. . . .


30 Jan 2017

بەبەشداری دەیان کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵێکی زۆر لە کوردانی دانیشتووی ??


ناوەندی هەواڵ- ئەمریکا: ڕۆژی ٢٨ی ژانویەی ٢٠١٧ ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ بەرزڕاگرتنی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی ئەمریکا لە دەڤەری واشنگتۆن بە بەشداریی گەرموگوڕ و بەرچاوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها نوێنەر و ئەندامانی ئەحزابی سەرەکی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەچوو.
سەرەتای ئاهەنگەکە بە خوێندنەوەی پارچە پەخشانی "کۆمارەکەم" لە لایەن خوشکە نەسرین کەریمی دەستی پێکرد و پاشان بە خێرهاتنی سەرجەم میوانانی کرد و سپاسی ئامادەبوونیانی کرد. سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب لە لایەن پێشمەرگە دێرینەکان و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەشداری ژن و پیاو پێشکەش کرا و لە کردەوەیەکی داهێنەرانەدا هاوکات ڕێز لە ئاڵای کوردستان گیرا و لە لایەن کاک شەریف حەسەن‌زادە و خوشکە ئارەزوو ئاڵای پیرۆزی کوردستان هەڵکرا. دواتر خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان لە لایەن ئامادەبووانەوە ڕەچاوکرا.
پاشان پەیامی دەفتەری سیاسی حیزب لە لایەن کاک پەیمان ڕەحیمی خوێندرایەوە. دواتر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەڕێز خاتوو منیرە قازی کچی پێشەوای نەمر و بووکی حەمە حوسێن خانی سەیفی قازی لەسەر ٢ی ڕێبەندان بڵاوکرایەوە. پاشان کاک کامڕان باڵنوور نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بابەتێک‌دا ئاماژەی بە دەوری "پشتی جەبهەی" کۆماری کوردستان کرد کە خەڵکی ئاسایی بە ژن و پیاو و بە گەنج و پیر لە ڕووی هەست و سۆزەوە و لە هەمان کات‌دا شعوور و ئاگاهی سیاسییەوە پاڵپشت و پشتیوانی کۆمار بوون. کاک کامڕان ئاواتی ئەوەی خواست کە بە شێوەیەکی ئاکادێمیک و زانستی ئاوڕ بدرێتەوە سەر لایەنە جۆربەجۆرکانی کۆمار.
پەیامی پیرۆزبایی نوێنەرایەرتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن نەسرین خانم کەریمی بەڕێوبەری بەرنامە پێشکەش کرا. پاشان بەڕێز کاک حیکمەت بامەڕنی بەرپرسی لقی ٧ی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئەمریکا و کانادا پەیامی خۆیانی پێشکەش کرد. بەڕێز کاک سامی ساڵەیی بەرپرسی کۆمیتەی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە واشنگتۆن پەیامی حیزبەکەی خوێندەوە. خوێندنەوەی برووسکەی کۆمیتەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی نیشتمانی بەشێکی تر بوو لە ئاهەنگەکە.
کاک جەلیل ئازادیخواز وەک نوێنەری کۆمەڵەی شوڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان لە وتارێک‌دا کۆماری کوردستانی وەک چەقی ناوەندی ئەندیشەی بزووتنەوەی دێموکراسیخواز و ڕزگاری‌ویستی کورد پێناسە کرد.
لە رۆژائاوی کوردستان بەڕێز خاتوو ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دێموکراتیک (PYD)، لە باکووری کوردستان بەڕێز کاک محەممەد یووکسەل هاوسەرۆکی پارتی دێموکراتیکی گەلان (HDP) و خاتوو شیلا محەممەدیان لە لایەن پارتی فێمێنیستی کوردستان پەیامی خۆیان پێشکەش کرد.
دوایین وتاربێژی بەرنامەکە بەڕێز کاک ناسر باباخانی کەسایەتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی بوو کە لە وتارێک‌دا لە ژێر سەردێڕی کۆماری کوردستان و ئەرکی ڕووناکبیریی وڵامی مێژوونووسە فارسەکانی دایەوە کە کۆماری کوردستان بە بەرهەمی بۆشایی دەسەڵات و دواجار "جبر ژئوپلیتیک" دادەنێن و ئیرادەی سیاسی خەڵک لە سەردەمی کۆمار، ڕێبەرایەتی کاریزمای پێشەوای نەمر وەک کارگێڕی سەرەکی و پێشینەی جووڵانەوەکانی بەر لە کۆمار پشت گوێ دەخەن.
پاش کۆتایی بەشی یەکەمی بەرنامەکە، سەرجەم میوانان و ئامادەبووان بانگهێشتی خواردنی شێو کران و دواتر بە دەنگی بە سۆزی هونەرمەند کاک عەلی زەندی و هاوکاری کاک ئەحمەد مەخمووری شایی و هەڵپەڕکێ و لۆغان بۆ یادی کۆمار بەڕێوەچوو. شایانی باسە کە لەم ڕێوڕەسمەدا بۆ بردنە سەری ئاستی زانیاری گشتی خەڵک بەتایبەتی چینی لاو، چەند پرسیارێک سەبارەت بە کۆماری کوردستان لە لایەن بەڕێوبەری بەرنامە ئاراستەی ئامادەبووان کرا و بەپێی تیروپشک سێ کەس وەک براوە دەسنیشان کران و خەڵاتیان پێ بەخشرا. لە دڕێژەدا هەر بۆ ڕێز گرتن لەو خانمانەی کە ئەرکی میواندارییان لەئەستو بوو، لەسەر ئەرک و پێشنیاری کاک خەبات ئیبراهیمپوور بەرپرسی کۆمیتە و کاک کامڕان باڵنوور نوێنەری حیزب، سپاسی خانمەکان کرا و سێ کەس بە تیروپشک خەڵات کران.
جێگەی ئاماژەیە لە پەراوێزی بەرنامەکەدا پێشانگای کتێبی کوردی و ئینگلیسی لە بوارە جۆربەجۆرەکان‌دا وەک مێژوو، ئەدەب، سیاسەت، بیرەوەری و... لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی بەدرخان بەڕێوەچوو.

کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
بۆ بینینی وێنەکانی ئەو ڕێوڕەسمە کلیک لێرە بکە.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 8282 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact