. . . .


13 Sep 2016

دیداری نێوان هەیئەتێکی ح د ک و نوێنەری پارتی سوسیالیستی چەپی نۆروێژی


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: لە سەر بانگهێشتی فەرمی پارتی سوسیالیستی چەپی نۆروێژ، هەیئەتێکی کومیتەی نۆروێژی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە پارلەمانی ئەو ولاتە لەگەڵ نوێنەری ئەو حیزبە کۆبوونەوە.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٣ی سێپتامبری ٢٠١٦ی زایینی هەیئەتێکی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ولاتی نۆروێژ و یەکێتی ژیانی دیموکرات لەو ولاتە، پێکهاتوو لە هاوڕێیان ناسر قادرپوور بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزب و خاتوو نەمام زرین فام ئەندامی دەستەی بەڕێوەری یەکێتی ژنان، سەردانی پارلەمانی ئەو ولاتەیان کرد و لەلایەن بەڕێز " هەیکی هەلمۆس" ئەندامی پارلەمانی نۆروێژ لە سەر حیزبی سوسیالیستی چەپ،ەوە بە گەرمی پێشوازیان لێکرا. لەو دانیشتنە دا چەندین تەوەری جیاواز کەوتنە بەر باس و ڕاوێژ و کە سەرەکی ترین باسی دۆزی ڕەوای کورد بە گشتی و ئەو بارودۆخە نالەبارە بوو کە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی پیدا تێپەڕ دەبێ. باسێکی تایبەتی بە بارودۆخی خۆرئاوای کوردستان و هێرشەکانی حکومەتی فاشیستی تورکیە بۆ سەر ئەو بەشە ئازادکراوەی کوردستان لە نێوان هەردووک لا دا هاتە ئاراوە، لەو پەیوەندی دا هەیئەتی حیزبی داوای لە بەڕیز هەلمۆس کرد کە لە ئاست دەستدرێژییەکانی حکومەتی تورک دا بۆ سەر ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە باکوور و خۆرئاوای کوردستان بێدەنگ نەبن.
لە تەوەرێکی دیکە ئەو دانیشتنە دا باس لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گوشارەکانی ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران بۆ سەر گەلەکەمان کرا. هاوکات باسێکی تێروتەسەل سەبارەت بە گیران، ئەشکەنجە و ئێعدامی جیابیران لە ئێران دا کرا. لە بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنە دا باس لە پشتگیری حیزبە نۆروێژییەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان کرا و هەیئەتی حیزبی داوایان کرد کە حیزبی سوسیالیستی چەپ، وەک چۆن هەموو کات پشتگیر و پشتیوانی دۆزی ڕەوای کورد بووە، هەروا پێشقەدەم بێت بۆ هەر هەوڵێک کە بە ئاڕاستەی ڕزگاری نەتەوەیی کورد دا دەدرێ. باسی پەنابەران و چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ کەیسی ئەو کەسانەی کە بە هۆی شۆڕش و خەبات دژ بە ڕژیمی ئێران پەڕیوەی هەندەران بوون و لە وڵاتی نۆروێژ گیرساونەتەوە بەشێکی دیکە ئەو دیدارەی پێکهێنا.
لە کۆتایی ئەو دیدارە دا جگە لە پێداگری بۆ پتەوتر کردنی پەیوەندییەکان و هاوکاری نێوان هەردووک حیزب، هەیئەتی حیزبی سپاسی حیزبی سوسیالیستی چەپ،یان کرد کە بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو پشتگیر و پشتیوانی کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی بووە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- نۆروێژ
hdk-sosialist.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 452 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact