. . . .


11 Apr 2016

پێکهێنانی سمینارێکی تەشکیلاتی لەو وڵاتی سوید، بۆ بەڕیز خالید عەزیزی


خالید عه‌زیزی: ئادرەسی چارەسەری پرسی کورد لە ئێران حیزبی دێموکراتە

ناوەندی هەواڵ- سوید: بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی
کوردستان لە وڵاتی سوید، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 9ی ئاوریلی ٢٠١٦ی زایینی، سمینارێکی تەشکیلاتی بۆ بەڕێز کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهێنرا. لەو سمینارە دا کە زیاتر لە ٥ کاتژمێری خایاند، چەندین تەوەری گرینگ هاتنە بەر باس.
سمینارەکە کاتژمیر ١٢ی نیوەڕۆ بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و پاراستنی خولەکیک بی دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد وپاشان لە لایەن حەمەرەسووڵ کەریمی ئەندامی ڕێبەری حیزب و بەرپرسی کۆمیتەی سوئێد لە سەر پێکهێنانی سمینارەکە و لە سەر شێوەی بەشداری و هەروەها گرینگیدان بە باسەکانی کاک خالید عەزیزی لە سەر مەسەلە سیاسی‌ و تەشکیلاتی و دیپلۆماتی و خەباتی فڕە ڕەهەندی چەند وتەیەکی وەک بەرچاو ڕوونی بۆ بەشدارنی سمینارەکە باس کرد و دواتر لە لایەن بەڕێز نەبەز عەلیدووست، بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە وڵاتی سوید، بەخێر هاتنی بەشدارن کرا و باسێکی کورتی سەبارەت بە سمینارەکە و باس و بابەتەکانی پێشکەش کرد. بە دوای ئەو دا هاوڕێی نۆبە گەشتە بەڕیز کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
بەڕیز کاک خالید لە سەرەتای قسەکانی بە باس لە سەر سیاسەتی حیزب سەبارەت بە ئیران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکرد و ووتی: ئەگەر لێرە دا قەرارە باس لە سیاسەتی کەلان و سیاسەتی گشتی بکرێ، هەمووی بۆ ئەوەی کە چۆن مەسەلە حەیاتییەکان، یان مەسائیلی زۆر گەورەی نیوخۆیی حیزبیش باسیان لە سەر بکرێ، چونکا سیاسەت بە حیزب دەکرێ و حیزبیش بە کار و تێکۆشانی هەموو لایکمانە کە قووەت بە سیاسەت دەدا، بە تایبەت حیزبێکی وەک حیزبی دێموکرات کە بۆتە جێی سەرنجی دۆست و دوژمن. تەبیعەتی سیاسەت وایە کە ئەگەر مەترەح بووی، نفووزت هەبوو، لە معادلات دا بوویی، چاوەروانییەکانیشت زۆر زیاتر دەبن لە سەرت. خەڵکاینی جۆراوجۆر، بەشێک بەرژەوەندییەکانیان لە وجودی و پێگەی تۆ دا دەبینن و رەنگە بەشێکیش وا هەست بکەن کە بە گەورە بوونەوە و مەترەح بوون و حزووری تۆ بەرژەوەندییەکەیان دەکەوێتە مەترسییەوە. جا بۆیە هەرچەندی قسە و باس چ لە میدیای کوردی، چ لە میدیاکانی کوردی ئێران و چ لە مێدیاکانی ئێرانی دا و چ لە نیو خۆماندا لە پێوەندی لەگەڵ حیزبی ئیمە دا هەبێ، زۆر ئاساییە و دەبی بە دڵێکی فراوانەوە وەریگرین و پێشوازی لێ بکەین. حیزبێکی سیاسی دەبی قسە و باسی لە بارەوە بکرێ. حیزب زۆرن بەڵام کەم حیزب لە کوردستانی ئێران و ئیران، بە قەدەر حیزبی دێموکراتی کوردستان باسی لە سەرە. من ئەوە نەک بە خراپ دانانێم، بەڵکوو بە باشیشی دەزانم.
بەڕیز سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی وتەکانی دا سەبارەت بە جێگە و پێگەی حیزبی دێموکرات گووتی: ئەگەر من بمەوێ لێرە دا حیزبی دێموکرات پێناسە بکەم، کە هەرچەندە پێم وایە ئەوە تەنیا بۆ وەبیر هێنانیەوە، بەڵام لەو بڕوایە دام کە حیزبی دێموکرات ئاوا بە ئاسانی ئینکار ناکرێ. کۆماری ئیسلامی زۆری حەول دا نەیتوانی وا ئاسانی لە پەراوێزی بخا. ڕێکخراوی دیکە لە دەورووبەری درووست بوون بەڵام ئەوانیش نەیاتوانی جێگای حیزبی دێموکرات بگرنەوە. تەنانەت لە پارچەکانی دیکە هەبوو، کە حیزبێک بە هەر هۆکارێک کە خۆی پێ باشبووە، ویستوویەتی لە گۆڕەپانی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەیدان داری بکا، بەڵام هەر نەیانتوانیوە جێی حیزبی دێموکرات بگرنەوە. ڕەنگە ئەو پرسیارەش بێتە پێش، باش ئەو حیزبە کە وا ئەو هەموو مەیداندارییەی لە دژی کراوە، بە نەیار و بە دۆژمن و بە هێندێک دۆست، ئەی بۆ هەروا لە مەوقعییەتی خۆی دا ماوەتەوە؟ باشە ئەو حیزبە کە نزیکە ٥٠ سالە ئەو هەموو کێشە نێوخۆییانەی هەبوو، لێکدابران و لێک جیا بوونەوە و تێکەڵ بوونەوە، کە وزەیەکی زۆری ئێمەی بە خۆیەوە بردووە و ئێستاشی لەگەڵ دا بێ هەر وزەیەکی باشمان دەبا، بەڵام خەڵک ئەو حیزبە هەر بە هی خۆی دەزانی و شەڕی لە سەر دەکا، هەر دێتە ڕیزەکانی و پێی مولحەق دەبێ و کەسی واش هەیە کە ئەگەر بە هەر هۆکارێکەوە وازی لێ بێنێ، بە ناڕەحەتی و دڵگرانییەوە وازی لێ دێنێ و لەوانەیە لە دەروونی خۆی دا زۆر ئاسوودە نەبێ، بەڵام بەو قەناعەتە گەشتبێ کە نەتوانی کاری تیدا بکات. دابڕانی کەسەکان لە هەردووک لای حیزب دێموکرات دەکرێ بڵێم بە قەدەر پەنجەکانی دەستێێکن، لە چاو ئەو لایەنانەی کە ئەو لەگەڵ دەبن و چاوەڕوانییان لێی هەیە و شەڕی لە سەر دەکەن، بە تایبەت لە نیوخۆی وڵات، بە هەر دەلیلک بێ سەرمایە گوزاری لە سەر دەکەن، بە هەزاران و بە میلیۆنانن، جا ئەگەر وایە تای تەرازووەکە زۆر عەجایەب فەرقی هەیە و پێکەوە ناشۆبهێندرێن، ئەوە سەرەرای ژیانی دەربەدەری و ئاواریی و کێشەی نیوخۆیی و کۆمەڵێک کێشە کە هەمانە، بەڵام هێشتا حیزبی دێموکرات بە گشتی، ئەو حیزبەیە کە خەڵک سەرمایەگوزاری لە سەر دەکەن و چاوەڕوانییان لێی هەیە. ئەو حیزبە سێ مەیدانی هەیە بۆ کاروتێکۆشان و هەمووشمان باش دەزانین کە دوو مەیدان یان دوو شوێن، گۆڕەپانی ئەسڵی تیکۆشانی حیزبە. شوێنی ئەسڵی خەبات و تێکۆشانی حیزبی ئێمە، ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و زۆربەی زۆری خەڵکی ئێمە لەوێیە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە دەتوانین زۆرتر مەیدانداری بکەین، بۆیە حیزبی ئێمە لە چەند ساڵی رابردوو دا هەوڵی داوە کە بە کەڵک وەرگرتن لەو هیزەی کە لە باشووری کوردستان و لە دەرەوەی ولات، بە تایبەت لە سکاندیناوڤی هەیەتی و ئەزموونێکی یەکجار زۆری لە سیاسەت و شەڕ و حیزبایەتی دا هەیە، بۆ بردنە پێشی ئامانج و مەبەستەکانی خۆی کەڵک وەرگرێ و لەو جییەی کە پێویستە بە قازانجی خۆی بەکاری بێنێ. بەڵام باشترین شوێن بۆ بە دەست هێنانی دەستکەوتی باش ناوخۆی وڵاتە، حزووری ئێمە لە باشووری کوردستان بۆ ئەوە نیە کە بەرهەمی دەسکەوتەکانمان لەوێ وەرگریینەوە، یان ببینە بەشیک لە کێشەکانی ئەوێ، ئێمە مەجبوور بووین لە باشووری بەو شێوەی ئیستا بمێنینەوە. لە دەررەوەی وڵات هەوڵ و خەباتمان بۆ گەیاندنی دەنگی کوردە بە جیهان، بەڵام هاوکات دەبێ لە ناوخۆ ئێران و کوردستان چاوەڕێی دەستکەوتەکانی هەوڵ و تێکۆشانمان بین.
عەقڵییەتی سیاسی لە کوردستانی ئێران کە لە چەند ساڵی رابردوو دا لە چوارچێوەی حیزبەکاندا جێ کەوتبوو، عەقڵییەتێکی یەک بوعدی بوو. بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا و بە کار و هیممەت و عەقڵییەتی هەموومان، هەوڵمان داوە کە کێشە سیاسییەکان تەنیا لە گۆشەیەکەوە نەبینن. هەوڵمانداوە کە هیندێک پارامێکسی دیکە بە سیاسەت کردنی خۆمان لەوی زیاد بکەین و هەوڵمانداوە کاتێک قسە دەکەین و هەڵویست دەگرین داییرە و مەیدانی موخاتیبی خۆمان گەورە کەینەوە. ئێمە سەعیمان کردووە سیاسەت تێکەڵاو بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بکەین. سیاسەت لە شتێکی وشک و نێو کتێب و کلوبی بەحس بێنینە دەرێ، هەر بۆیە ئێمە کە مەوزووعاتمان هێناوەتە گۆڕێ، پەیام و گوفتمانەکەمان بەحسی زۆری لە سەر درووست بوو، بەڵام دیسان ئێمە ئیدامەمان داوە. ئەو کات کە ئێمە قسەمان لە سەر ئەوە دەکرد، کە ئەو گۆڕەپانەی لە کوردستانی ئێران هەیە، ئەو پۆتانسییەلەی کە لەوێدا هەیە، ئەو ئالوگۆرانەی کە لە عەقڵییەتی سیاسی، فەرهەنگی، مەدەنی، ژیان و سیستەم کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درووست بووە، با ئەوە تەنیا بە لێکدانەوەکانمان لە سەر کۆماری ئیسلامی تێکەڵ نەکەین.
گرفتی گەورەی گۆڕەپانی سیاسی ئیران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوە دایە کە کەس ناوێرێ باسێکی نوێ بێنێتە گۆڕی، یەکسەر تۆمەتباری دەکەن و تاوانێکی دەخەنە پاڵ. زۆر کەس پێیان خۆش نیە کە باسێکی نوێ بینیتە گۆڕی، چونکا هێنانە بەرباسی شتی نوێ پرسیار دەرووست دەکات و کە پرسیاریش درووست بوو خەڵکی تیوە دەئاڵێ، بەدواداچوون بۆ باسەکە دەکرێ و لەوانەیە هەر ئەوە پرسە بەرۆکی خۆشمان بگرێتەوە و ڕابردووی ٣٧ ساڵ هەڵسوکەوت و تەعامولیشت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەوێتە بەر ڕەخنە. زۆر لایەن دەیانەوێ لە جێی خۆماندا بمێنینەوە و هەر یەک بوعدی چاو لە کێشەکان بکەین. خۆ لە باس وبابەتە نوێکان نەدەین، ئەوەش دەبێتە هۆی کەڵەکە بوونی گرفتێکی زۆر و ئەگەر سبەی ڕۆژێ دۆخێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە، ئێمە هیچمان پێ نەبێ بۆ باس کرد و تەعامول لەگەڵ دۆخی ناوخۆ دا. ئێمە دەبێ بە هێنانە بەرباسی پرسیاری نوێ، خەڵکی بە هێمنی بێنینە نێو باسەکان و لە کێشەکاندا هاوبەشیان بکەین.
حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هێنانە بەر باسی پرسی نوێ، تابۆی یەک لایەنە بوونی سیاسەتی شکاند. شکاندنی ئەو تابۆیە و هێنانە ئارای شکڵێکی دیکە لە سیاسەت، وڵامێکی بە ئێمە دایەوە و شوێنی ئەو وڵامە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە نێوخۆی کوردستانی ئێران ئەو بۆچوونی ئێمەی بوو ئێعتماد بە نەفسی لە نێو هێندێک خەڵک دا درووست کرد کە نیگەران نەبن و بچنە نێو چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکان و بەو جۆرە تێبکۆشن کە خۆیان پێان باشە و دڵنیا بن لەوەی کە ئەگەر هاتنە ناو کێشە سیاسییەکانەوە، کەس تاوانباریان نەکات و پێیان نەڵێ خائین و خۆفرۆش و لایەنێک هەیە بە جۆرێک دیفاعیان لێ دەکات.
ئەگەر ئێمە بمانەوێ کۆمەک بەو گوفتمانە بکەین کە هێناومانەتە ئاراوە، کۆمەک بەوە بکەین کە خەڵک بە بەرچاوڕوونییەکی زۆرتر بکەونە نێو بازنە ڕێگاچارەکان، ناچارین ئاوڕ لە هیندێک شتی خۆمان بدەینەوە. دەبی ئاوڕ لە توانا و پێتانسیۆلەکانی خۆمان بدەینەوە، ئاوڕ لە هەڵەکانی خۆمان دەینەوە، بە ئاوڕدانەوەش لەو بابەتانە دەبی بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن دەکرێ مودیرییەتی بارودۆخەکە بکرێ لە نێوخۆی ولات. ئەوە جگە لەوەی کە دەبی بیر لەوەش بکەینەوە کە خۆمان وەک حیزب و ئەندامانی ئەو حیزبە چۆن دەتوانین سازماندەهی دۆخەکە بکەین. ئێمە دەبێ خۆمان باش بناسین و بە پێی پێناسەیەکی قووڵ کە لە سەر دۆژمنەکەمان بە دەستی دێنین، ڕێگە لە مانۆڕەکانی ئەو بگرین.
لە نێوخۆی وڵات خەڵکێکی زۆر هەیە کە دەیەوێ خەبات و تێکۆشان بکات، ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە ئەو خەڵکە بەشداری تێکۆشان بکەین. ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو کارەمان کرد. ئێمە دەبێ خەڵک ئەرکدار بکەین و هەوڵ بدەین بە ئاوەڵا کردنی مەیدانی خەبات، بیانهێننە ناو خۆمان. زۆر کەس و لایەن هەن کە لەو گوتارە سیاسییەی ئیمە سڵ دەکەنەوە، لێ دەدەن و دەیانوێ ئێمە واز لەو سیاسەتەی خۆمان بێنین، بەڵام ئێمە بێ ترس درێژە بە سیاسەتی خەڵک پەسندی خۆمان دەدەین. ئێمە سیاسەت دەکەین و سیاسەت کردنی لەو جۆرەی ئێمەش دەبێ باجی قورسی بۆ بدرێ.
بەڕێز سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە بەشێکی دیکە قسەکانی دا هاتە سەر باسی کێشەی نێوان هەردووک لایەنی دێموکرات و ووتی: ئێمە دەبێ هەوڵی بدەین کە کێشەکانی نێوانمان بە دیالۆگ و دانیشتن چارەسەر بکەین. نابێ ڕێگە بدەین کە دژبەرانی یەکگرتنەوە لە هەردووک لا، کێشەکان قووڵتر بکەنەوە و ناکۆکییەکان بکەنە ناکۆکی سیاسی. ئێمە ناکۆکی سیاسیمان نیە و هەر لە سەرتاشەوە لە سەر ئیدارە کردنی حیزب گرفتمان کەوتە نێوان. کێشەی نێوان دوو لایەنی دێموکرات بە تەوافق حەل دەبێ. ئێمە دەبێ تەوافوق بکەینە بەردی بناخەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات. من بە نیازم پاش گەڕانەوەم بۆ کوردستان، لەگەڵ هاوڕێیانی ڕێبەری حیزب بۆ جارێکی دیکە بکەوینەوە هەوڵ بۆ وەگەر خستنەوە دانیشتنەکانی نێوان دوو لایەنی دێموکرات. چارەسەری کێشەی نێوان دوو لایەنی دێموکرات لە ئەولەوییەتی کاری ئێمە دایە. ئەگەر ڕۆژێک هەردووک لا بگەینە ئەو قەناعەتەی کە دان بە یەکتری دا بنێین و هەر لایەنە و بە ناوی خۆیەوە کاری خۆی بکا، دیسانەوە کێشەکان کۆتاییان پێ نایە، چونکا تەبیعەتی لێک جیابوونەوەکە بە جۆرێکە کە کێشەی نێوانمان بەو جۆرەش کۆتایی پێ نایە. ڕابردووی کێشەکانی نێو حیزبی دێموکراتی کوردستان بە جۆرێکە کە بووتە هۆی قووڵتر بوونەوەی لێکدا برانەکە، هەر بۆیە ئەگەر هێورییەکی تەواویش بکەوێتە نێوان هەردووک لامان و تەنانەت بە یەکیشەوە لە مەیدانێک دا خەبات بکەین، هێشتا کێشەکان هەر دەمێنن و بۆ داهاتوو سەرهەڵدەدەنەوە، بۆیە دەبێ گرینگی تەواو بە هەوڵەکانی تێکەڵ بوونەوە بدەین.
لە کۆتایی وتەکانی دا و روو بە ئەندام، لایەنگر و دۆستانی حیزبەکەمان، بەڕیز خالید عەزیزی ووتی: حیزبی دێموکراتی کوردستان بووتە ئالا هەڵگری گۆڕانکاری، بۆ حیزبێکی گەورەی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان کە سکرتێر و ڕێبەرییەکەی خۆ لە هەموو کایە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهان وەردەدات، ئاوا ئاسان نیە کە بێ کێشە لە مەیدانی خەبات دا بچێتە پێش، بەڵام سەرەرای هەموو ئەوانەش دڵسۆزی و تێکۆشانی بێ وچانی ئەندامانی حیزب لە ناوخۆ و دەرەوەی ولات، دەبی زامنی سەرکەوتنی زیاتری ئێمە لە خەبات و تێکۆشانماندا. من دەمەوێ بە خەڵک لە ناو ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بڵێم کە ئادرەسی چارەسەری کێشەی کورد لە ئێران حیزبی دێموکراتە.
بەشی دووهەمی ئەو سمینارە تەرخان کرا بۆ پرسیار و وڵامی هاوڕێیانی بەشدار، پێشەکی ئەم بەشە کاک سەعید بەگزادە ئەندامی ڕێبەری حیزب و بەرپرسی کۆمیسیۆنی تەشکیلات باسێکی لە سەر وەزعیەتی حیزب و هەڵسوکەوتی ئەندامان کرد و هەروەها تیشکی خستە سەر بەشێک لە قسەکانی سکرتێری گشتی حیزب و بە ئاماژە کردن بە هەندێک مەسەلەی پەیوەندیدار بە کاری حیزب و ئاکامەکانی کۆنگرە و بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرە و یەکریزی و یەکگرتووی نێوماڵی کورد و دێموکرات قسەی کرد و دواتر لەو بەشەش دا کۆمەڵێکی یەکجار زۆر لە هاوڕێیان بە چڕوپڕی و بە خەمخۆری‌یەوە بەشدارییان لە باسەکانی سکرتێری گشتی دا کرد و پاشان بەڕیز کاک خالید عەزیزی بە حەوسەلەوە وڵامی پرسیاری و داواکاری هاوڕێیانی دایەوە.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1218 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact