. . . .


22 Jan 2017

بە بەشداری سەدان کەس، ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی و?


ناوەندی هەواڵ- سوید: ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو، کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید بە هاوکاری یەکێتییەکانی ژنان و لاوان و کومەڵەی سویدی- کوردی، بۆ بەرز و بەڕێز ڕاگرتنی یادی ٢ی ڕێبەندان، ٧١هەمین ساڵەوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد، ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆیان بە بەشداری نوێنەرایەتی زۆربەی هەرە زۆری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و سویدییەکان، سەدان کەس لە ئەندامان، دۆست و لایانگرانی حیزب و کوردانی ئەمەگناسی دانیشتووی وڵاتی سوید، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە پێک هێنا.
سەرەتای ڕێورەسمەکە بە بەخێرهێنانی میوانان لە لایەن هەردووک بەڕیوەبەری بەرنامە، هاوڕێیان سۆزان فەتحی و مەریوان نستانی و بە سرودی دۆژمن شکێنی ئەی رەقیب لە لایەن کۆڕی یەکیەتی لاوان و پاراستنی یەک خۆلەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان دەستی پێکرد. بە دوای ئەو دا هاوڕێ جەعفەر رەسووڵی بەپرسی کومیتەی بەڕیوەبەری دەرەوەی وڵاتی یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەخشینی شاخە گوڵێک بەو لاوانە و بە خاتوو موژدە عەزیزی، پێزانینی خۆی و ڕێکخراوەکەی بەرامبەر بە هەوڵ و ماندوو بوونی ئەو لاوانە نیشان دا. پاشان وتەی دەستەی ئامادەکاری ڕێورەسمەکە، بە دوو زمانی کوردی و سویدی، لە لایەن بەڕێوەبەرانەوە خوێندرایەوە. بە دوای ئەو دا هاوڕێ سەعید بیگزادە ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان وتاری سیاسی حیزبی پێشکەش کرد.
هاوڕێ سەعید بیگزادە لە وتەکانی دا وێڕایی پیرۆزبایی ٧١ سالەی دامەزرانی کۆماری کودرستان لە سەرجەم گەلی کورد و ئامادە بووان، باسی لە هەڵویستی بوێرانەی ڕێبەری ئەو کاتی حیزب و لە سەرووی هەموویانەوە پێشەوای مەزنی گەلی کورد، پێشەوا قازی محەمەد کرد و وتی:
جارێکی دیکەش لە دوورە وڵات لە دەوری
یەکتر کۆبووینەوە کە یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان، یەکەم جمهوری کورد، یەکەم دەوڵەتی مۆدێڕنی کوردی پێکەوە بکەینەوە. وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە داخەوە دروست لە یەک مانگی ڕابردوودا هەتا ئێستا، هەم دوژمن هەم هێندیک کارەساتی تەبیعی زەبری زۆریان لێداین. دووژمن ٧ پێشمەگەی لێ شەهید کردین، ڕفیقێکی زۆر بە توانا و گەنج و لاومان بە ئێنێرژی و تواناییەکی زۆرەوە بە تەسادوفی ماشێن بە جێی هێشتن و یەکێک لە ئازیزان و سەروەرانمان، یەکێک لە سیمبوولەکانی خۆڕاگری و خەباتی ٦٠ ساڵە، کاک فەتاحی کاویانیش لەو ڕۆژانە دا بە جێی هێشتین. هەموو ئەو خەم و دەردانە لەگەڵ ئەوەی بۆمان قورسن، بۆمان گرانن، بەڵام راهاتووین وەک کورد، وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان، تاقەت بێنین لە بەرامبەر هەموو ئەو ڕووداوانەی بە سەرمان دێن. بۆیە لەگەڵ یاد کردنەوەی ئەو ئازیزانەماندا، بەڵێن دەدەین بە ئێوەش و هەموو خەڵکی کوردستان کە حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سەر پێیە. ئامادەیە و خەباتەکەی گەرم وگووڕتر لە جاران، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ سەرلەنوێ درووست کردنەوەی کۆماری کوردستان درێژە پێ دەدات.
٧١ ساڵ لەوەی پێش لە کوردستان لە بەشێکی کوردستان لە مەهاباد کۆماری کوردستان ڕاگەیەندرا. ئەو کۆمارە، راستە هەل و مەرجێکی تایبەتی سیاسی لەو سەردەم دا کۆمەکی کرد و یارمەتی کرد بۆ درووست بوونی، بەڵام لە خۆبووردوویی و هۆشێاری و زیرەکیی ڕێبەرانی ئەو کاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە قۆستنەوەی هەلومەرجەکە و بە بڕێارێکی بوێرانە دەوڵەتی کوردییان ڕاگەیاند. مەبەستم لە هێنانەوەی ئەو وشەیە ئەوەیە کە ٧١ ساڵ لەمەوبەر، حیزبی دیموکراتی کوردستان و ڕێبەرانی ئەوەیان دەزانی کە ئەگەر بۆخۆیان بە بڕیارێکی بوێرانە، ئامادە نەبن سەربەخۆیی و دەسەڵاتی خۆیان دامەزرێنن، بێگومان کەس لە جێگایەکی دیکەڕا نایە حکومەتیان بۆ دامەزرێنێ و پشتگیرییان بکات ودە سەڵاتیان بۆ دامەزرێنێ. کە بۆ خۆمان نەبین نابێ چاوەڕوان بین کە بێن حکومەتمان بۆ درووست بکەن. بۆیە لە هەلومەرجی ئەو کات دا کە لەگەڵ ئێستا زۆری جیاوازی هەبوو، ئەو بڕیارە بوێرانەیە درا. حکومەتی ئەو کاتی ئێران بە مەبەستی تێکشکاندنی حکومەتی کوردی، هێرشی کردە سەر ئەو حکومەتە و تێکی شکاند و ڕووخاندی، بەڵام ئەو تەنیا دژی دەسەڵاتی کوردی نەبوو بەڵکوو دژی فکری درووست کردنەوەی کۆماری کوردستانیش بوو. کاتێک کۆمار ڕووخا پێشەواکەی لە دار درا بۆ ئەوەی ئەو فکرە لە بەین بچێت، بەڵام ٧١ ساڵە ڕۆڵەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هەموو حکومەتەکانەوە، یەک بە دوای یەک کوشتاریان لێ دەکرێ، چونکە دژی ئەوەن تەفەکووری درووست کردنی دەولەت یان چووکترین ئازادی بۆ کورد هەبێ، بەڵام ئایا ئێمە خوێندنەوەمان بۆ ئەوە چۆن بووە؟ ٧١ ساڵ لەوەی پێش حکومەتمان درووست کردووە، ٧٠ ساڵە هەموو ٢ی ڕێبەندانێک یادی دەکەینەوە، بەڵام ئایا تەنیا یاد کردنەوەی کۆماری کوردستان کافییە، یان دەبێ مەسیری خەباتەکە بە جۆرێک بەرینە پێش کە لە جیاتی یاد کردنەوەی کۆماری کوردستان، کۆماری کوردستان درووست بکەینەوە. ئێمە لێرە دا بەو حەرەکەت و هەڵوێستانەی تا ئێستا بوومانە، وەکوو کۆی هێزە کوردییەکان بەداخەوە نەمانتوانیوە هەنگاوی بە هێز بۆ درووست کردنەوەی ئەو کۆمارە بە شێوەی پێویست وێكڕا هەڵێنینەوە.
لە سەردەمی دامەزرانی کوماری کوردستان تەنیا یەک فکر و حیزبی سیاسی ڕێبەریی بزووتنەوەی کوردی دەکرد و ئەو رەوتەش کۆماری کوردستانی دامەزراند، بەڵام بە تێپەڕ بوونی مێژوو، ڕەوت و حیزب و لایەنی سیاسی دیکە هاتنە ئاراوە کە هەر یەکە و پڕۆژەی سیاسی خۆی هەیە، هەر یەکە و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هەیە لەگەڵ حکومەتەکانی داگیرکەری کوردستان، هەر ئەوەش بووەتە هۆی پڕش وبڵاویمان و بە داخەوە تائیستا نەمانتوانیوە هەوڵ بۆ دامەزراندنەوەی کومار بدەین.
حیزبی دیموکراتی کوردستان لە رەوتی ژیانی سیاسی خۆی دا تەوازوع و لە خۆبووردەییەکی لە رادەبەدەری لە خۆ نیشان داوە بۆ پاراستنی یەکڕیزی کورد و لایەنە سیاسییەکان، هەرچەندە زۆر جاریش چ لە ناوخۆی حیزب و چ لە دەرەوەی حیزب تووشی ڕەخنە و گلەیی و گازندە بووینەوە سەبارەت بەو تەوازوع لە خۆنیشاندا، بەڵام ئێمە لە ڕێبەرایەتی حیزبی دیموکرات ئەو ڕەوتە درێژە پێ دەدەین، بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەکە. هەرکام لەو حیزب و ڕێکخراوانە خاوەن دەسەلات و توانایی خۆیان هەن و موحتاجی حیزبەکانی دیکە نین، هەر کەسە و لەسەر پێی خۆیەتی و کەس پێویستی بە کەس نیە، بەڵام بۆ ئەوەی هەدەفەکەمان بپێکین بێگومان پێویستیمان بە یەکە. سێ کۆمەڵە و دوو دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٥ پەنجەی دەستێکن هیچ کام لەو پەنجانەی ئەو دەستە، چ ئەوان و چ هێزەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تەنێ تاقەتی بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو حکومەتەیان نیە بەڵام ئەگەر هەموو وێكڕا بین، ئەو پەنجانە دەبنە مستێکی بەهێز، ئەتوانین دیفاع لە میللەتەکەمان بکەین، دەتوانین لە ئامانجەکانمان نزیک بینەوە. بۆیە لە هەمان کات دا پێمان وایە کە نزیکی و یەکگرتن و لانی کەم کۆبوونەوە لە دەوری پلاتفۆرمێک کە هەموو حیزبەکان لە دەوری یەک کۆکاتەوە بە زەروورەت ئەزانین و هەوڵی بۆ ئەدەین. بەڕێز بیگزادە لەو بڕوایە دا بوو کە هەر حیزب و لایەنێک خۆی لە هاودەنگی و کۆدەنگی و یەکبوون بپارێزێ، بە واتای حاڵی نەبوون و تێنەگەشتنییەتی لە دۆخی مەوجوود و خۆ بەزل زانییە کە زیان بە کۆی بزووتنەوەکەش دەگەیەنێ.
بیگزادە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا پەرژایە سەر دۆخی سیاسی ناوخۆی ئێران و گوتی: مردنی ڕەفسنجانی دەریخست کە لە ئێران ناڕەزایەتی و ئیعترازات زۆرە. لەگەڵ ئەوەی کە بۆ خۆی یەکێک لە دامەزرێنەرانی دەسەڵاتی مەزەبیی ئێران بوو، بەڵام بە جۆریک لە جۆرەکان لەگەڵ سیستەمی دەسەڵاتداری ئەسڵی لە کێشە دا بوو تا رادەیەک و لە سەر هێندێک بەرنامەی خۆی. بە مردنی خەڵکێکی زۆر هاتنە شەقامەکان. ئێمە لەو بڕوایە دا نین کە ئەو خەڵکە هەمووی بۆ ڕێزگرتن لە کارە باشەکانی ڕەفسنجانی ئەگەر کردبنی هاتبنە سەر شەقام، لانی کەم کارنامەی رەفسنجانی لە نیو کوردان دا زۆر ڕەشە، بەڵام ئەوە نەوعێک ئێعتراز بوو کە ئەو بۆنەیە بیانوویەک بوو بۆ خەڵک کە بێنە مەیدان. کەوا بوو زەمینە بۆ تێکۆشان و فەعالییەتی بەرچاوتر لە ئێران زۆرە.
ڕەفسنجانی لە ناوخۆی ئێران و لە نێو ئۆپۆزێسیۆنی ئێران چۆنی چاو لێ بکەن کەیفی خۆیانە، بەڵام لای ئێمە وەک قاتڵی ڕێبەرانمان حسابی بۆ دەکەین. بۆ ئێمەی کورد قاتڵی دەیان ڕۆڵەی خەباتکار و شۆڕشگێری ئەو میللەتەیە.
سەبارەت بە ئاڵوگۆڕە ناوخۆییەکانی حیزب و گۆڕانکاری لە پۆستی سکرتێری گشتی دا بەڕیزیان ئاوڕیدایەوە سەر دەست لە کارکێشانەوەی هاوڕێ خالید عەزیزی لە پۆستی سکرتێری و دەستنیشان کردنی هاوڕێ مستەفا مەولوودی وەک سکرتێری گشتی حیزب لە لایەن کومیتەی ناوەندییەوە و وتی: زۆر لە دۆستانمان چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە بە نیگەرانییەوە ئەڕواننە ئەو ئاڵوگۆڕانە و نیگەرانن بۆ داهاتووی حیزب و بۆیان پرسیارە کە چۆن حیزب خۆی لە سەر پێدەگرێ. هاوکات دوژمنەکانیشمان خەریکی پیلانگێڕین بە دژمان و دەیانەوێ بە چۆکماندا بێنن، بەڵام من لێرەوە دوستانی حیزبەکەمان دڵنیا و دوژمنانیشمان ئەرخەیان ئەکەمەوە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان زۆر لەوە گەورەتر و قایمترە ئەو نەوعە ئاڵوگۆڕ و ئەو پیلانانە بە چۆکی دا بێنێ. حیزبی دیموکراتی کوردستان هەموو کات بە شێوەی کۆ و گرووپی بەڕێوە چووە، هەر بۆیە حیزبەکەمان لە سەر سیاسەت و بەرنامە و کارەکانی پێشووی بەردەوام دەبێ و دڵنیام لە داهاتوو دا زیاتر بەرەوەپێش دەچێ. ئەوەی کە لە داهاتووی کاری خۆماندا گرینگیی پێ دەدەین، کۆکردنەوەی هەموو هێزە سیاسییەکان و پاراستنی دۆستایەتی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە و هەوڵ دەدەین بۆ پێک هێنانی بەرەیەکی بەهێز دژ بە دوژمنی سەرەکیمان کۆماری ئیسلامی ئێران.
بە دوای ئەو دا نۆبە گەیشتە پەیامی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و سویدییەکان کە چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی لە ڕێگە نوێنەرەکانیانەوە پەیامەکانی خۆیان لەو ڕێورەسمە دا پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە:
1.نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید کە لە لایان خاتوون کوێستان بابایی،یەوە خوێندرایەوە
2. پارتی دێموکراتی کوردستان
3. بزووتنەوەی گۆڕان
4. پارتی ئازادی کوردستان
5. پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
6. پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەلاتی کوردستان
حیزبە سوێدیەکان:
1- پەیامی سۆسیال دێموکراتەکان لە لایەن پەرلەمانتار لە سەر لیستی سۆسیال دێموکراتەکان: سەرکان کۆسێ
2- پارتی چەپی سوێد، زەکەریا زوهێر
3- پارتی لیبرالەکان فرێدریک مالم پەرلەمانتار

ئەو حیزب و ڕێکخراوانەش بە ناردنی برووسکە پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مەزنەیان کردبوو

1. یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
2. فێدراسیۆنی کۆمەڵە کورد و کوردستانیەکان لە سوێد
3. کۆمیتەی کەمپەینی یەک بوون
4. رێکخراوی خەباتی شۆڕشگێری کوردستان کۆمیتەی سوێد
5. کۆمەلەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆمیتەی دەرەوری ولات
6. پارتی سەربەخۆیی کوردستان
7. نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لەدەرەوەی وڵات
8. حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بازنەی سوێد
9. کۆمیتەی سوێدی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

بەشی دووهەمی پڕۆگرامی ڕێورەسمی ٢ی ڕێبەندان، ٧١هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، تەرخان کرا بۆ بەشێ هونەری و موزیک کە لەو بەشەش دا هونەرمەندانی دەنگی خۆشی گەلەکەمان، کیژۆلەی لاو و دەنگخۆشی دیموکرات خاتوو باوان کەریمی، کاک نەجمە غوڵامی و هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان مامۆستا ناسر ڕەزازی، بە پێشکەش کردنی چەندین سروودی شۆڕشگێڕانە و دەیان گۆرانی خۆش و ڕەسەنی کوردی کۆڕیادەکەیان زیاتر ڕازاندەوە و شەوق و زەوقێکی یەکجار زۆریان دا بە شەو ئاهەنگەکەمان. ئەو ڕێوڕەسمە پڕ شکۆیە، لە ناو کۆڕی شادی و هەڵپەڕکێی بەشداران دا تا کاتژمێر ١ی نیوەشەو بە کاتی سوید درێژەی کێشا.
پێویست بە ئاماژەیە کە ڕێوڕەسمەکە لە لایەن بەشی ڕاگەیاندنی کومیتەی سویدەوە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک فیلم و وێنەی لێ هەڵگیراوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی سوید
وێنەکانی ئەو ڕێوڕەسمە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 494 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact