. . . .


12 Feb 2017

بەرێوەچوونی کۆنفرانسی ساڵانەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان ل


ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ ـ ٠٢ ـ ٢٠١٧ کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد کۆنفرانسی ساڵانەی خۆیان بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی سەر بە ڕێکخراوەکەیان لە شاری ڤێسترۆسی سوئێد بەڕیوە برد.
خاتوو سکاڵا حەکیم‌زادە بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی بەڕێوەبەری کۆنفرانس بەگەرمی بەخێرهاتنی ئەندامانی کرد و

دواتر بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بی‌دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان کۆنفرانس دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
سەرەتا خاتوو سکاڵا بەرنامەی کاری کۆنفرانسی پێشکەش کرد و داوای لە بەرێوەبەرانی دیوانی یەکەم خاتوو شیلان ساڵحی و خاتوو شلێر ڕەستگار کرد کە درێژە بە کاری کۆنفرانس بدەن.
دواتر دیوان داوایان لە خاتوو تارا عەزیزی کرد کە بێت و راستەوخۆ کۆنفرانسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بکاتەوە.
خاتوو تارا عەزیزی باسی خۆی لە سەر چۆنیەتی تابۆ شکاندنەکان و گۆرینی کولتور و فەرهەنگە خەراپەکان دەست پێکرد و گووتی:
زۆر زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد وکۆمیتەی بەرێوەبەریەکەی کە کردنەوەی کۆنفرانسیان بە من سپارد ئەوەش شانازیەکی گەورەیە بۆ من و ئیزن دەخوازم کە سەرەتا خۆمتان پێ بناسێنم، ئەمن ناوم تارا عەزیزی و لە دایکبووی وڵاتی سوئێدم و هەر لەم وڵاتە گەورە بووم و هاوکاتیش لە ستۆکهۆڵم خوێندنم لە بواری یاسا و وەکیلی دا تەواو کردووە، واتە دەرسی یاسام خوێندوە.
لە درێژەی قسەکانی دا خاتوو تارا گوتی: لە راستی دا ئەمن لە وڵاتی سوئێد لە تەمەنی ١٣ ساڵی دا دەستم بە کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی کرد و یا چاکترە بڵێم هاتمە نێو دونیای سیاسەتەوە، و هەر لە مەدرەسەوە پرسیارم بۆ ساز بوو کە جیاوازی نێوان ژن و پیاو و یا کچ و کوڕ چییە؟
لە مەدرەسە کوڕەکان زۆر کەم هەوڵیان دەدا بەڵام، زیاتر دیار بوون، کچەکان لە مەدرەسە زۆر زیرەکتر بوون لە دەرسەکانیان دا، بەلام بەوحاڵەش هەر کورەکان زۆرتر دیار بوون وتەشویق دەکران. ئەم جیاوازی رەگەزیە هەر تایبەت بە کوردستان نییە و تەنانەت لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک سوئێد ئەو جیاوازیانە دەبینرێن هەر بۆ نموونە ئەوەی کە من وەک وەکیل و کوڕێک وەک وەکیل دەست بەکار دەکەین، کوڕەکە لە بواری مەعاشەوە پێنج هەزاری لە من زیاترە، هەر چەند من و ئەو وەکی یەک زیرەکین و دەرسەکەمان وەکی یەک خوێندووە، بەڵام ئەو جیاوازی‌یە هەر هەیە سەیرە وڵاتێکی مودێرن و پێشکەوتووی وەکی سوئێد ئەو فەرق و جیاوازی‌یەی هەبێ!
خاتوو تارا لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی دا گوتی: ئەمن شانازی دەکەم کە لێرە و لە کۆنفرانسی رێکخراوەیەک دا بەشدارم کە حەفتا ساڵ پێش ئێستا لە کوردستان دامەزراوە، لە سەردەمێک دا کە خەڵکی خوێندەوار زۆر کەم بووە و بەتایبەت لە نێو توێژی ژن دا، ئەم هەڵوێستە واتە دامەزرانی ڕێکخراوی ژنان لەو سەردەم دا و لە جێدا هەڵوێستێکی گەلێک گرینگ و موهیمە و ئەوە کە ئینسان بتوانێ چالاک و ئاکتیڤ بێ و ڕێکخراو دابمەزرێنێ و لە چوارچێوەی ڕێکخراودا خۆی ئۆرگانیزە بکات نیشانەی پێشکەوتووی‌یە. ئەمن وەک خۆم زۆر باوەرم بە ئیدولۆژی نییە کە بتوانێ جیاوازی نیوان ژن و پیاو بگۆڕێ بەڵکوو پێم وایە دوو فاکتەر دەتوانێ ئەو جیاوازیانە بگۆڕێ ئەوەیش کاری کولتووری و فەرهەنگی و کار کردن لە سەر یاسایە.
کاتێک یاسایەکی نوی دێ دژکردوە زۆر دەبێ بەڵام بۆ ئاکام وەرگرتن دەبێ چاوەروان بین زۆر یاسا هەیە دوای پێنج ساڵ ،دە ساڵ جێگیر دەبێ یا ئاکامی دەبێ بۆ نموونە کاتێک لە سوئێد باسی پشووی باوکانە هاتە پێش بۆ هێندێ کەس سەیر بوو بەڵام وەک یاسا چەسپاوە ئیستا ئاکامەکەی دەبیندرێ.
لە کوتایی دا خاتوو تارا هیوای سەرکەوتنی بۆکۆنفرانس خواست و گووتی ئەگەریش پرسیارتان هەبێ و بە تایبەت لە سەر یاسا دەتوانین باسەکەمان درێژە بدەین.
لە درێژەی کاری کۆنفرانس دا، خاتوو موژدە عەزیزی پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بۆ ئەم کۆنفرانسە نێردرابوون، پێشکەش کرد.
دوای خوێندنەوەی پەیامەکان دیوان داوای لە خاتوو لەیلا محەممەدی بەرپرسی تەشکیلاتی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە سوئێد کرد کە بێت و باسەکەی خۆی پێشکەش بکات.
خاتوو لەیلا محەممەدی بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی بەرێوەبەری ڕاپۆرتی کار و چالاکی نێوان دوو کۆنفرانسی بە وردی خوێندەوە، لە راپۆرتەکە دا ئاماژەی بە هەموو کار و چالاکی‌یەکانی نێوان دوو کۆنفرانس کرابوو و بە گشتی ئاوڕ لە کار و تێکۆشانی کۆمیتەی شارەکان و کۆمیتەی بەرێوەبەری و بە تایبەت سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوەکان و هەروەها دیدار و چاو پێکەوتنەکان و شەوە کولتوری و شەو ئاهەنگەکان درابۆوە و تێشک خرابوو سەر خاڵە بەهێز و لاوازەکان و لەو پەیوەندی‌یەدا چەند خاڵ وەک پێشنیار بۆ کاری داهاتووی یەکیەتیی ژنان پێشنیار کرابوون.
دوای ئەم بەشە داوا لە خاتوو نەدا شابازی بەرپرسی دارایی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە سوئێد کرا کە راپۆرتی دارایی نێوان دوو کۆنفرانس پێشکەش بکات.
خاتوو نەدا شابازی باسی لە داهات و دەرکەوتی دارایی کۆمیتە کرد و بە وردی شێوەی خەرجی‌یەکانی نێوان دوو کۆنفرانسی بۆ بەشدارن شی کردەوە و بەوردی وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی دایەو کە لەلایەن ئەندامان لەسەر بەشی ماڵی کرابوون و هاوکاتیش خاتوو نیشتمان عەزیزی کە چاوەدێری ئەو بەشە بوو راپورتی خۆی پێشکەش کرد.
دوای ئەم بەشە داوا لە ئەندامانی بەشدار کرا کە ناوی خۆیان بنووسن و لە سەر هەر دوو ڕاپۆرتی کارو چالاکی‌یەکان و ڕاپۆرتی دارایی و هەروەها کاری ڕێکخراوەیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان قسە بکەن و بە پرسیار و تێ‌بینی و پێشنیار و ڕەخنەکانیان کۆنفرانسەکە دەوڵەمەندتر بکەن. لەم بەشەدا چەندین کەس لە بەشداران بە دوور و درێژی باسەکانی خۆیان پێشکەش کردن و چەند پێشنیاری بەکەڵکیش بۆ کاری داهاتووی کۆمیتە لە لایەن بەشدارانەوە قسەیان لە سەر کرا و دواتر وەک بریاری کۆتایی بۆ کۆمیتەی داهاتوو ئامادە کران.
لەم بەشەدا خاتوو شلێر حەسەن‌پوور بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان، وێرای دەربرینی خۆشحاڵی لە گرتنی کۆنفرانس و بەشداری چالاکانەی ئەندامان لە کۆنفرانس دا، وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی دایەوە کە لە کۆنفرانس دا لە لایەن بەشدارانەوە رووبەرووی کۆمیتە کرابوونەوە، هەر لەم بەشەدا زۆر بە وردی باسی لە کاری ڕێکخراوەیی و شێوەی پەیوەندی‌یەکان و نووسینی پڕۆژەکانیان بۆ کاری ڕێکخراوەیی کرد و باسێکی لە سەر بەرنامە و ئەساسنامەی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە سوئێد کرد و پێداچوونەوەیان لە سەر چەند خاڵی بەرنامەکە کرد.
دوای پشوو و نان خواردن دیوانی دووهەم خاتوو شوعلە قادری و خاتوو کوێستان بابایی سەبارەت بە دواین قۆناخی کۆنفرانس کە هەڵبژاردنی کۆمیتەی نوێ بوو باس کرد و هەر یەک لەو بەرێزانە تیشکیان خستە سەر شێوەی خۆبربژێر کردن و شێوەی هەڵبژاردن، هەر لەم بەشەدا سوپاسی ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری پێشووی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد کرا و لە لایەن بەشدارانەوە ڕێز لە کار و خەباتی ئەو بەرێزانە گیرا.
لە بەشی کۆتایی دا چەندین کەس لە بەشداران خۆیان بۆ کاری داهاتووی ئەو ڕێکخراوەیە بەربژێر کرد و دوای هەڵبژاردنی دەستەی نوێ بۆ کاری داهاتووی کۆمیتە، خاتوو چنوور ئەکبەرپوور بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی پێشوو و کۆمیتەی نوێ، سوپاسنامەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی لە ئاست بەشداری چالاکەنەی ئەندامەکان لە کار و چالاکی‌یەکان دا پێشکەش کرد و بەم چەشنە کۆنفرانس کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی سوئێد
بۆ بینینی وێنەکانی کۆنفڕانسی ژنان کلیک لێرە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 237 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact