. . . .


4 Mar 2017

ڕاپۆرتی ڕۆژی دووهەمی ٢٥مین کۆنگرەی سۆسیالیست ئەنترناسیونال لە کۆ?


سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی، کاروباری ڕۆژی دووهەمی ٢٥هەمین کۆنگرەی ئەنترناسیونالی سۆسیالیست لە کنفێنشن سەنتەر دەستی پێکرد.
لە پانێلی یەکەمی دووهەمین ڕۆژی کۆنگرە دا سەرەتا بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ئێس ئای لەسەر سیاسەتی حیزبەکانیان و ڕەوشی وڵاتەکانیان وتاریان پێشکەش کرد.
لەو بەشە دا هەیئەتی نوێنەرایەتی حیزب و ڕیکخراوە کوردستانییەکان وتاریان پێشکەش کرد. بەڕێز کاک سەعیدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە ڕەوشی ناوچە، عێراق و باشووری کوردستان بە تایبەت باروودۆخی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق کرد و داوای کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتگیری کورد بکەن بۆ گەشتن بە ئامانجە لە مێژینەیان بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی سەربەخۆ، هاوکات بەڕزیان ئاماژەیان بەوە دا کە بە بێ کورد و بەشداری کورد لە بڕیار و ڕێکەوتنەکاندا، سەقامگیری و هیوری لەو ناوچە ئاڵۆزە و گرینگەی جیهان ئاستەمە.
بەڕێزیان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی دا ووتی: یەکێک لەم خسلەتانەی ئەم خێزانەی ئێمە سۆسیال دێموکراتەکان رێز گرتنە لە تێکۆشەرە دێرینەکان بۆ ئەوەی هەموو کەسێك بزانێت کە سەرکردەکانمان رێزیان پارێزراوە لەهەموو قۆناخەکانی ژیان وە ئەوە گەنجەکانیش تشویق دەکات بۆ بەشداری کردن لە بزووتنەوەیەکی ئایندە بەخش هەر بۆیە دوێنی کۆنگرەی ٢٥ی ئیس ئای بەرێز سەرۆك مام جەلال و هێندێك لەهەفالەکانی بەتێکرای دەنگ بەسەرۆکی فەخری ئیس ئای قبول کرد.
خەباتی بێوچانمان وەخۆشەویستمان بۆ ئازادی گەلان بۆ سرینەوەی پاشماوەی کۆلۆنیالیزم و بەهێز کردن و قول کردنەوەی دێموکراسی بۆتە هۆی بوونمان بەئامانجی تیرۆریستان.
لە ڕۆژی دووهەمی ٢٥مین کۆنگرەی ڕیکخراوی سوسیالی ئینتێرناسیۆناڵ، هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە کاروچالاکی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان، جووڵەیەکی بێ وێنەیان بە تێکۆشانی گرووپی کوردی و حیزبی دا. بەڕێز کاک خالید عەزیزی ئەندامی رێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستان وتارێکی پڕ ناوەرۆکی بە زمانی ئینگلیسی پێشکەش کرد کە ئەوەی خوارەوە دەقی وەرگێڕدراوی وتەکانی بەڕێزیانە:
خوشك و برایانی هێژا
میوانە بەرێزەکان
جەنابی سەرۆك
جەنابی سکرتێری گشتی
زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئەو دەرفەتەی کە بۆ منتان رەخساند بۆ ئەوەی سەرنجی ئێوە بۆ دۆخی رۆژهەلاتی نێوەراست و کوردستان ڕابکێشم.
لەو ناوچەی ئێمە کێشە زۆرن، بەتایبەت بۆ دوارۆژی نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە کە دەکرێ ئیشارە بە کێشەی مافی مرۆڤ، مافی ژنان، توندو تیژی ئایینی و مافی گروپی جۆراوجۆری نەتەوەیی و ئاینی بکرێت.
توندوتیژی و تێرۆریزم هەلومەرج و کەش و هەوایەکی لەو ناوچە فرەچەشنەدا ساز کردووە و بۆتە مەسەلە و مەترسێکی گەورە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
رۆژهەلاتی نێوەراست کە لەگەڵ گەلێک ئاستەنگ و کێشە ڕوبەڕو بۆتەوە، لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵیک دەرفەت و کات لە گؤڕی دایە کە دەکرێ بە باشی کەڵکییان لێ وەربگیرێ بۆ کێشانی نەخشە ڕێگایەکی بەربەرین بۆ داهاتوی ناوچەکە، کە بی گومان کورد فاکتۆڕێکی حاشا هەڵنەگری ئەو سێنارێۆیە دەبن.
هەمو ئەو خاڵانە گرینگی خۆیان هەیە، بەڵام تێرۆریزم دیاردەیەکی ئەوەندە مەترسیدارە کە نەتەنیا شوێنەوارە مێژوییەکان و فەرهەنگی بە یەکەوە ژیان و لەگەڵ یەکدابوون لە نێو دەبا، بگرە مەترسییەکە بۆ مرۆڤایەتیش. مەترسییەک کە تەنیا ڕوی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست نییە بەڵکو ڕاستەوخۆ هەموی جیهان دەگرێتەوە. جیهانێک کە هەوڵ و زەحمەتێکی زۆر داوە لە پێناو سەقامگیر کردنی ئاشتی و ئاسایشدا.
هەر بۆیە هەموو ئێمە دەبێ پالپشتی نەتەوەی کورد بین نەتەنیا بەس بۆ شەر دژی ئەو دیاردە دزێوە بەلکو بۆ دروست کردنی کۆمەلگایەك لەداهاتوودا کە ئاشتی بۆ هەموو لایەك مسۆگەر دەکاو مافی مرۆڤ و تاکەکان و حاوانەوە لەگەڵ یەکتر دەستەبەردەکات.
من دەزانم زاڵ بوون بە سەر بەسەر دزێوەی تیرۆریزم دا کارێکی ئاسان نیە و تەنانەت ناکرێ پێش بینی داهاتووش بکەین کە چی ڕوو دەدات، بەلام وەك کۆمەلگای ئینسانی ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە دیفاع لە بنەماکانی مافی مرۆف بکەین بەو جۆرێک کە ببێتە هۆی سەقامگیری ئاشتی و هیوری و تەزمینی داهاتوویەتیکی باشتر لەناوچەکەدا. لەسەر یەک و لە ئیدامەی ئەو ئەرکەدا هەمووی ئێمە بەشێك لە کۆمەلگای نێودولەتین کە ئەرك دەخاتە سەرشانمان و بۆ ئەوەی کە ئەو بەرپرسایەتیە جێ بەجێ بکەین.
ئەو دۆخەی ئێستا ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی دەخاتە سەرشانی ئێوە کە پشتیوانی گەلی زوڵم لێکراوی ئێمە بن، خەلکێك کە پێویستی بە یارمەتی ئێوە هەیە بۆ ئەوەی کە لەو کێشانەدا کە ئێستا و داهاتوو دێنە سەر ڕێی سەرکەوتوو بێت.
ئێمە وەك گەلی کورد لە ئێران کە چەندین ساڵە لە خەبات تێکۆشان داین دژی حکومەتی سەرەرۆی کۆماری ئیسلامی و سەرەرای پەیامی ئاشتیمان و هەوڵ دا بۆ بە دەست هێنانی مافی رەوامان، بەلام هەمیشە قوربانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بووین.
هاوکات پێم خۆشە لەوە ئاگادارتان بکەمەوە، کە ئەگەر ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە دوو بەشی دیکەی کوردستان لە خەباتێکی سەخت و میدانی دان لەدژی داعش، هاوکات ئێمە کوردەکانی ئێران،یش لە بەرەیەکی دیکەی شەر و لەخەبات تێکۆشان داین لەدژی حکومەتی سەرەرۆی کۆماری ئیسلامی کە رێز بۆ هیچ قانون و یاسایەکی نێودەوڵەتی دانانێ.
چەند مانگ پێش ئیستا حیزبی ئێمە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە کەوتە بەرهێرشێکی تیرۆریستی و بەداخەوە چەند ئەندامی ئێمە گیانیان لەدەست دا، کەسانێک کە لەداهاتوودا دەیانتوانی لەدامەزرێنەرانی ئازادی و دیموکراسی بن.
بە پێی ئەو هەلومەرجەی کە ئیستا لە ناوجەکەی ئێمە حاکمە، ئایا دەبوو ئێمە تیرۆرمان بەتیرۆ جواب داباوە؟
نا، نا ئێمە ئەو کارەمان نەکرد. حیزبی ئێمە چەند دەیەیە لە مەیدانی بە کردەوەی خەبات و تێکۆشاندایە و تەنانەت لە کاتی شەڕیشدا ئێمە هەمیشە گیانی ئینسانەکانمان بۆ گرینگ بووە وە لەداهاتوش دا ئەو سیاسەتە وەك باوەرو بنەمایەك ئێمە ئیدامەی دەدەین. ئیمە باوەرێکی قووڵمان بە دێموکراسی و ئازادی هەیە ئیحترام بۆ ژیانی ئینسانەکان و لەگەل یەکدابوون قاییلین.
ئێمە لەو باوەرەدا بۆ دروست کردنی دنیایەکی باشتر و چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەلاتی نێوەراست دەبێ قامک بۆ ئێرا ن رابدێرین و کردارو رەفتاری کۆماری ئیسلامی نابێ نادیدە بگیرێ. بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی زۆر بەبەرنامە خەریکە ئیمپراتۆریەکی مەزهەبی لەناوچەکەدا دابسەپێنی.
ئەوە ئەرک و وەزیفەی سۆسیالیست ئەنترناسیونالە کە بدروشێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی خەلکێکی زۆرتر لە دنیادا سەرنج بەو کێشەیە بدەن و ببن بەپالپشت لەو پیوەندیەدا.
ئەندامانی بەرێز
ئێمە چاوەروانی ئەوەمان لەئێوەیە کە سۆسیالیست ئەنترناسیونال دەورێکی چالاکتر و بەرچاوتر لەناوچەکەدا هەبێت و بەپشتیوانی کردن لە کێشەی کورد لە ڕۆژهەلاتی نێوەراست دا و هەروەها زەخت و گوشار بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بێنێت بۆ ئەوەی کە رێز بۆ مافی کورد لەئێران دابنێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستان باوەری قولی بەوە هەیە کە رێگای چارەیەکی ئاشتیانە تەنیا رێگایەکە بۆچارەسەری کێشەی کورد لە ئێران. بۆیە ئێمە داواتان لێ دەکەین کەهەموو لایەکتان کاربکەن بۆ ئەوەی کە کورد بە ئامانجەکانی خۆی بگا.
زۆر سوپاس

هەر لە درێژەی کار و تێکۆشانی هاوڕێیانی حیزبی دا، ئەمرۆش بۆ جارێکی دیکە دەیان پۆستەری کۆلبەرانی کوردو هەروەها نامیلکەی کارەساتی شەوی یەلدای خوێناوی دێموکرات بە سەر ئەندام و بەرپرسانی لایەنە بەشدارەکانی کۆنگرە دا بلاو کرایەوە کە لەنێویان دا دەکرێ ئاماژە بە بەڕێزان: دوکتۆر هۆراسیۆ سێرپا سەرۆکی لیبرال پارتی (کۆلۆمبیا) هەروەها سەرۆکی فەخری ئێستای ئای، خاتوو ئوفا حاجی سەرۆکی ژنانی سۆسیالیست ئەنترناسیونال، خاتوو هێلا بێن جێگری سەرۆکی ژنان لە ئێس ئای بەشی مدیترانە باکوور و باشوور بکرێ.
جێگەی باسە کە لە پەڕاوێزی کاری ڕۆژی دووهەمی کۆنگرە دا، هەیئەتی حیزبی چاویان بە چەندین کەسایەتی بەشدار لەو کۆنگرەیە دا کەوت و لە نزیکەوە سەبارەت بە ڕەوشی نالەباری گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گرتن، ئەشکەنجە و ئێعدامی جیابیران لە ئێران و هەروەها دەستێوەردانی ڕژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی جیهان بە گشتی و وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی قسە و باسیان کرد.

بەشی کۆتای رۆژی دووهەمی کۆنگرە ئێوارەخوانێک بوو کە لەلایەن لیبرال پارتی (کۆلۆمبیا) بۆ میوانانی ئیس ئای رێکخرابوو.
نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئیس ئای
٣ی مارسی ٢٠١٧
کۆلۆمبیا- کارتەگێنا
بۆ بینینی وێنەکانی ڕۆژی دووهەمی کۆنگرەی ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالیست کلیک لێرە بکە

------------------------------------------------------------------------

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 485 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact