. . . .


27 Mar 2016

بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە شاری ترۆندهایمی نۆروێژ


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوە، پێکەوە جێژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.
لەو جێژنەدا کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب و یەکێتی لاوان تێیدا بەشدار بوون، سەرەتا خاتوو نەشمیل عەبباسی وەک بەڕیوەبەری بەرنامە، بە خێرهاتنی میوانانی کرد، پاشان سروودی نەتەوایەتی " ئەی ڕەقیب" خوێندرایەوە وبەشداران چەند ساتێک بە بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان، بە پێوە ڕاوەستان. دواتر پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی حیزب و یەکێتی لاوان لە لایەن عەزیز مەعرووفی بەو بۆنەوە پێشکەش کرا.
لەو پەیامە هاوبەشەی کومیتەی حیزب و یەکێتی لاوان دا باسێکی تێروتەسەل لە سەر جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و جێگە و پێگەی ئەو جێژنە لە ناو گەلی کورد دا کرابوو. لەو پەیامە دا وێرای ئاماژە بە زەبر و زەنگی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بۆ پێشگیری لە پیرۆز کردنی ئەو ڕۆژە لە لایەن ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سپاسی خەلکی کوردستان کرابوو کە ئاوا بە جۆش و خرۆشەوە بەرەو پیری ئەو ڕۆژە پیرۆز و مەزنە چوون و بۆ جارێکی دیکە سەلماندیانەوە کە هیچ هیزێک ناتوانێ بەر بە ئیرادەی گەلەکەمان بگرێ. بەشێکی دیکە ئەو پەیامە تەرخا کرا بوو بۆ قسە و باس لەگەل لاوان و تازە پێگەشتووانی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و داوایان لێکرابوو بە گوڕ و تینی زیاترەوە پشتیوانی و پشتگیری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان و حیزبی دیموکراتی کوردستان بکەن و بە بردنە سەری ئاستی زانیاری خۆیان، بە تایبەت لاوانی کورد لە دەرەوەی وڵات، ببنە بالوێزێکی باش بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای کورد بە گەلانی جیهان.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە دا لاوانی دێموکرات سروودی" نەورۆزیان" بە کورس پێشکەش بە بەشدران و هۆگرانی نەورۆز کرد، کە لەگەڵ پێشوازی گەرمی بەشداران بەرەوڕوو بوو.
جێژنی نەورۆزی ساڵی ٢٧١٦ی کوردی، لە ناو شایی و خۆشی و هەڵپەڕکێی کوردانی شاری ترۆندهایمی وڵاتی نۆروێژ تا درەنگانی شەو درێژەی کێشا.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی ترۆندەلاگ.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 574 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact