. . . .


8 Apr 2017

«کوردستان»، ڕۆژنامەیەک بۆ هەموو وەرزەکان!


ناسر باباخانی
(بە بۆنەی دەرچوونی ٧٠٠ەمین ژمارەی کوردستان)
ناوی ڕۆژنامەکە واتە «کوردستان» جگە لەوەی کە ئاماژە بە جوغرافیایەکی سیاسییە و دیاری کردنی چوارچێوەیەکی سنوورییە بۆ شوێنێکی تایبەت، لە هەمان کاتیش‌دا مۆرکێکی ناسنامەییشی پێوەدیارە. واتە لە پشت ڕوالەتی ئەم ناوە جیهان‌بینییەکی تایبەتی خۆی حەشارداوە و ئەوانەی ئەم ناوەیان بۆ ئۆرگانی ڕەسمی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک دامەزرێنەری کۆماری کوردستان هەڵبژاردووە، هەم ئاگایان لە ڕابردوو بووە و هەم چاویان بڕیوەتە داهاتوو و هەم بە دروستی درکی دۆخی هەنووکەییشیان کردوە.
کە دەڵێم ڕابردوو مەبەستم ئەوەیە ئاگاهیان هەبووە کە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە سەر دەستی کوڕانی بەدرخان بە ناوی کوردستان بڵاو بوەتەوە و تەنانەت لەباری دیزاین (هەرچەند زۆە ساکارە) بە تایبەتی لاپەڕەی یەکیان، فۆرمەتەکەیان زۆر لێک‌دەچێ. سەرەڕای ئەوەی مەودایەکی نیزیک بە نیو سەدە جیاوازی تەمەنیان هەیە – ڕۆژنامەی کوردستانی بەدرخانییەکان ساڵی ١٨٩٨ و کوردستانی سەردەمی کۆمار ١٩٤٦ – بەڵام خاڵی هاوبەشی هەردووکیان ناوەکەیە کە بێ‌گومان مه‌به‌ستێکی سیاسی له‌ پشت بووه‌. واتە‌ ئه‌م جۆره‌ ناو لێنانه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جۆرێک خه‌ون و خولیای گه‌لی کوردی پێوه‌ دیاره‌ و‌ پێداگرییە له‌ سه‌ر بوون و هۆوییه‌تی کوردستان و کورد و به‌خشینه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی پێناسه‌یه‌کی کوردی به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد. ده‌کرێ بڵێین هەر دوو ڕۆژنامه‌ی کوردستان به‌ر له‌وه‌ی ده‌وری تایبه‌تی خۆیان – به‌ مانا ئه‌مڕۆیی‌یه‌که‌ی – واته‌ ڕاگه‌یاندن، ئانالیز، هه‌واڵ و… بگێڕێن، زۆرتر حه‌ولی سه‌لماندنی پێناسه‌یه‌کی نه‌ته‌وەییان داوه‌.
خاڵێکی‌تر کە بە باوەڕی من دەبێ گرینگی پێبدەین ئەوەیە کە زۆربەی هەرەزۆری ژیانی ئەم ڕۆژنامەیە لە تاراوگە بووە جگە لە قۆناغی سەردەمی لە دایکبوونی لە شاری مەهاباد و قۆناغێکی کورت دوای رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی. بە پێی ئەوەی کە تاراوگەش ژینگەیەکی سیاسی تایبەت بە خۆی هەیە و دەرکەوتەکانی لەسەر مرۆڤی کورد زۆر تایبەتتر بووە، بۆیە کوردستان هەم لەباری ناوەرۆکەوە هەم لەباری بەردەوامی بڕێک ئاڵ‌وگۆڕی بەسەردا دێ کە هەندێ جیاوازە لەگەڵ ژینگەی سەرەکی خۆی.
با ئەوەش لەبیر نەکەین ڕۆژنامەی کوردستان ئەزموونێکی کەم‌وێنەی وەک نیشتیمان ئۆرگانی «ژێ.کاف»ی وەک ڕابردووی خۆی لەپشت بوو هەرچەند ١٠ ژمارە زیاتری لێ بڵاونەببوەوە. بەڵام ئەوانەی ئەندامی کارا و چالاکی ژێ.کاف بوون و لە نیشتیمان‌دا بابەت و وتاریان بڵاو دەکردەوە، دواتر خۆیان لە کوردستان‌دا دیتەوە.
***
دەرچوونی ٧٠٠ ژمارە لە ڕۆژنامەی کوردستان زمانحاڵی حیزبی دیموکرات دەکرێ وەک ڕووداوێکی گرینگی مێژوویی لە ڕوانگەی ڕۆژنامەگەرییەوە سەیر بکرێ. ڕۆژنامەیەک کە لەگەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە دایک بوو و پاش هەرەسی کۆمار، سەرەڕای دۆخێکی سەخت و دژوار لە شاخ و تاراوگە و هەندەران درێژەی بە ژیانی خۆی دا.
ئەگەر بە شێوەیەکی زۆر خێرا و سەرپێیی بمەوێ لەسەر داتا بدوێم دەبێ ئاماژە بەم خاڵە بکەم کە لە ماوەی نیزیک بە ٧١ ساڵ و دوو مانگ لە دەرچوونی یەکەم ژمارەی کوردستان لە بەفرانباری ١٣٢٤ (ژانوییەی ١٩٤٦) نیزیک بە ٢٦٠٠٠ ڕۆژ تێدەپەڕێ، بێتوو ئەم ٧٠٠ ژمارەی دەورەی دووهەمی کوردستان و ١١٣ ژمارەی دەوری یەکەم بەسەر ئەم ڕۆژانەدا دابەش بکەین دەتوانین بڵێین هەر ٣٢ ڕۆژ یەک ژمارە، کە ئەگەر وەک شێوەی دەرچوونی ئەوڕۆیی بڵاڤۆکەکان چاوی لێبکەین دەکرێ بڵێین مانگێ جارێک کوردستان دەرچووە، کە ئەمە وەک خاڵێکی ئەرێنی و جێگەی سرنج دەبێ لێکبدرێتەوە. بە واتایەکی تر لەباری زەمانییەوە کوردستان لە ماوەی تەمەنی خۆی‌دا بە شێوەیەکی بەردەوام حزووری مەتنی هەبووە بە هەموو هەڵکشان و داکشانەکانییەوە و وەک دەق، لە کۆمەڵگا بەگشتی و بەتایبەتی لە بژاردەکان دانەبڕاوە.
خاڵێکی گرینگتری کە دەبێ ئاماژەی پێبکەین ئەوەیە کە ئاستی هەر ڕۆژنامەیەک بە ئاستی توانایی و لێوەشاوەیی نووسەران و ستافی ڕۆژنامەکە هەڵدەسەنگێندرێ، بۆیە من لام وایە ئەم ڕۆژنامەیە هەرگیز بە مانا ژورنالیستییەکەی دانەبەزی، دیارە ڕەنگە تووشی نزمی هاتبێ، کز و لاواز بووبێ بەڵام بە پێی سەردەمی دەرچوون و چاپ و بڵاوبوونەوەی دەکرێ بڵێین جێگەی سەرنج بووە. بۆ وێنە سەیری هەندێ لەم ناوانە بکە کە لە ڕۆژنامەی کورستان‌دا وەک وەچەی یەکەم بابەتیان تێدا بڵاو کردۆتەوە: نەمر سەیید محەممەد حەمیدی (سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستان)، مامۆستا هەژار، مامۆستا هێمن، مامۆستا زەبیحی، مامۆستا حەسەن قزڵجی، نەمر عەتری گڵۆڵانی، نەمر محەممەد (دڵشاد) ڕەسووڵی و… ئەوەی کە لە قۆناغی وەچەی یەکەم بۆمان دەردەکەوێ ئەوەیە کە لە قۆناغەدا بەردەوام هەندێ سیمای ئەدەبی (وەک شاعیر و چیرۆکنووس و فەرهنگ‌نووس و…) ئەرکی نووسین و ڕاپەڕاندنی ڕۆژنامەکەیان لەئەستۆ بووە، واتە لەم قۆناغەدا ئەدەب و سیاسەت و ڕۆژنامەگەری وەها تێکەڵ بە یەک دەبن کە دواتر دەبێتە میراتێک بۆ جیلی ئێستا و تەنانەت دەکرێ وەک پڕۆسەیەک لێکدانەوەمان بۆی هەبێ!
وەچەی دووەم ڕەهەندە سیاسییەکانی تۆخترە، هەرچەند شارەزایی‌یەکی تەواویان بە سەر ئەدەبیات‌دا هەیە، بەڵام ئەم وەچەیە بە پێی ئەوەی کە بەرپرسیاریەتی گەورەی حیزبییان دەکەوێتە ئەستۆ بۆ وێنە پۆستی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات، تای تەرازووەکەیان بۆ لای سیاسەت خواردەبێتەوە، بەرچاوترینی ئەم ناوانە لەم قۆناغەدا بریتین لە: شەهید دوکتور قاسملوو، شەهید دوکتور شەرەفکەندی، نەمر کاک کەریم حیسامی، نەمر کاک فەتاح کاویان، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە و… بە پێی ئەوەی لەم دوو وەچەیەی باسم لێوەکرد، شیعر و ئەدەب بە بەژنیان دوورابوو، زمان و ڕێزمانی ڕۆژنامەکە بە تایبەتی لەسەردەمی ئەوان‌دا ڕێک‌وپێکتر و وردتر بوو، تەنانەت لەچاو زۆربەی ئەو بڵاڤۆکانەی بۆ وێنە لە باشوور دەردەچن و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری پاڵپشتیانە ئێستاشی لەگەڵ‌دابێ زمانەکە خۆماڵیتر و ڕەسەنتر و کەم‌هەڵەترە، کەوابوو دەکرێ بڵێین کوردستان بە جۆرێ پارێزەری زمانەکەش بووە!
وەچەی سێهەم کە جیلی ئەمڕۆن، ئەرکەکەیان چەند قات لەچاو وەچەکانی پێشتر قورستر بووە، بە هۆی ئەوەی دنیای ڕاگەیاندنی ئێستا لەگەڵ ئەوان سەردەمان جیاوازی زۆرە. ئینتێرنێت و سۆشیال میدیا و کاناڵە ئاسمانییەکان و… لە چرکەساتێک‌دا هەواڵەکان دەگوازنەوە، شرۆڤە و ئانالیزی ڕووداوەکان ڕاستەوخۆ بۆ تەواوی دنیا دەنێرن و لە هەمان کاتیش‌دا لەباری ئابوورییەوە زۆر بەهێزن و… کۆی ئەمانە دەبنە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی ئەم جیلەی ئێستا کارێکی دژوارتری لەبەردەم بێ و دەبێ بە شێوەیەکی داهێنەرانە لەبەرامبەر ئەم ‌هێژمونییە میدیایی‌یەدا خۆڕاگرێ و بەردەنگەکەی خۆی واتە کوردی ڕۆژهەڵات بۆ لای خۆ پەلکێش بکا. بۆیە لەگەڵ ئەوەدا کە بەڕێوبەرانی ئێستای ڕۆژنامەی کوردستان کارێکی سەخت و ئەستەمیان لەپێشە بەڵام ئەگەر وەبیر خۆیان بێننەوە کە لە جێی کەسانێک دانیشتوون کە لەوەپێش کەللای نووسین و ڕۆژنامەگەری بوون، بێ‌گومان شێلگیرانەتر، جیددیتر و بەرپرسیارانەتر دەنووسن و ئەرکەکانی کوردستان ڕادەپەڕێنن. یادی سەرجەم نووسەرانی کۆچکردووی کوردستان بەخێر، بەردەوامی و سڵامەتیش بۆ هاوڕێیانی ئێستا!
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 132 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact