. . . .


25 Dec 2016

لە واشنگتۆن،ی پایتەختی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕێز لە شەهیدا?


ناوەندی هەواڵ: ڕۆژی ۲٤ دیسامبری ساڵی ۲٠۱٦ لە ساڵۆنی سەنتەری شەنتیلی لە دەڤەری واشینگتۆن کۆڕێکی پرسە و ماتەمین بۆ بەرز ڕاگرتنی ناو و یادی شەهیدانی یەڵدای حیزبەکەمان لە لایەن کومیتەی حیزب لە واشینگتۆن پێکهات . ئەم کۆڕە بە بەشداری بەرچاوی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە بریتی بوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و چەندین کەسایەتی ناسرو. بەڕێوەچوو.
سەرەتا کۆڕەکە بە خوێندنەوەی سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و یەک خولەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەڵدای خوێناوی و گشت شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان خوشکە نەسرین کەریمی وەک بەڕێوەبەری بەرنامە بە خوێندنەوەی کورتە شیعرێک وەک دەسپێک بەرنامەکەی کردەوە.
کاک مراد ئەحمەدی بە هەلکردنی چەند مۆم یادی شەهیدانی سوورخەڵاتی قەڵای دێموکراتی کردەوە و پاشان پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن کاک جەماڵ مەحموودزادە خوێندرایەوە.
کاک کامڕان باڵنوور بابەتێکی لە سەر دیاردەی تیرۆریزم و دەوری کۆماری ئیسلامی وەک نوێنەری تیرۆریزمی دەوڵەتی و کردەوەکانی دەرحەق بە بزووتنەوەی ڕۆژهەلاتی کوردستان پێشکەش کرد. کاک کامڕان باسی پێویستیی بەرەیەکی یەکگرتووی بۆ هێزەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان کرد و بەیەک بەستنەوەی خەباتی شار و شاخی بە پێویست زانی بۆ بەرەنگار بوونەوەی هەرچی زیاتر بە دژی ڕژیمی دژی گەلی کۆماری پەت و سێدارە.
پاشان برووسکەی پارتی دێموکراتی کوردستان، پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان کومیتەی ئامریکا و پارتی فێمێنیستی کوردستان خوێندرانەوە. هەروەها وتاری کومیتەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لایەن بەڕێز کاک عەبدوڕەحمان حەسەن بەرپرسی کومیتە خوێندرایەوە. بەرێزیان باسی پیلانی دوژمنانی گەلی کوردی کرد کە چۆن هاوکاری یەک دەکەن بۆ دژایەتی بزووتنەوەی بە حەقی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
کاک سەلاح بایزیدی نوێنەری کۆمەلەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران لە ئامریکا پەیامی کومیتەی کۆمەلە لە ئامریکای پێشکەش کرد. کاک سەلاح کۆماری ئیسلامی بە ئەنجام‌دانی کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەڵدا تاوانبار کرد و باسی تێرۆریزمی ئەو ڕژیمەی کرد کە تەواوی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە و بۆتە هۆکاری سەرەکی ئاژاوە و کوشت و کوشتار. هەروەها باسی تەقاندنەوەی ناوەندی جوولەکەکانی لە ئارژانتین کرد کە کۆماری ئیسلامی دەستی تێرۆری تاکوو باشووری ئەمریکاش رۆیشتوە. بەرێزیان هیوای خواست کە هێزەکانی ڕۆژهەلات هەرچی زوتر بەرەیەک دابمەزرێنن بۆ هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر.
کاک ناسر باباخانی نوسەرو ڕۆژنامە نووس بابەتێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد کە تێی‌دا ئاماژەی بە مێژووی لەمێژینەی پەیوەندییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات کرد و هیوای ئەوەی خواست دەسەڵاتی سیاسی ئەمە دۆسییەیە بگەیەنێتە ئەنجام.
دوای چەند خولەک پشوو لە بەشی دووەمی بەرنامەدا کاک سەلاح پیرۆتی هاوسەنگەری شەهید عەلی قۆیتاسی باسی چۆنیەتی ئاشنا بونی خۆی و کاک عەلی کرد کە چۆن بە ئازایەتی و لە خۆبردوویی پلەکانی تەشکیلاتی یەک بە دوای یەک بڕیون. بڕگەیەکی دیکە بەرنامەکەمان بە خوێندنەوەی شێعرێکی شۆڕشگێڕانە لە لایەن کاک پەیمان ڕەحیمی درێژەی کێشا.
دوایین وتار لە لایەن خوشکە دڵنیا دادکوش لەسەر یەکگرتنی هێزە کوردییەکان پێشکەش کرا. خاتوو دڵنیا باسی پرش و بڵاوی هێزە کوردییەکانی کرد کە چۆن دوژمنی دژی گەلی ئەو هەلەی قۆستۆتەوە و دەستی کردووە بە لەبەین بردنمان. دوایین بڕگەی بەرنامەکەمان شێعری دایە گیانی مامۆستا شەریف بوو کە لە لایەن کاک جەعفەر فەقێ نەبی خوێندرایەوە.شایانی باسە کە کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە واشینگتۆن بە هەیئەتێکی بالا لە کۆرەکەمان بەشدار بوون.
وێنەکانی ئەو کۆڕیادە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 491 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact