. . . .


9 May 2016

بە بەشداری حەسەن حاتەمی ئەندامی ڕێبەری ح د ک، سمینارێک لە شاری مالم???


ناوەندی هەواڵی سوید: ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی مای ٢٠١٦ی زایینی، بە دەستپێشخەری گروپی چالاکوانانی کوردی مالمۆ و هاوکاری کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە پاریزگای سکۆنەی سوید، سمینارێک بۆ بەڕیز حەسەن حاتەمی ئەندامی ڕیبەری و بەپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزب پێکهێنرا. لەو سمینارە دا کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی نێشتەجێی شاری مالمۆ و ئەندامانی حیزبی تێیدا بەشدار بوون، بەڕێز حاتەمی زۆر بە وردی تێشکی خستە سەر ڕووداوەکانی ئەو دواییانەی شاری دووز خورماتووی باشوور کوردستان و خراپەکاری و دەستوەردانەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە باشووری کوردستان. سەرەتای سمینارەکە بە راگەیاندنی خولەکێک بی دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان و پێشکەش کردنی کورتەیەک سەبارەت بە ژیانی سیاسی هاوڕێ حەسەن عاتەمی، کە لە لایەن بەڕیز شیرزاد عەزیزەوە پێشکەش کرا دەستی پێ کرد.
بە دوای ئەو دا هاوڕێ حەسەن حاتەمی باسەکەی دەست پێکرد کە بە دوو تەوەری سەرەکی دابەشی کردبوو. بەڕێز حاتەمی لە سەرەتای وتەکانی بە ئاماژە بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەی دووزخورماتوو، باسی لە دەور و کایگەری ڕژیمی ئیسلامی ئێران لەو ئالۆزییانە دا کرد و گووتی: یەکێک لە هەستیارترین وەزعییەتی نەتەوەکەمان لە باشووری کوردستان و بە تایبەتی لە دووزخورماتوو، یەکێک لە وەزعیەتە ناخۆشەکانی ئێمەیە ئەگەر بێتوو دوژمن تێیدا سەرکەوتوو بێ، لەوانەیە بەرەو داگیرکارییەکی دیکە و بەرەو ئەنفالێکی دیکە بە شکلێکی دیکە بچین و ئەوەی تا ئیستا ڕستوومانە لێمان بکەنەوە خوری. گرینگە ئیمە بە لێکدانەوەی ورد، دەور و تەئسیری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەو کێشانە دا بزانین، چونکا ئەگەر لێکدانەوەیەکی وردمان بۆ دەور و کارتێکەری ئیران نەبێ ئەوان ناتوانین داهاتووی ئەو کێسانەش لێک دەینەوە. شەڕی دووزخورماتوو چەندین مەبەستی تایبەتی لە پشتە. یەکێک لەو تایبەتمەندی،یانە مەسەلەی جوغرافیی ئەو ناوچەیە. مەسەلەی جوغرافی بەو مانایەی کە لە ساڵی ١٩٢١وە کە ولاتی عێراق بنیات نرا، زۆربەی ئەو جێگانەی کە لە باری حەشیمەوە تێکەڵاون لە عەرەب و کورد و تورکمان، دەبێتە قوولای ستراتیژیک هەردووک لا، بۆ ئێمە دەبێتە سنوورێک و بۆ دوژمنیش دەبێتە سنوورێکی دیکە، کەوابوو بەو هۆکارەوە کێشەی زۆرتر لە سەرە. بە خوێدنەوەیەکی وورد بۆمان دەرئەکەوێ کە هۆکاری سەرەکی ئەو کێشەیە عکومەتی کۆماری ئیسلامییە، کە بە درێژایی تەمەنی خۆی هەوڵی ناردنە دەرەوەی ئینقلابەکەی داوە و کوردستانیش ناتوانێ لەو ئەسڵە بە دوور بێت کە ڕێڕەوی سەرەکی ناردنە دەرەوەی ئەو ئینقلابە باشووری کوردستانە. ڕژیمی ئیسلامی ئێران بە هۆی ناردنە دەرەوەی ئینقلابەکەیەوە تووشێ شەڕی بوو، شەڕیک کە خومەینی وەک بەرەکەت ناو دەبرد و لەو پێناوەش دا لە سەرکوت و کوشتاری گەلانی ناو ئێرانەوە بگرە تا تەنانەت ئیسلامە سوننە و شێعەکانیش دەستی نەپاراست. هەر بۆیە بەو لێکدانەوە بۆمان دەر دەکەوێ کە گەورەترین دنە دەری هەڵایسانی ئەو شەڕە ئێرانە، چونکا ئەو پێی وایە هەر جێیەک شێعەیەکی لێ بێ ئەوە جێگە و پێگەی ئەوە و هەوڵێکی زۆریشی داوە بۆ بزواندنی شەقامی شێعە لە هەموو جیهاندا.
بەڕیز حاتەمی لە بەشیکی دیکەی قسەکانی دا تیشکی خستە سەر پیلانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و جیهان و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی لە پێناو بردنە پێشی مەبەستەکانی خۆی دەیان تاقم و گرووپی وەک حیزبولای لوبنان و حەماسی فەلەستینی دامەزراندرووە و دامەزراندنی حەشدی شەعبی،یش بەشێکە لە پرۆژەی ناردنە دەری ئینقلابەکەی، بە تایبەت کە ئەو حکومەتە لە مێژە پشتێنی دوژمنایەتی کوردی کردووەتە پشت. ئێران پاش راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستان زیاتر دەستی ئاوەڵا بوو بۆ تەراتێن و پیلانگێڕی. ئەو حکومەتە شان بە شانی ئەوەی کە بە ناو خۆی بە دۆستی کورد لە باشووری کوردستان دەزانی، بەلام هاوکات دەیان جار لە دەمی مۆرە وورد و درشتەکانی ئەو حکومەتەوە بیستراوە کە دامەزرانی دەسەڵاتێکی کوردی لە باشووری کوردستان، ئیسڕائیلێکی دووهەمە، هەر بۆیە بە هەمو شیوەیەک دژایەتی جێگیر بوونی ئەو حکومەتە نیوچە سەربەخۆی کورد داوە. کۆماری ئیسلامی ئیران دژایەتی کوردی تەنیا لە دووزخوماتوو دا بەرتەسک نەکردووەتەوە بەڵکوو بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو بە دامەزراندنی دەیان گرووپی چەکداری ئیسلامی لە ناو خاکی عێراق و بە تایبەت لە ناوجەکانی تەماسی نیوان کورد عەرەب و تورکمان دا هەموو کات هەوڵی خۆشکردنی ئاگری نێوان ئەو نەتەوانەی داوە. ئەوە جگە لەوەی کە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش دا لە پیلانگێڕی دژ بە کورد لە هیچ کارێک درێغی نەکردوە. دەیان گرووپ و تاقمی تێرۆریستی بۆ کوشتنی کوردە دژبەرەکانی خۆ هەم لە باشووری کوردستان و هەم لە دەرەوەی ولات دامەزراندوو و تا رادەیەکیش لەو کارەی دا سەرکەوتوو بوو. هەر بۆیە ئەگەر بەوردی بڕوانینە باروودۆخەکە، لە هەر جێیەک ئاژاواەیەک هەبێ، دەستی کۆماری ئیسلامی تیدایە. لە دوای دەستپێکی بەهاری عەرەبییەوە ئێران تارادەیەکی زۆر کەوتە مەترسییەوە، بە تایبەت گەشتنی شەڕ بۆ سووریە مەترسی زیاتر گەشتە بەر دەرکی کۆماری ئیسلامی. ئێران لە سووریەش بە دامەزراندنی دەیان گرووپی تێرۆریستی هەمان کاری کرد کە ئێستا لە عێراق دەیکات. هەموو ئەو گرووپانە لە ژێر چاوەدێری سوپای قوودس دا کۆکردەوە و سازمانی دان. هاودەنگی کوردەکانی باشوور و خۆرئاوای کوردستان لە شەڕی کۆبانی دا هێندەی دیکە بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی خستە مەترسییەوە. دامەزرانی تاقمی تێرۆریستی داعش هێندەی دیکە بەرژەوەندییەکانی حکومەتی ئێرانی خستە مەترسییەوە، چونکا هاتنی داعش حکومەتی شیعەی عێراقیشی خستە مەترسییەوە، هەر بۆیە ئێران نەیدەتوانی وەک بینەرێک دانیشێت و هیج کارێک نەکات. ئێران بۆ جارێکی دیکە لە مێتوودی فتوا کەڵکی وەرگرتەوە، هەمان ئەو فتوایەی کە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق و تەنانەت شەڕی دژ بە کوردیش دا توانیبووی کەڵکی لێ وەرگرێ. بە فتوایەک هەموو گرووپە شیعەکانی لە ژێر ناوی حەشدی شەعبی دا کۆکردەوە. هەرچەندە فەلسەفەی درووست بوونی حەشدی شەعبی دژایەتی لەگەڵ داعش بوو، بەڵام ڕژیمی ئێران کە چاوی بینینی ئەو هەموو سەرکەوتننانەی کوردی چ لە ئاستی ناوخۆ و لە سەنگەرەکانی بەرگری و تێکشکاندنی داعش و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی دا نەبوو، دەستی بە پیلانگێری کرد و لە ناوچەکانی فرە نەتەوەی کوردستان حەشدی شەعبی کرد بە گژ کورد دا.
ئیران چەندین مەبەستی شاراوەی هەیە لە هەڵگیرساندنی ئەو شەرە. یەکیان ئەوەی کە لە ڕێگەی ئەو شەرانەوە خۆی بکاتە شەریک لە ناوچەکە دا، دووهەم خەڵکێکی زۆری ئەو ناوچانە ئاوارە ببن و روو لە کوردستان بکەن و لەو ڕێگەشەوە گوشارێکی زۆری ئابووری بێتە سەر حکومەتی کوردستان. هاوکات بە داگیرکردنی هێندێک ناوچە ڕێگایەک بکاتەوە بۆ گەشتن بە سوریە لە ڕێگەی زەوییەوە، بۆ ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ حکومەتی سوریە و تاقم و گرووپە تێرۆریستییەکان. ئەوە جگە لەو شەرەی کە بە تووش کوردییەوە دەکەن. بەڵام مەبەستی هەرە سەرەکی ئێران و حکومەتی شێعەی عێراق کەرکووکە. چونکا دەیانوێ کەرکووک بکەنەوە مەیدانی مڵملانێ و شەڕی عەرەب و کورد و تورکمان لەو شارە دا هەڵگیرسێننەوە. هەرچەندە کەس ناتوانێ خوێندنەوەی ورد بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە جیهان بکات، بەڵام بەو جولەی ئەم دواییانەی ڕەوتی سەدر لە بەغدا و داگیرکردنی پارلەمانی ئەو وڵاتە وا دەردەکەوێ کە ئێران خەریکە جێ پێی لە عێراق دا لەق دەبێ، هەر بۆیە پێویستی زیاتر بە گرووپ گەلێکی وەک حەشدی شەعبی هەیە. قاییم بوونی دەسەڵاتی کورد لە خۆرئاوای کوردستان و سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی کورد لە باشوور، ئێران زیاتر تەنگەتاو کردووە، هەر بۆیە لە دوایین لێدوانی دا، عەلی ئەکبەر ولایەتی وەزیری دەرەوەی ئێران لە سە دەورانی شەڕ دا دەڵێ، ئەگەر ئاوا بروات ئیسرائیلی سیهەمیش خەریکە لە ناوچەکە درووست دەبێ، کە مەبەستی دەسەڵاتی خۆجەیی کوردە لە خۆرئاوای کوردستان. ئێران دژ بە بەرژەوەندییەکانی کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە هیچ چەشنە پیلانێک بۆ لە ناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد خۆی نابوێرێ و هەر بۆیە دەبێ بە هەموو هێزوتوانامانەوە بۆ پاراستینی دەسەڵاتی کورد لە باشوور و خۆرئاوای کوردستان هەوڵ بدەن.
بەشی کۆتایی ئەو سمینارە تەرخان کرابوو بۆ پرسیاری ئامادە بووان و لەو بەشەش دا هاوڕی حەسەن حاتەمی بەوردی وڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید

-----------------------------------------------------------------------

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 298 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact