. . . .


17 Jun 2016

دیداری نێوان نوێنەرایەتی ح د ک و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بریتانیا


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٦ جونی ٢٠١٦ی زایینی، هاوڕێ مەولوود سوارە، ئەندامی ڕیبەری و نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بریتانیا، سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بریتانیای کرد و لەگەڵ بەڕێز کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێم لەو وڵاتە چاوپێکەوتنێکی ساز کرد. لەو دیدارە دا وێڕای بە خێرهینان و پیرۆزبایی لە بەڕێزیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە نوێیە، باسێکی تێروتەسەل سەبارەت بە دۆزی ئەمڕۆی کورد و ئەو گرفت و کێشانەی بەرەوڕووی بزووتنەوەی کورد بە گشتی دەبنەوە کرا. هەردووک لا هاوڕا بوون لە سەر ئەوەی کە دەبی هەوڵی زیاتر بدرێ بۆ یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و پێک هێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ نوێنەرایەتی کردنی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی و کوڕ و کۆبوونەوە جیهانییەکان. لە تەوەرێکی دیکە ئەو دیدارە دا باسێکی دوور و درێژ لە سەر بارودۆخی ئێستای باشووری کوردستان و پەیوەندی نێوان حیزب و ڕیکخراوەکانی ئەو بەشەی کوردستان و هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ درووست کردنەوەی متمانە لە نێوانیان دا کرا. هاوکات باس لە مەسەلەی ڕیفرادۆمی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی کوردستان هاتە ئاراوە کە لەو بەشەش دا بەڕێز مەولوود سوارە ڕاوبۆچی حیزبی، سەبارەت بە مافی بێ ئەم لاو لای خەڵکی کوردستان بۆ بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆی لە باشوور کوردستان ڕوون کردەوە، ئەوە جگە لەوەی کە پشتگیری حیزب دیموکراتی کوردستانیشی بۆ هەرچەشنە هەنگاوێک کە ببێتە هۆی قاییمتر کردنی پێگەی کورد دووپات کردەوە. سەبارەت بە باسی هاوکاری و هاوئاهەنگی حیزب و رێکخراوەکان لە دەرەوەی وڵات و بەتایبەت لە بریتانیا، بەڕێز مەولوود سوارە ئاماژەی بە ڕۆڵی گرینگ و کاریگەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەو وڵاتە کرد کە وەک باڵوێزخانەی حکومەتی کوردستان سەیری دەکرێ و داوای لە بەڕیز کاروان جەمال تاهیر و ئەو نوێنەرایەتییە کرد کە هەوڵەکانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ یەکڕیزی زیاتر و یەکخستنی ماڵی کورد لەو وڵاتە. بەڕێزیشیان بەڵێنی دا ئەوەی کە بەوان و بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێ درێغی ناکەن.
جێگەی ئاماژە کە بەڕێز جەلال شوانی کارگێڕی نوێەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی ئەو دانیشتنە بوو
حیزبی دیموکراتی کوردستان- بریتانیا
hdk-hhk2016-1.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 7875 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact