کەبە ئاشكرا دەرکەوت ئێران دەستی تیدا هەبوو. هەروەها تیرۆری دەیان سەرکردی سیاسی ئۆپۆزێسیۆنی کورد و ئێرانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات نموونەیەکی دیکەن لە کارەکانی دەزگای جاسووسی ئێران.
دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ١٣/٧/٨٩ لە وینەن، دکتور سادق شەرەفکەندی ١٧/٩/٩٢ لە برلین، عفت قازی ٩/٩/ ١٩٩٠لە شاری ڤێسترۆستی سوید، کامران هیدایەتی ٦/٦/٩٦ ستۆکهۆڵم، شاپور بەختیار ٩/٨/١٩٩١ پاریس، کەریم محەممەدزادە ١/٤/١٩٩٠ نینسهامن- سوید (Nynäshamn)، کازم ڕەجەوی ١٩٩٠ ژنیف – سویس، فەرەیدوون فەروخزاد ٧/٨/١٩٩٢ بۆنی ئاڵمان، داریوش و پەروین فروهەر ٢٢/ ١١/١٩٨٩ تاران. ئەو تێرۆرانە تەنیا ژمارەیەکی کەمن لە لیستی دوورودرێژی جینایەتەکانی دەوڵەتی تێرۆری و سێدارەی ئیسلامی ئێران.
هێزە ئیسلامییە تێرۆریستییەکان بوونەتە هۆی ترس و دڵە راوکێ و نا ئەمنی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەڵام جیهان چۆنی هاوسەنگی یان خۆد بەربەرەکانێ کردووە لە ئاست ئەو هەلومەرجە ئاڵۆز و پڕ مەترسی وناخۆشە دا. هەموو وڵاتانی رۆژئاوا و لە سەرووی هەموویانەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، حکومەتی دیکتاتۆری ئاخوندی ئێرانیان بە هێند نەگرت و ئەو جۆرەی کە دەبوو بەربەرەکانێی بکەن و پشتیوانی هیزی ئۆپۆزێسیۆنی کورد کە هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەشتنی حکومەتی ئیسلامییەوە هەستی بەوە کرد کە دیکتاتۆرێکی دیکە کە زۆر لە دیکتاتۆری شای لێکەوتوو پیسترە بەرەوە بە دەستەوە گرتنی حکومەتی ئایینی توند کە لە هیچ جۆرە کردەوەیەکی نامرۆڤانە بە نیوی ئیسلام ناپرینگێتەوە. ئێمە خەڵکی کورد بە گشتی و بە تایبەتی هەموو هێزە سیاسییەکانی کورد، ساڵیانێکی زۆرە دەڵێین کێشەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زۆربەی هەرە زۆری تێرۆریزمی جیهانی لە ژێر سەری حومەتی ئاخووندەکانی تاران دایە. خۆ ئەگەر وڵاتە یەکگرتوووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئوروپییەکانی زەربەیان لە حکومەتی ئێرا دابایە، ڕوخانی سەدام زۆر لەوە ئاسانتر دەبوو و حکومەتێکی ئایینیی شێعەی هاوشێوەی ئێران نە دەهاتە سەر دەسەڵات. و سوریەش ئەو ڕۆژگارە ڕەشەی نەدەدیت و ئەلقاعیدە و داعش درووست نەدەبوون. بەڵام بۆچی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی حکومەتی عێراقیان دا بە دەست هێزێکی سیاسی مەزهەبی لە شێوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێگایاندا تاران بە تەواوی دەستی لەو حکومەتە دا هەبێ و ڕێگە نەدا کە کورد و شێعە و سوننی بە ئازادی و دیموکراتی لەو وڵاتە دا بە یەکەوە حکومەتێکی سەرەبەخۆی دیموکراتی ئاشتی خواز پێک بێنن.
هیزەکانی ئەمریکا بە زیانێکی زۆری ئینسانی و ئابووری بێ ئەژمار ناچار بە چۆڵ کردنی عێراق بوون و گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی هێندەی دیکە بۆ ئێران خۆش بوو. بەهاری عەرەبی، شەڕی ئەفغانستان، شەڕی ناوخۆیی سوریە، سەرهەڵدانی داعش لە سوریە و عێراق و کوشتاری بە کۆمەڵی کوردانی ئیزەدی، لە کوردستان شەپۆلی کۆچی بە کۆمەڵی بەرەو ئوروپا و هەروەها شەپۆلی بەهیز بوونی پۆپۆلیزم و ڕەگەزپەرستی یا خود فاشیزم بە دژایەتی لەگەڵ خەڵکانی کۆچبەر کە لە ترسی شەڕ و کوشتن پەنایان بۆ هەندەران هێناوە بەرز و بەرەزتر بووە. تەواوی ئەو کارەساتانە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەری هەڵدا و حکومەتی تاران بە جۆرێک دەستی تێدا هەبووە و هەیە. سیاسەتی نەرم و ترسەنۆکانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هەموو ٦ سەرۆک کۆمارەکانی لە ساڵی ١٩٧٩، جیمی کارتەر، رۆنالد ڕێگان، جۆرج بۆشی باب، بیل کلینتۆن، جۆرج بۆشی کوڕ و باراک ئۆباما، هەتا ئێستا و تەنانەت هاوپەیمانەکانیان لە وڵاتانی ئوروپا و ڕوسیە بە سەرۆکایەتی پوتین، یارمەتی دەری ئەو هەلومەرجەی ئێستان کە وەک قەیرانێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری تووشی زۆربەی ولاتانی جیهان، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بووە.
بەڵام وادیارە سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا دۆنالد ترامپ و کابینەکە بە پێچەوانەی هەموو ئەو ٦ سەرۆک کۆمارەی پێشوو، سیاسەتێکی دیکەیان هەیە بە گشتی بەرامبەر بە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی و بە تایبەتی بەرامبەر بە دەسەلاتدارانی ڕژیمی تاران. لێرە دا چەند ئاماژەیەک بە وتەکانی دۆنالد ترامپ و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکەم بۆ ئەوەی بەڵگەیەک بێ بۆ ئەو بۆچوونەم.
بە پێی سەرچاوە ناوخۆییەکانی ئەمریکا، تۆڕی هەواڵی جیهانی " سی ئێن ئێن" ئاشكرا کردووە کە ئەمریکا دەیەوێ سزای نوێ بە سەر ئێراندا بسەپێنێ و ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵوەشێنێتەوە. ترامپ دەڵێ هیچ کاتێک ڕێکەوتننامەی ئاوا خراپ لە مێژوو دا واژوو نەکراوە. پێشگیری هاتووچۆی هاووڵاتیانی ٦ وڵات بۆ ئەمریکا کە یەکیان ئێرانە، بە بڕیاری سەرۆک کۆماری نوێ. هەر دوای ئەو بڕیارانەی ترامپ، حکومەتی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە تاقی کارییە موشەکییەکانی خۆی دەست پێ دەکاتەوە، وەک قەڵسە گێڕانێک دژ بەو پەیمانە ناوەکێیەی لە نێوان ئێران و وڵاتانی ڕوژئاوا دا هەیە.
بازنەی خۆڵەمێشێنە کە دیاری کراوە ئێران چ بکات و چ نەکات، بە پێی ئەو ڕێکەوتننامەیە، حکومەتی ئەمریکا هۆشداری داوەتە ئێران و لە چەندین جێگەی جیاواز و لە وڵامی ئەو پرسیارە دا کە ئەگەری ئەوە هەیە کە هێرشی سەربازی بکەنە سەر ئێران، سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەڵێ هیچ شتێکمان نیە جێگرەوەی ئەوە بێ. میسەڵ فلین، ڕاوێژکاری بەشی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بە وردی چاوەدێری تاقیکارییە موشەکییەکانی ئێران دەکەن و هاوکات باسی لە یارمەتی بێ درێغی ئێرانی بۆ حوسیەکانی یەمەن کردبوو. ئێران هەوڵی داوە کە بەرپەرچی ئەو لێدوانانەی کاربەدەستانی ئەمریکا بداتەوە. هەڕەشەی کاربەدەستانی ئێران و ئەمریکا لە ماوەی ڕابردوو دا گەشتووەتە ئاستێکی بەرز، بە جۆرێک کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا و کاربەدەستانی کۆشکی سپی هەڕەشەی گەمارۆی زیاتر بۆ سەر ئێران و تەنانەت باس لە وەشاندنی گورزی سەربازی دەکەن، هاوکات کاربەدەستانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە ئەوهەڕەشە و گورەشانە بیهوودەن و هیچ شتێک دەست ئەمریکا ناکەوێ. ریکس تایلرسۆن،ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی سەرقاڵی پێداچوونەوە بە سەر ڕێکەوتننامانە نێودەوڵەتییانەیە دایە بۆ داخستنی سەرمایەکانی ئێران، بۆ ئەوەی پێش بە دەست ڕاگەشتنی ئێران بە بۆمبی ناوەکی بگرێ. هاودەنگ لەگەڵ ڕیکس تایلەر منیش لەو بڕوایە دام و دڵنیام ئەگەر ئێران بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بێنێ، پێش لە هەموو کەس لە سەر ئێمەی کورد تاقی دەکاتەوە، هەروەک چۆن سەدام بۆمبی شیمیایی لە سەرکورد تاقی کردەوە. ریکس تایلرسۆن لەکاتی سوێدنخواردنی لە بەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی سیناتەکان، گوتی: ئێران مەترسییەکی گەورەیە بۆ هەموو جیهان، چونکا ئەوان خۆیان لە هەموو ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان لادەدەن. ئەو ڕایگەیاند کەپێداچوونەوەیەکی تەواو بە سەر ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی ئێراندا دەکاتەوە و پاشان دەست دەکا بە هەڵسەنگاندنی دوایی. دەبێ میکانیزمێک دەستەبەر بکڕی کە ڕێگر بێ لە بەردەم دەستڕاگەشتنی ئێران بە چەکی ناوەکی و کۆکوژ و نابێ ئێران ڕێگەی پێ بدرێ کە ئۆرانیۆم بپیتێنێ و لە ناو ئەو وڵاتە دا پاشەکەوتی بکا.
حکومەتی دۆنالد ترامپ و ئەدمینستراتیڤەکەی دەبێ زۆر توند و جیددی بەرامبەر بە حکومەتی دیکتاتۆری ئێران بەربەرەکانی بکات، کە بووتە شیرپەنجە و بەشێکی زۆری جیهانی گرتووەتەوە. ئەگەر ئەمریکا و ئوروپا و تەنانەت ڕوسیە و چین،یش کە دۆستایەتی نزیکیان لەگەڵ ئێران هەیە، پێش بە ڕژیمی ئێران نەگرن، لە داهاتوو دا دەبێتە سەرئێشەیەکی گەورەتر لە ئێستا و پێشگرتنی زۆر قورس دەبێ و دەبێ نرخێکی زۆرتر بۆ دامرکاندنەوەی بدەن.
ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئایا ترامپ و کابینەکەی دەتوانن کۆتایی بە تێرۆریستی نێودەوڵەتی ئێران و کۆچی بە کۆمەڵی خەڵکی ناوچەکە بێنن. ئیتر بەڕاستی کاتی ئەوە هاتووە و تەنانەت زۆر دەمێکەشە کە کاتی هاتووە و دەبێ وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە خەوی خفلەت بە خەبەر بێن. جێی خۆیەتی کە ئیتر لەوە زیاتر وڵاتانی ئوروپایی دڵ خۆش نەکەن بە هاتنە سەر حوکمی کەسانی وەک حەسەن ڕۆحانی و خەتی رێفۆرمخوازانە و نەرمی نواندنیان بەرامبەر بە ئوروپا و دەرگای ئابووری بۆ نەکەنەوە. ئاخووندە دەسەڵاتدارەکانی ئێران وەک ڕێوی وان و جێی بڕوا و متمانە نین. با دەسەڵات دارانی ئوروپا بە خەبەر بێن و پێش بە ئێران و تەومژی پۆپۆلیستی و ڕەگەز پەرستی بگرن کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە وڵاتەکانیان دا زیاتر دەبێ. زۆر لە حیزبە ئوروپاییەکان سالەهای ساڵە لە سەر دەسەڵاتن لە وڵاتەکانی خۆیان و هەوڵێکی زۆریان داوە تا گەشتوونە ئێرە، با ئاوا بە ئاسانی ولاتەکانیان رادەستی کۆمەڵ و ڕێکخراوە ڕەگەزپەرست و بن ئاژۆکان نەکەن. حیزبی سوسیال دیموکراتی سوید، یەکێک لەو حیزبانەیە کە بناخەی دیموکراسی و ئازادی ژێر خانی ئابووری ولاتی سویدی داڕشتووە، سیستەمی دادپەروەری کومەڵایەتی نموویەکی بێ وێنەیە لە جیهاندا، بەڵام بە داخەوە ئێستا پارتی سویدییە دیموکراتەکان SD بە گوێرەی دوایین ڕاپرسییەکان حیزبی یەکەم لەو وڵاتە دا. پرسیار ئەوەیە کە ئایا دەکرێ هەروا بە ئاسانی دەسەڵات رادەستی ئەو تازە پێگەشتووانە بکەین کە مافیان بە دیموکراسییەوە نیە؟
لە کۆتایی دا وەک دوا قسەم ڕوو بە جیهان دەڵێم، دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئاخوندی تاران وەک مار وان، ئەگەر بتانەوێ مار پێوەتان نەدا، دەبێ سەری پان کەنەوە، سەری ئەو مارەش لە تارانە.

عەزیز سەیدنژادیان " باسکار"

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 189 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact