. . . .


17 Feb 2016

بەشداری کومیتە و ئەندامانی ح د ک لە کۆڕی ماتەمینی حاجی عەبدووڵا ئاغا??


ناوەندی هەواڵ- سویس: ڕۆژی شەممە ١٣ی فێوریەی ٢٠١٦ دڵی گەورە پیاوێکی ناوچەی موکریان و یەکێک لە یارانی ماندوویی نەناس و کەسایەتی خۆشناوی ناوچەی مەهاباد، حاجی عەبدووڵا ئاغا پیرۆتی لە لیدان کەوت و خەم و پەژارەیەکی قوولی بۆ کەس و دۆست و هاوڕێیانی بە جێ هێشت. هەر بەو بۆنە دڵتەزینەوە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی فێوریە، ڕێورەسمێکی پرسەوسەرەخۆشی لە لایەن بنەماڵە و کەس و خزمانی حاجی عەبدوولائاغای کۆچکردوو، لە شاری لۆزان،ی وڵاتی سویس بەڕێوەچوو. لەو ڕێورەسمە دا کە کۆمەڵێکی زۆر لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سویس، نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانیەکان و بەرپرس و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان تێیدا بەشدار بوون، ڕێز لە کەسایەتی بەرز و خەبات و تێکۆشانی بەڕێز عەبدووڵائاغا پیرۆتی، سەرۆکی عەشیرەتی دێبۆکری گیرا. هەر لەو ڕێورەسمە دا هاوڕێ زاهید شاعیری، بەرپرسی کومیتەی حیزب لە وڵاتی سویس، پەیامی پرسە و سەرەخۆشی حیزبی دیموکراتی کوردستانی پێشکەشی بەڕێز دکتۆر ئاسۆ پیرۆتی، کوڕی کۆچکرد حاجی عەبدووڵائاغا کرد و هیوای تەمەندرێژی و لەش ساخی بۆ بنەماڵەی بەڕێزیان خواست.
حاجی عەبدوڵائاغا پیرۆتی، کەسایەتی خۆشناو نیشتمان پەروەری ناوچەی موکریان، یەکێک لە کەسە تێکۆشەرەکانی عەشیرەتی شۆڕشگێڕ و خاوەن هەڵوێستی دێبۆکریە. ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە نێو بنەمالەیەکی دەستڕۆشتووی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. عەبدوڵائاغا مێرمنداڵ دەبێ کە باوکی تووشی نەخۆشییەکی قورس دەبێ و بەشیک لە ئەرکی قورسی بنەماڵە دەکەوێتە ئەستۆی. ئەو هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە هۆگرییەکی زۆری بۆ خوێندن و فێربوون دەبێ، هەر بۆیە هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ فێربوون، هەر بۆیە دەبێتە خاوەن عیلم و زانستێکی زۆر و هەر ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ فێرکردن و ڕاهێنانی مندالەکانی و تا دوا پلەکانی خوێندن و ٨ کوڕی بە پلەی بەرزی خوێندنەوە پێشکەشی گەلەکەی دەکات. بەڕێز عەبدووڵائاغا لە تەمەنی لاوی دا ڕوو دەکاتە دنیای سیاسەت و هۆگری حیزبی دیموکراتی کوردستان دەبێ، دەبێتە یەکیک لە ئەندامە چالاکەکانی حیزب لە ناوچەی شاروێران، تا لە هێرشی بەربڵاو ساواک و داودەزگای سەرکوتگەری ڕژیمی پەهلەوی بۆ سەر ئەندام و لایانگرانی حیزبی دیموکرات لە ساڵی ١٣٤٢ هەتاوی دا، دەگیرێ و رەوانەی بەندیخانەی قزڵقەلعە دەکرێ. حاجی عەبدووڵائاغا جگە لە هەستی شۆڕشگێڕانە و نیشتمان پەروەرانەی، مرۆڤێکی زۆر دڵفراوان و خێرخوا بووە. هەموو کات لە هەوڵی ئاوەدانی گوندکانی ناوچەی شاروێران دابوو و لەو پێناو دا هەولێکی زۆری داوە. ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی تەڤلی سەرهەلدانی خەڵکی کوردستان دەبێ و لە هاندانی خەڵک و بە تایبەت خزم و کەسانی عەشیرەتی دێبۆکری دا دەورێکی کاریگەر دەبینی. هەر لەو سەردەمە دا کوڕێکی تازەلاوی دەبێتە قوربانی ئازادی گەل و وڵاتەکەی. هەر چەندە بە داخەوە بە هۆی چوونە سەری تەمەنی نەیتوانی لەگەڵ شۆڕشگێرانی گەلەکەی ڕێگە خەباتی شاخ بگرێتە بەر، بەڵام هەتا دواساتەکانی ژیانی، بە ڕێبازی بەرز کۆمار و پێشەوا و حیزبی دیموکراتی کوردستان وەفادار مایەوە.
جێگە ئاماژەیە کە عەشیرەتی دیبۆکری، یەکێک لە عەشیرەتە گەورەکانی ناوچەی مەهاباد و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە بە درێژایی دەیان ساڵ شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان، هەموو کاتی پشتگیر و پشتیوانی شۆرشی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بوون و لەو پێناو دا دەیان ڕۆلەی ئەو عەشیرەتە یان شەهید بوون، یان تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێ لە ڕیزی شۆڕش و حیزبی دیموکراتی کوردستان دا خەبات دەکەن.
ڕۆحی شاد و تەمەندرێژی بۆ بنەماڵە و کەس و کاری
حیزبی دیموکراتی کوردستان- سویس
abdwla-axa-piroti-2.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 402 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact