. . . .


30 Jan 2017

یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە بریتانیا بەرز ڕاگیرا


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی بریتانیا بە هاوکاریی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەمەبەستی بەرز راگرتنی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری "شەفێڵد"ی ئەو وڵاتە رێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.
رێوڕەسمەکە سەرەتا بە سرودی نەتەوایەتی "ئەی رەقیب" لە لایان کۆری هونەری یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد . پاشان لە لایان کۆمیتەی ئامادەکاری یادی ٧١ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان راگەیاندرا و دواتر وتاری کومیتەی حیزبی دیموکرات لە بریتانیا لە لایەن هاوڕێ "مادح ئەحمەدی"، ئەندامی کومیتەی حیزب لە بریتانیا پێشکەش کرا.
کاک مادح ئەحمەدی لە وتەکانیدا بە ئاماژە بەوەی کە کۆماری کوردستان قوتابخانەیەکی مۆدێڕنی بیری نەتەوەیی‌یە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێستاش کۆماری کوردستان ئیلهامدەر و هاندەرێکی سەرەکی خەباتی خەڵکی کوردستانە بۆ پێداگری و گەیشتن بە مافە رەوکانیان.
هەروەها بە ئاماژە بە راپەڕینەکانی سەدەی نۆزدە و سەدەی بیست رایگەیاند: تا دوای جەنگی جیهانی دووەم راپەڕین و جووڵانەوە کوردییەکان زیاتر رەنگ و بۆنەیەکی ئاینیی و خێڵەکییان پێوە دیار بووە، بەڵام دوای دامەزرانی کۆمەڵەی "ژ.ک" و دواتر حیزبی دیموکراتی کوردستان و لە دایکبوونی کۆماری کوردستان بیری نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی کوردی پێ‌دەنێتە قۆناغیكێ نوێیەوە و سیمایەکی مۆدێڕن و پێشکەوتنخوازانە لە خۆ دەگرێت.
دوابەدوای پەیامی کومیتەی حیزب لە بریتانیا، پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن "کەیوان شێرزاد"، ئەندامی کومیتەی حیزب لەو وڵاتە پێشکەش کرا.
لە درێژەی رێورەسمەکەشدا، پەیامی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن "ئاکام رەسووڵی"یەوە پیشکەش کرا و هەروەها دواتریش "محەمەد ئەفەندی" بە شێعرێک و "هێمن تینا" بە "تک نوازی" تار رێوڕەسمەکەیان زیاتر رازاندەوە.
لە بەشێکی دیکەی رێورەسمەکەدا ئاماژە بە ناوی ئەو لایەن و رێکخراوە سیاسییانەی کرا کە پەیامیان بۆ رێوەڕەسمەکە ناردبوو و هەروەها پەیامی بزووتنەوەی "گۆڕان" لە لایەن کاک"کەیوان غالی" ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی بزوتنەوەی گۆران لە بریتانیا پێشکەش کرا.
ناوئاخنی بەرنامەکانی ئەم رێوڕەسمە پێکهاتبوو لە سردووی "دووی رێبەندان" کە لە لایەن گرووپی سروودی یەکیەتی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشکەش کرا و هەروەها چەند پارچە گۆرانی و مەقامێک کە لە لایەن هونەرمەندان "کۆژین جاف"، "بنار عەلی" و "خالید جەماڵی"یە پێشکەش کران.
دوا بڕگەی رێوڕەسمەکە تەرخان کرا بوو بۆ شایی و هەڵپەڕکێی کە تا کاتژمێر 9ی شەو بەردەوام بوو و بە گۆرانی و هونەری، هونەرمەندان "کۆژین جاف"، "بنار عەلی" و "خالید جەماڵی" رازێنرابووەوە.
شایانی باسە رێورەسمەکە لە لایان خوشکە بەفرین مەحموودی و کاک یونس موکری ئەندامی کومیتەی حیزب لە بریتانیا بەرێوە چوو . بەشی چاوەدێری و تەداروکاتی یادەکە لە لایان کۆمیتەی حدک لە ناوچەی شەفیلد بوو کە بە شیوەیەکی شیاو میواندارییان لە بەشدارانی کرد.
ئەم رێوڕەسمە کە بە بۆنەی 71مین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە رێکخرا بوو، کاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆی دوێنێ (2017/01/29) دەستی پێکرد و تا کاتژمێر 9ی شەو بەردەوام بوو.

کۆمیتەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان- بریتانیا
بۆ بینینی وینەکانی ئەو ڕێورەسمە کلیک لێرە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 8329 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact