. . . .


19 Sep 2016

بەشداری نوێنەری ح د ک لە ڕۆژی دووهەمی کۆنفڕانسی لێبرال دیموکراتی بر?


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: ڕۆژی دووهەمی کۆنفڕانسی پارتی لیبرال دیموکراتی بریتانیا، بە بەشداری کۆمەڵێکی زۆر لە نوێنەرایەتی و باڵویزی وڵاتان و حیزبە سیاسییە بانگهێشت کراوەکان، لە شاری برایتۆن دەستی بە کارەکانی کرد.
تەوەری سەرەکی باس و خواسەکانی دانیشتنی ڕۆژی دووهەمی ئەو کۆنفڕانسە، تەرخان کرابوو بۆ باس لە سەر بارودۆخی نێوخۆیی بریتانیا و پێداچوونەوە و ئاوڕ دانەوە لە هەڵەی حیزبەکانی ئەو وڵاتە، بە تایبەت دوو حیزبی سەرەکی کە ماوەی چەندین دەورە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیان بەدەستەوە بووە. بەشێکی زۆری ئەو باسانە تەرخان کرا بۆ باس سەبارەت بە پرسی هاتنە دەرەوەی بریتانیا لە بازاڕی هاوبەشویەکێتی ئوروپا. پرسی پەنابەران و کێشە و گرفتی شەپۆلی بەربڵاو پەنابەران بۆ ئوروپا و بۆ بریتانیا، تەوەرێکی سەرەکی باسەکانی ڕۆژی دووهەمی ئەو کۆنفڕانسە بوو.
نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان، هاوڕێ مەولوود سوارە ئەندامی ڕێبەری حیزب، دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ هەر یەکە لە خاتوو کەیلا ماری سکرتێری ژنان لە لیبرال دیموکرات و خاتوو ئیمی جۆردن بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی لیبرال دیموکرات لە وێلس پێک هێنا. لەو دیدارە دا هاوڕێ مەولوود سوارە، بۆ ناساندنی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان و چۆنیەتی دامەزراندنی پردی پەیوەندی نێوان ئەو ڕێکخراوانە، باسێکی کورتی پێشکەش کرد و هەیئەتی خانەخوێ بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لەو پێشنیارە کرد.
هەرچەندە وا چاوەڕوان دەکرا کە لە پانێلی دووهەمی ئەو کۆنفڕانسە دا باسێکی تێروتەسەل سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەو گرفتەکانی ئەو ناوچە نائارامەی جیهان بێتە ئاراوە، بەڵام پرسە ناوخۆییەکانی بریتانیا لە ئەولەوەییەتی کاری کۆنفڕانسەکە دا بوون.
لە بەرنامەی کاری پاشنیوەڕۆی ئەو کۆنفڕانسەش دا نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان هەوڵی دا کەڵک لە هەموو دەرفەتێک وەرگرێ بۆ پەیوەندی زیاتر بە بەشدارانی کۆنفڕانسەکەوە، بۆ ناساندنی هەرچی زیاتر دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بە پارتی لیبڕال و بەشدارانی کۆنفڕانسەکە. هەر لەو پەیوەندییە دا هاوڕی مەولوود سوارە توانی لەگەڵ بەڕێزان خاتوو کارۆلین، خاتوو کارۆلاین پیدگیۆن کاندیدی پێشووی لیبرال دێموکرات بۆ شهرداری لەندن و ئەندامی شورای لەندەن، بەرێز جۆسێپ تایلۆر سکرتێری دووهەمی بەشی سیاسی لەسەفارەتی ئەمریکا لە لەندەن و بەرێز ئۆسکان دومان کونسولی ترکیە لە لەندەن دیدار پێک بێنێ. جێگەی ئاماژەیە کە لەو دیدارانە دا سیاسەت و ستراتیژی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حزووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تەنانەت تێکهەڵچوونە چەکدارییەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی ڕژیمی ئیسلامی بەوردی شیکرایەوە. هەروەها چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ بەرپرسی ڕێکخراوی لاوانی لیبڕال دیموکرات ساز کرا و وێڕای باس لە سەر ڕێکخراوی یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوای پەیوندی نێوان ئەو دوو ڕێکخراوەیە کرا، کە لاوانی لیبڕال بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە ئەو داواکارییەیان قبووڵ کرد.
نوێنەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان- بریتانیا


دەسکەوتی ئێمە لەو کۆبونەوە ناسینی هەیئەت و دیپلۆماتەکانی بەشدار بوو لەو کۆبوونەوە چاو پێکەوتن بە بەشێک لەبەشداربووان، بۆ باس لەسەر حیزب و رۆژهەلاتی کوردستان و هەروەها دوایین چالاکیەکانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەنێوخۆی وڵات
دیدار لەگەل بەشی یەکیەتی لاوانی لیبەرال دێموکرات و باسێك لەسەر یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و داوای پیوەندی و دیدار کرا، کەزۆر بەخۆشحالیەوە ئەو داوایەیان قەبول کرد.

نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بریتانیا
بۆ بینینی وێنەکان کرتە لێرە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 8038 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact