. . . .


3 Jul 2016

بەشداری هەیئەتێکی کومیتەی سویس،ی ح د ک، لە سمینارێکی بەڕێز سەعدی ئەح?


ناوەندی هەواڵ- سویس: ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣ی جولای ٢٠١٦ی زایینی، لە سەر بانگهێشتی کەرتی ڕێکخستنی زوریخی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەیئەتێکی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەشداری کرد لە سمینارێک دا کە بۆ بەڕیز سەعدی ئەحمەدپیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نێشتمانی کوردستان ڕێکخرابوو. لەو سمینارە دا کە نوێنەری زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی ئەو شارە تێیدا ئامادە بوون، بەڕێز سەعدی ئەحمەد پیرە باسێکی بەربڵاوی سەبارەت بە کێشەکانی ناوچەکە، کوردستان بە گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەتی پێشکەش کرد. بەڕیز سەعدی پیرە سیاسەت و بۆچوونەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لە سەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی کە لە ئیستا بەرەوڕووی باشووری کوردستان بووەتەوە خستە ڕوو و باسی لەوە کرد کە ئاستەمە بۆ جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و حکومەتی ناوەندی عێراق ئاسایی بێتەوە، چونکا گەلی کورد لە باشووری کوردستان، هیچ بڕوایەکیان بە دەسەڵاتدارانی عێراق نەماوە.
بەڕێز سەعدی ئەحمەد پیرە بەشێکی قسەکانی بۆ باس لە سەر دۆزی رەوای کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان تەرخان کرد و سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گوتی: ئێمە هەم وەک حیزبە سیاسییەکان و هەم وەک خەڵکی باشووری کوردستان سپاسی هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوو دا و بۆ پاراستنی ئەزموونی باشووری کوردستان خۆیان لە شەڕی چەکداری پاراستووە و ئامادە نەبوون هیچ بیانوویەک بدەن بە دەست ئێرانەوە. ئێمە لە کەس قبووڵ ناکەین کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە کەمپ نشێن ناو بێنێ، چونکا ئەوە باش دەزانین کە ئەو حیزبانە هەر کاتێک بیانەوێ ئەتوانن حکومەتی ئێران بە چۆک دا بێنن، بەڵام لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێمە لە باشوور وازیان لە شەڕی چەکداری هێناوە. ناوبراو ستایشی سیاسەتەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی کرد و پێی وابوو کە تەنیا ڕێگە چارە لە ئێستا دا بۆ کێشەی کورد، دانووستان و وتووێژە، هەر بۆیە ئێمە سیاسەتەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سیاسەتێکی مەعقوول دەزانین. لە پەیوەندی لەگەڵ ئاڵووگۆڕەکانی ئەم دواییانەی ناوچە سنوورییەکان و هەڕەشەی هێندێک وڵاتی دراوسێ، بەڕیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گوتی: ئیتر زەمانی هەڕەشە و گورەشە بەسەر چووە. کورد تازە لە هەرەشەی هیچ حکومەت و هێزێک ناترسێ. کورد خاوەن هێزیکی پێشمەرگەی ئازا و توکمەیە، خاوەن پشتوانی و پشتگیرییەکی نێودەوڵەتییە و ئیرادەی قاییمە بە سەرکەوتنی خۆی، هەربۆیە داوا لەو حکومەت و وڵاتانە دەکەین کە کوردیان تێدا ئەژی، کێشەکانیان لەگەڵ کورد دا بە رێکە چارەی ئاشتی و دانووستان چارەسەر کەن نەک بە هەرەشە و گرتن و کوشتن و وێرانی.
پێویست بە ئاماژەیە کە لە بەشی پرسیار و وڵام دا چەندین پرسیار لە لایەن هەیئەتی حیزبەوە ئاراستەی بەڕێز سەعدی پیرە کرا و بەڕێزیشیان وڵامی دانەوە.
هەیئەتی بەشدار بریتی بوون لە هاوڕێیان ئەحمەد ڕەسووڵ و ڕەحمەت ئیبراهیمیان و هاوکات کۆمەڵێکی بەرچاو لە هاوڕێیانی حیزبیش بەشداری ئەو سمینارە بوون.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی سویس

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 436 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact