. . . .


13 Mar 2017

بەڕێوەچوونی ڕێورەسمێک بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان لە ?


ناوەندی هەواڵ- ئەمریکا: بە بۆنەی ٨ی ماڕس ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە واشنگتۆن، ڕۆژی شەممە ١٠ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی، ڕێوڕەسمێکی شکۆداری بۆ ئەم ڕۆژە بەڕێوەبرد. سەرەتا کۆڕەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی پێکرد. دواتر خاتوو نەسرین کەریمی پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی کورتە شیعرێک کۆڕەکەی کردەوە و پەیامی یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان هەر لە لایەن خاتوو نەسرینەوە خوێندرایەوە. دواتر بەڕێز دوکتور ڕێبوار ڕەشید سەرۆکی کۆنگرەی نیشتیمانی کوردستان کە وەک میوان بانگهێشت کرابوو وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد. بەڕێزیان لە بەشێک لە وتارەکەی‌دا ئاماژەی بەوە کرد کە ژنی کورد دەتوانێ بەبێ ئەوەی هیچ پیاوێک پشتگیری بکا سەربەرز و شاناز لە مافی خۆی و ئایندەی خۆی بڕوانێت و بیپارێزێ. ناوبراو لە درێژەی وتەکانی‌دا هیوای خواست ژنەکان گوێ لەو پیاوانە نەگرن کە ڕێگایان لێدەگرن و خۆیان لە ماڵ ڕزگار بکەن.
پاشان بەڕێز کاک ناسر باباخانی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە ئەدەبی زارەکی کوردی یان فۆلکلۆر لێوڕێژە لە چەمکی دەسەڵاتدارێتی ژن لە ناو کۆمەڵگە و بنەماڵەدا و لەسەر ئەم بنەمایە لە ئێستاش‌دا دەبێ ژن وەک کۆڵەکەی سەرەکی بنەماڵە دەوری تایبەتی خۆی لەسەر ئەساسی دەروەستی لە کۆمەڵگەدا بگێڕێ. ئەو کوتی کە هیچ جیاوازییەکە لە نێوان ژن و پیاو بوونی نییە و خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و خەباتی یەکسانیخوازی دەبێ هاوتەریب و هاوشانی یەکتر بڕۆنەپێش.
لە درێژەی بەرنامەکەدا خاتوو هانا ڕەسووڵی پارچە غەزەلێکی مامۆستا عەبدولکەریمی ڕەسووڵی (بە نازناری ڕێبوار) بە ناوی "ژن" خوێندەوە کە باسی لە کەسایەتی و پێگەی ژن دەکرد.
بەشی دووەمی بەرنامەکە پاش شێوخواردن لە لایەن نەسرین خانم کەریمیەوە دەستی پێکردەوە. لەو بەشە دا خاتوو دڵنیا دادکوش بە خوێندنەوەی پارچە پەخشانێک بە ناوی کورتە وڵامێک، دۆخی ژنان و کچانی ستەم‌لێکراوی کوردی خستە بەر سەرنجی ئامادەبووان. مێهروو خانم باڵنوور بە خوێندنەوەی بابەتێک بە زمانی ئینگلیسی مێژووی ڕۆژی ٨ی مارسی و دەوری ژنانی باس کرد. ئارەزوو خانم ئەحمەدی بە خوێندنەوەی پارچە پەخشانێک بە ناوی من ژنم درێژەی بە بەرنامەکە دا. پاشان مەهتاب خانم سەروەری قەسیدەیەکی پێشکەش کرد و بیرەوەرییەکی لە جۆری هەڵاواردنی کچ و کوڕ لە ڕابردوودا باس کرد. پاشان بەڕێز کاک سامی ساڵەیی کورتە وتارێکی پێشکەش کرد.
لە دوایین بەشی بەرنامەکەدا بۆ ڕێزگرتن لە ئەرک و زەحمەتی خانمەکان لە ماوەی ڕابردوودا کە بە شێوازی جۆراوجۆر لە بەڕێوەبردنی بۆنە نەتەوەیی و حیزبییەکان‌دا دەوری سەرەکیان بینیوە لە لایەن بەڕێزان کاک کامڕان باڵنوور نوێنەری حیزب لە ئەمریکا و کاک خەبات ئیبڕاهیمپوور بەرپرسی کومیتەی حیزب لەو وڵاتە سپاسنامەیەک و شاخە گوڵێکیان پێشکەش کرا. هەروەها بۆ ڕێز لە سەرجەم خانمەکانی ئامادەی ڕێوڕەسمەکە کە وەک میوان لەوێ بوون شاخە گوڵێکی سووریان بە نیشانەی وەفا و پێزانین پێشکەش کرد. ئەوەی لەم ڕێوڕەسمەدا زۆر جێگەی سەرنج بوو بەشداری بەرچاوی خانمەکان بوو لە بڕگە جۆربەجۆرەکانی بەرنامەکەدا

حیزبی دیموکراتی کوردستان- ئەمریکا
وێنەکانی ئەو ڕێوڕەسمە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 327 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact