. . . .


16 Jan 2017

کۆبوونەوەی چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی، بە دەستپێشخەری کومیتە


ناوەندی هەواڵ-نۆروێژ: لەسەر داوای کومیتە ناوچەی "رۆگلاند"ی حیزبی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی هێزە سیاسییە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە بەڕێوە چوو. لەسەر داوا و پێشنیاری کومیتە حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵات کوردستان لە ناوچەی "رۆگڵاند"ی وڵاتی نۆڕوێژ، رۆژی یەکشەممە ١٥ی ژانویەی ٢٠١٧ی زایینی، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی پارێزگای "رۆگلاند"ی وڵاتی نۆروێژ بەرێوە چوو، کە تێیدا یەکێتی نیشتمانیی کورد لە سوریا، حیزبی ئەلوەحدە، پارتی ئازادیی کورد –باکوور و کۆمەڵەی کوردیی "رۆژ" لە شاری ستاڤانگێر بەشدار بوون. بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز لە شاری ستاڤانگێری وڵاتی نۆڕوێژ بوو و لەم کۆبوونەوەیەدا کومیتە ناوچەی رۆگلاندی حدک و یەکێتی لاوان داوایان لە هەموو لایەنە کوردییەکانی ناوچەکە کرد کە بە یەکەوە رێوڕەسمی جێژنی نەورۆز بەڕێوەبەرن و نەورۆز بکرێتە هێمایەکی یەکگرتوویی کورد و حیزبەکانی چوار پارچەی کوردستان. لایەنەکانی باشووری کوردستان کە نەیانتوانیبوو بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بن، بە ناردنی پەیامێک بۆ کۆبوونەوەکە، ئامادەگیی خۆیان بۆ هاوکاری و بەشداری لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی جێژنی نەورۆزدا دەربڕیبوو. لە کۆبوونەوەکە دا سەرجەم لایەنەکان سەرەرای جیاوازی بیروبۆچوونیان، لەسەر ئەم تەوەرە کۆک و یەکدەنگ بوون و هیوایان خواست کە ئەم هەنگاوە ببێتە هەوێنی زیاتر کارکردنی لایەنە سیاسیەکانی کورد لە ناوچەکەدا. کۆبوونەوەکە بە تێکرای دەنگ بریاریان دا کە کۆمیتەیەک پێک بهێندرێت بە ناوی کۆمیتەی جێژنی نەورۆز بە بەشداری هەموو لایەنەکان هەتا کاروبارەکانی ئەم جێژنە بەڕێوە بەرن و هەروەها بڕیار درا کە ئەم کۆمیتە هاوبەشە، لە گەنجەکانی لایەنەکان پێک بهێنرێت تاوەکوو کارەکان زیاتر بەرەوپێش بچن و ئەرکەکان بخرێتە سەرشانی گەنجان کە ئەمەش داواکاریی کومیتەی رۆگلاندی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. شایانی باسە لەم کۆبوونەوەدا هەیئەتێک لە کومیتە ناوچەی رۆگلاندی حدک بە سەرپەرستیی هاوڕێ "زانیار کەریمی" و هەروەها بەرپرسی یەکێتی لاوان لەو سنوورە, بەڕێز "هومەن سەعدییە" بەشدار کۆبوونەوەکە بوون.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- نۆروێژ
kobunaway-hizbakan2017-1.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 533 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact