. . . .


6 Feb 2017

بەشداری هەیئەتی ح د ک لە وڵاتی سوید، لە رێورەسمی ٢٦ی رێبەندان ساڵیادی ?


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی شەممە رێکەوتی ٤ی فوریەی ٢٠١٧ی زایینی، لە سەر بانگهێشتی فەرمی کومیتەی سویدی ڕێکخراوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، هەیئەتێکی کومیتەی سوید،ی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بە سەرپەرستی هاوڕێ سیاوەش قەویپەنجە بەپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکان و هاوڕێیەتی کاک محەممەد ئیسماعیلی، کاک محەممەد ئەمینی وکاک عەزیزئەفسەردلێر، لەرێورەسمی ٢٦ی رێبەندان ساڵیادی دامەزرانی کۆمەڵە دا، کە لەشاری ستۆکهۆلم پێک هاتبوو بەشدارییان کرد.
لەوکۆرەدا، چەپکە گوڵی ڕێزلێنان پێشکەشی ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمەکە کرا و پەیامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوید لە لایەن کاک سیاوەش قەوی پەنجەوە خوێندرایەوە. ناوبراو لەپەیامەکەیدا، وێرای پیرۆزبایی لە ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵە، لەباسێکی کورتدا هەلومەرجی ناسکی ئێستای هێنایە بەرباس و پێی لەسەر یەکدەنگی ئۆپۆزیسیۆنی ڕژیمی ئیسلامی وەک هەنگاوێکی گرینگ بۆقۆناغی ناسکی ئێستا داگرتەوە.

ئەوەی خوارەوەش دەقی پەیامی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانە بۆ ئەو ڕێوڕەسمە

بەڕێزان ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران!
بەبۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان، ساڵوەگەڕی دامەزرانی رێکخراوە شۆڕشگێڕەکەتان، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەین. هیوادارین لە داهاتوویەکی نە زۆر دوردا، ئەم بۆنەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستانی رزگارکراو و لە ناو جەماوەری تامەزرۆی ئازادی و سەربەستی دا جێژن بگرین.
بەڕێزان، هەروەک ئاگادارن جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەر دەم گوڕانکاریی گەورەدایە. زۆر دەسەڵاتی دیکتاتۆڕیی رووخاون و هێندێکی دیکەش لە نۆرەدان.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی مەیدان بۆ چۆلکردنی بە ئانقەستی ئێدارەی پێشووی ئۆباما و مەیلی ساتوسەودای هێندێک وڵاتی ئوروپایی، ئیرادەی خۆی لە چوار پێتەختی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە : یەمەن، سوریە، عێراق و لوبنان دەسەپێنێ و ئاکامی ئەم سیاسەتەش جگە لە سەپاندنی هێژمۆنی خۆی، بووەتە هۆی کوشتار و ماڵوێرانی گەلانی ئەم وڵاتانە.
ئەوەی شکی تێدانیە ئەوەیە کە لە نەبوونی هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی یەکگرتووی نەتەوەکانی ئێران و هێزە سیاسییەکان و پرش‌وبڵاویی ئەم هێزانە رژێم بێ ترس و دڵەڕاوکێ لەدەرەوەی سنوورەکانی خۆی تەڕاتێن دەکا.
ئاکامی ئەم سیاسەتانەی رژێمی ئیسلامیی ئێران ئیدی بۆ هەموومان روون و ئاشکرایە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی ئەو پاوانخوازی و هێژمۆنی سەپێنییەی رژێمی ئیسلامیی نوقمی خوێن و ئاگرە. بەڵام هەروەک چارەنووسی زۆربەی دیکتاتۆڕەکان بووە و هەیە، دەستی تۆڵەی نەتەوەکانی ئێران راست لە کاتێکدا بینەقاقەی ئەم رژێمە دەگرێ، کە لە هەمیشە زیاتر هەست بە سەرکەوتن و خاترجەمیی دەکا و دەیخاتە زبڵدانی مێژووەوە. ئەوەی شکی تێدانیە، ئەوەیە کە باهۆزی گۆڕان وڵاتی ئێرانیش دەگرێتەوە. بەسرنجدان بەوەیکە نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران بە گشتی و نەتەوەی کورد بە تایبەتی، جارێکی دیکە تووشی ناهومێدی نەبن و بەرهەمی رەنج و خەباتی نەتەوایەتییان بەو شێوەیە بێت کە بۆخۆیان دەیانهەوێ، ئەرکی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر قورستر لە جاران دەبێ.
بەبڕوای ئێمە هەلومەرجی ئێستا ئەوەمان لێدەخوازێ کە هەموو ئەو هێزانەی بەکردەوە لە مەیدانی خەبات‌دا بۆ ئازادی و رزگاریی نەتەوەیی تێدەکۆشن و تێکۆشاون، هاوکاری و هاوئاهەنگی نێوانیان زیاتر پەرە پێبدەن و خۆیان بۆ هەرچەشنە ئاڵوگۆڕێک لە داهاتوودا، ئامادە بکەن و بەرنامەی ئێران و کوردستانی دوای رژێمی ئیسلامی ئێران، لە ئێستاوە داڕێژن.
ئەزموونی نەتەوە رزگاربووەکان ئەوەی سەلماندووە کە یەکیەتی ریزەکانی هێزە سیاسییەکان سەرکەوتن دەستەبەر دەکا و نەتەوەکەشمان رێکدەخا. کەواتە با بە هەموومان لە حەولی پێکهێنانی ئەو یەکێتیەدا بین .
جارێکی دیکە هیوای سەرکەوتن بۆ رێکخراوە خەباتکارەکەتان لە بواری رزگاریی نەتەوەیی و دابین کردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی‌دا دەخوازین.

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان- کۆمیتەی سوئێد
بۆ بینینی وێنەکان کرتە لێرە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 255 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact