. . . .


18 Dec 2016

بەرێوەچوونی جێژنی ٢٦ ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ ـ ١٢ ـ ٢٠١٦ کۆمیتەی لینشۆپینگی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد بە بۆنەی ٢٦ ی سەرماوەز ڕۆژی پێسمەرگەی کوردستان بە بەشداری ئەندامانی حیزب و بەشێک لە کوردانی دڵسۆزی شاری لینشۆپینگ و نوێنەری چەند حیزب و ڕێکخراوی سیاسی کوردستانی جێژنێکی چەندین کاتژمێریان بەرێوە برد. سەرەتا لە لایەن خاتوو کوێستان بابایی وەک بەرێوەبەری بەرنامە بەخێرهاتنی بەشداران و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی‌یەکان کرا و بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە هەموو بەشداران و هەروەها خەڵکی کوردستان و بە تایبەت پێشمەرگەکانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد و دواتر بە سروودی نەتەوەایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و بە تایبەت پێشمەرگەکانی نێو سەنگەر و بەرەکانی شەر جێژنەکە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. دوای ئەم بەسي سوپاسی نوێنەری حیزب و ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی بەشداری کرد و دواتر داوای لە بەرێز کاک کەماڵ حەسەن‌پوور ئەندامی هەڵسوور و چالاکی حیزب لە سوئێد کرد کە بێت و باسێک لە سەر پێشمەرگە و ڕۆژی ٢٦ ی سەرماوەز پێشکەش بکات. سەرەتا کاک کەماڵ وێرای پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگە ئاوڕێکی لە ژیان و خەباتی پێشمەرگە دایەوە و دواتر گووتی: کۆماری کوردستان سەرچاوە و دەستپێکی گەلێک شتی باش بوو کە لە پەیوەندی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کورد ئێستاش واتە پتر لە ٧٠ ساڵ دوای رووخانی و هەتا هەتایە بۆ ئیلهام لێوەرگرتن دەبن. دوو لەو شتانە کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆمار پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانن. دوای پتر لە ٧٠ ساڵ تێپەڕ بوون بەسەر ناودێر کردنی هێزی چەکداری کۆمار وەک پێشمەرگە، ئێستا کاتێک ئەو وشەیە دەبیستین هەست بە شانازی دەکەین، ئەوەی کە جێگای دڵخۆشییە ئەوەیە کە ئێستا وشەی پێشمەرگە بۆتە وشەیەکی ناونەتەوەیی و لە هەر جێیەکی ئەوە جیهانە بۆ ناساندنی کورد تەنیا پێویستە ناوی پێشمەرگە بێنی. لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران رێژیمی سێدارە هەوڵی دا کەڵکی خراپ لە ناوی پێشمەرگە وەرگرێ. بێگومان ئەوان لە خۆشەویستی پێشمەرگە لە لای گەلی کورد ئاگادار بوون بۆیە ناوی ‌هێزی بەکرێگیراوی خۆجێیان نا "پێشمرگ مسلمان"، بەڵام هەوڵی رێژیم بێ سوود بوو چونکە ئەو چەکدارانە هەمیشە لەلای خەڵک بە جاش ناو دەبران و خەڵک ئەوانی وەک جاش دەناسی نەک وەک پێشمەرگە. ئاخر پێشمەرگەی هەندێک تایبەتمەندیی هەن کە جاشەکان (جا لەهەر کام لە پارچەکانی کوردستان بن)، خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانە نین. یەکێک لەو تایبەتمەندییانە ئەوەیە کە پێشمەرگە بەرگری لە نێشتمان دەکا لە حاڵێک دا کە جاش بەکرێگیراوە بۆ خەیانەت بە نیشتمانەکەی. دووهەم تایبەتمەندیی ئەوەیە کە پێشمەرگە بۆ ئازادی نێشتمان وهاونیشتمانیان خەبات دەکا. سێهەم ئەوەیە کە پێشمەرگە ئازاو نەترسە و لە کاتی پێویستدا لە بەخت کردنی گیانی لە پێناو نیشتمان دا ناسڵەمێتەوە. تایبەتمەندییەکی تر ئەوەیە کە پێشمەرگە خۆنەویستە، واتە فەرد گەرا نیە، و خەبات و تێکۆشانی بۆ نیشتمانە. پێنجەمین تایبەتمەندیی پێشمەرگە ئەوەیە کە ئەو خۆی لە خۆشەویستی ماڵی دونیا رزگار کردووە. جێگە و پێگەی پێشمەرگە لەناو دڵی تاکی کورد بە لەخۆبوردوویی و گیانفیدایی ئەو لە ماوەی پتر لە ٧٠ ساڵ خەبات دەستەبەر کراوە. ئێستاش دونیا پێشمەرگە وەک نموونەی ئازایەتیی و تێکشکێنەری لەشکری رەشی تێرۆریزمی ئیسلامیی دەناسێ. لە رۆژێکی وەک ئەوڕۆ دا و لەو کاتەی کە یادی رۆژی پێشمەرگە و ئاڵا داکەینەوە، باس کردن لە چەند مەسەلەیەک بە تایبەتیی لە پەیوەندی لەگەڵ خۆرهەڵاتی کوردستان پێویستن. یەک لەو بابەتانە ئەوەیە کە گەلی کورد دەبێ لەو راستییە تێ بگا کە ئەوە تەنیا ئەرکی پێشمەرگە و تەنانەت ئەندام و لایەنگرای حیزبە سیاسییەکان نیە کە بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و رزگاریی نیشتمان خەبات بکەن، بەڵکو ئەوە ئەرکی هەموو تاکی کوردە، بە پیر و لاو، بە ژن و پیاو کە دەبێ بۆ ‌هێنانەدی ئازادی و رزگاری نێشتمان خەبات بکا. دووهەم شت ئەوەیە کە ئەگەرچی پێشمەرگە ئامادەیە کە لە رێگای ئازادی نێشتمان دا گیانی فیدا بکا بەڵام گیانفیدایی خۆی لە خۆی دا ئامانج نیە. هەرکام لە پێشمەرگەکانی نێشتمان بوونیان و مانەوەیان بۆ نیشتمان بە سوودترە. سێهەم بابەت ئەوەیە کە تا ئازادی نێشتمان و پێکهینانی لەشکەری نیشتمانی، وشەی پێشمەرگە بۆ هەموو ئەو کەسانە بەکار بێنین کە تایبەتمەندییەکانی پێشمەرگەیان هەیە کە لە پێشدا ئاماژەم پێکردن، واتە خەبات بۆ ئازادی، بەرگری لە نێستمان، خۆنەویستیی، خزمەت بە گەل و نیشتمان بە بێ لەبەر چاو گرتنی بەرژەوەندیی تاکەکەسیی. بەشێک لەو رۆڵانەی نەتەوەکەمان کە خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانەن زیندانییە سیاسییەکانمانن کە هەر ئێستا لە چاڵەرەشەکانی کۆماری ئیسلامی دا بەند کراون. بەشی دووهەم ئەندامانی رێکخستنە نەهێنییەکانی حیزبەکانن کە لە ژێر دیکتاتۆریی سەرەڕۆی ئاخوندی دا لە ناوخۆی وڵات دا خەبات دەکەن. بەشی سێهەم ئەو مەرۆڤانەن کە بە بێ لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیی تاکە کەسی خەریکی فێر کردنی پیر و لاوی نەتەوەکەمانن کە نیشتمانەکەین، زمانەکەیان، جل و بەرگەکەین و ژینگەکەیان خۆش بوێ و بۆ پاراستنیان هەوڵ بدەن. ئەوە هەروەها هەموو ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە بە خەباتی دیپلۆماتیک، مەدەنی، میدیای و خەبات بۆ یەکسانیی رەگەزیی بۆ بەرەوپێش چوونی رەوڕەوەی خەباتی رزگرایخوازیی گەلەکەمان هەوڵ دەدەن و خۆیان ماندوو دەکەن. هەموو ئەو کەسانە پێشمەرگەی نێشتمانن و دەبێ شانازی بە خۆیانەوە بکەن. دوای ئەم بەشە لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامەوە سوپاسی بەشداری هێز و لایەنە سیاسی‌یەکانی کوردستانیان کرد کە بە دەنگ کۆمیتەی حیزبە هاتوون. حیزبی شیوعی کوردستان یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان پارتی دێموکراتی کوردستان یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان یەکیەتیی کوردان لە لینشۆپینگ دواتر بەرنامەی هونەری لە لایەن دوو هونەرمەندی لاو و دەنگخۆش شۆڕش بۆکانی و فەرهاد ئالانی و موزیک ژەنانی بە توانا کاروان حەکیم‌زادە و حامید تا درەنگانێک لە شەو بەرێوە چوو.
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان- سوئێد
بۆ بینینی وێنەکانی ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز لە لینشۆپینگ کلیک لێرە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 662 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact