. . . .


13 Mar 2016

بەشداری هەیئەتێکی کومیتەی سکۆنەی ح د ک لە سمینارێک دا سەبارەت بە کۆم?


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕەشەمە بەرامبەر بە ١٣ی مارس،ی ٢٠١٦ زایینی، هەیئەتێکی کومیتەی سکۆنەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرستی هاوڕێ بێهروز هەمزەیی بەرپرسی کومیتە، لە سمینارێک دا بەشداری کرد کە لە ژێر ناوی منداڵە وون بووەکانی هەڵەبجە لە لایەن گرووپی چالاکوانانی مالمۆ، بۆ بەڕێز هیدایەت مەلا عەلی، نووسەر و چالاکی سیاسی ڕێکخرا بوو.ئەو سمینارە کە بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی باشووری سوید و چەندین کەسایەتی و چالاکانی سیاسی ئەو ناوچەیە بەڕێوەچوو، سەرەتا بە پاراستنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی گەلی کورد دەستی پێکرد و پاشان ٢٨ مۆم بۆ یادی ٢٨ ساڵەی تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە، لە لایەن بەشدارانەوە داگیرسێندرا. دوابەدوای ئەوە فیلمێکی دیکۆمێنتاری لە کۆمەڵکووژی هەڵەبجە نیشانی ئامادە بووان درا. بەدوای ئەو دا پارجە هۆنراوەیەک لە لایەن بەڕێز شێرزاد عەزیز،ەوە خوێندرایەوە. ئینجا پارێزەری سەعید جزیری وتاریکی بە زمانی سویدی سەبارەت بە کۆمەڵکووژی هەڵەبجە و هەروەها کۆمەڵکووژی کوردانی باکووری کوردستان لە لایەن حکومەتی فاشیستی تورکیەوە پێشکەش کرد.
بە دوای ئەو دا نۆبە گەشتە بەڕێز هیدایەت مەلاعەلی و ئەویش باسەکانی بە ئاوڕدانەوە لە باسێکی تێروتەسەل سەبارەت بە کارەساتی کیمیابارانی هەڵبجە دەست پێکرد. بەڕیز هیدایەت گازندەی زۆری ئاڕاستەی حکومەت و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت هێز و پارتە سیاسییەکانی کوردستان کرد کە مەسەلەی منداڵانی وون بووی هەڵەبجەیان بە هێند نەگرتووە و تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێ، هیچ داودەزگایەکی ڕەسمی بۆ دۆزینەوە و گێرانەوەی ئەو منداڵانە دانەمەزراوە. بە دوای وتەکانی کۆڕگێر دا دەرگای پرسیار و وڵام بە رووی بەشداران کرایەوە، کە لەو بەشە دا ئازاد بانەیی باسێکی سەبارەت بە تاوانبار بوونی ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە شیمیابارانی هەڵەبجە و هەروەها گرتنو ئەنفال کردنی سەدان بنەماڵەی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و گوردانی شوان ڕێکخراوی کۆمەلە، لە ساڵی ١٩٨٨ی هەتاوی دا لە لایەن هیزەکانی سوپای پاسداران و سوپای بەدر،ەوە ورووژاند و داوای لە ڕێکخراوە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی باشووری کوردستان کرد کە لە کۆڕ و سمینار و کۆبوونەوەکانیاندا کە پەیوەندییان بە کۆمەڵکوژی هەڵەبجەوە هەیە، باسی بنەماڵە و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بێننە گۆڕێ، چونکا ئەوانیش بەشێکن لەو باس و بابەتانەی کە پەیوەندییان بە کارەساتی هەڵەبجەوە هەیە.
جێگەی ئاماژەیەکە گروپی چالاکوانانی مالمۆ، کۆمەڵەیەکی سەربەخۆیی غەیرە حیزبییە کوردەکانی هەر چوارپارچەی کوردستانی لە خۆیدا جێ کردووەتەوە.
سمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب کاتژمێر ٥ی ئێوارە کۆتایی پێهات.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 390 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact