. . . .


25 Jan 2016

٢ی ڕێبەندان، حەفتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان حەفتاهەمین ساڵەوەگەڕی دامەزرانی یەکەمین حکومەتی سەربەخۆی کوردستان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندان، بەرامبەر بە ٢٣ی جانیواری ٢٠١٦ی زایینی، بە بەشداری سەدان کەس لە ئەندامان، لایانگران و دۆستانی حیزب، نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانی و سویدییەکان و کوردانی بە ئەمەگی دانیشتووی وڵاتی سوید، لە لایەن کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەو وڵاتە و هاوکاری و پشتگیری یەکێتییەکانی ژنان و لاوان و ناوەندی سویدی کوردی، بە شکۆیەکی یەکجار زۆرەوە بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمە دا کە زیاتر لە هەزار کەس تێیدا بەشدار بوون، چەندین وتار و پەیام و چالاکی هونەری و شیعر و پەخشان پێشکەش کرا. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە شانۆیەکی کورد لە ژێر ناوی (ڕۆژی ڕزگاری) کە تەعبیری لە کوردستانی داگیر کراو و بەش بەش کراو بە سەر ٤ وڵات دا دەکرد و لە لایەن خاتوو چنوور ئەکبەرپوور ئامادە کرابوو، لە لایەن کۆمەڵێک لە ژن و پیاوانی دیموکراتەوە پێشکەش کرا. بە دوای ئەو دا سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب لە لایەن کۆرسی سروودی یەکێتییەکانی ژنان و لاوانە خوێندرا. بە دوای ئەو دا هەموو بەشداران، خولەکێک بە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کۆمار و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بە پێوە ڕاوەستان. ئینجا بەڕێز کاک سەعید بیگزادە، ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوە وڵات، لە لایەن هەردوو بەڕێوەبەری بەرنامەکە، خاتوو کوێستان بابایی و کاک ئەمیر زەکی،یەوە بانگکرایە سەر تریبوون بۆ پێشکەش کردنی وتاری حیزب بە بۆنەی ٧٠ سالەی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە.
بەڕێز سەعید بیگزادە لە سەرەتای وتەکانی دا بە ئاماژە بەو هەلومەرجەی کە کۆماری کوردستانی تیدا دامەزرا، باسی لە ئاستی هۆشیاری ڕێبەرایەتی ئەو کاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە، پێشەوای مەزنی گەلەکەمان، قازی محەمەد کرد، کە چۆن بوێرانە و دوور لە هەرچەشنە دوو دڵێیەک بڕیاری دامەزراندنی حکومەتێکی سەربەخۆیان دا و هاوکات هێزی نیزامی و ئاڵای تایبەتیشیان بۆ دابین کرد. ئەوە جگە لەوەی کە سنوورە دەستکردکانی کوردستانیان بە ڕووی کوردانی پارچەکانی دیکەی وڵات دا کردەوە و هیزیکی زۆری باشووری کوردستان بە سەرۆکایەتی بازرانی مستەفا ڕووی لە پایتەختی ئەو سەردەمی کوردستان مەهاباد کرد. پشتگیری و پشتیوانی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە کۆمار و سپای میللی کوردستان، هیندە دیکە قووەت و هێزی دا بە دامەزرێنەرانی کۆمار، کە سوورتر بن لە سەر بڕیارەکەیان. بەڕیز بیگزادە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژەی بە بارودۆخی نالەباری حیزب و ڕێکخراو و تەنانەت تاک بە تاکی کوردانی ڕۆژهەڵات لە باشوور کوردستان کرد و وتی: سەرەڕای ئەوەی کە کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونی باشووری کوردستان ئامادە بوون واز لە هەموو چالاکییەکی سەربازی خۆیان بێنن، بەڵام مخابن، دوای تێپەڕینی حەفتا ساڵ بە سەر دامەزرانی کۆمار دا، کوردانی ڕۆژهەڵات کە نیشتەجێی باشوورن تووشی نائومێدی و باروودۆخێکی نالەباری ژیان بوونەتەوە، بە جۆرێک کە ناچار بوون بۆ درێژە دان بە خەبات و ژیانێکی شەرافەتمەندانە ڕوو لە هەندەران بکەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە لانی کەم ئێمە وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان و دڵنیاشم هەموو حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتیش ئامادەین لە هەر جێیەکی پێویست بێ هێزەکانی خۆمان بنێرین بەرەکانی بەگری لە ئەزموونی باشووری کوردستان. هاوڕێ سەعید بیگزادە لە درێژەی قسەکانی دا باسی لە کێشمەکێشی زلهێزەکانی جیهان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی کوردستان و هەروەها سەرهەڵدانی تاقمی تێرۆریستی داعش کرد و ووتی: لە کاتێکدا هەموو جیهان لە ئاست دڕندەیی تاقمێکی تێرۆریستی وەک داعش داماو و بێ دەسەڵاتە و هێزی تێکشکێنەری ئەو تاقمە تێرۆریستییە تەنیا پێشمەرگەیە و هاوکات لە ئێستا زلهێزە جیهانییەکان بۆ جارێکی دیکە دەیانەوێ نەخشی سیاسی ئەو ناوچەیە داڕێژنەوە، داهاتووی کوردستان بە کوێ دەگات. هەرچەندە ئێمە هیچ گومانمان لە زیرەکیی و لێ هاتوویی ڕێبەرانەی کورد لەو بەشەی کوردستان نیە، بەڵام هەلوومەرجی ئێستا پێویستی بە یەکگرتوویی زیاتر و یەکدەنگی و یەکدڵی هەموو حیزب و ڕێکخراوە و خەڵکی کوردستان بە گشتی هەیە. بەڕێز بیگزادە لە بەشێكی دیکەی قسەکانی دا باسی لە دانیشتن و وتووێژی نێوان دوو لایەن ی دیموکرات کرد وتی: حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هەموو توانایەوە هەوڵی دەدات بۆ یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورە دیموکرات، بەڵام بە مەرجێک کە هیچ کەس لەو حیزبە دا خۆی بە نامۆ نەزانێ و لەو حیزبە دا ئەسڵ و فەرع وجوودی نەبێ، هەموو خۆیان بە خاوەنی بزانن و لە هەموو شتێکی دا شەریک و بەشدار بن. بەڵام ئەگەر هاتوو لەو راستایە دا بە نەتیجە نەگەشتین، کە هیوا دارم بگەین، دەبێ هەوڵ بدەین کە بەرەیەکی یەکگرتوو پێک بێنین. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ئێستا دا ئەگەر هێزی دووهەم نیە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام وزە و توانای ئەوەی هەیە کە قسەی ئەوڵ ئاخر بکات لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. پاشان بەڕێزیان باسێکی سەبارەت بە کۆنگرەی ١٦ حیزب کرد و هیوای خواست کە کۆنگرەی حیزبەکەمان بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ بێت و دڵی دۆستان شاد و دڵی نەیاران ناخۆشتر بکات. هاوڕێ سەعید بیگزادە لە کۆتایی قسەکانی دا وێڕای پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان و ئۆگرانی ئازادی، بە بۆنەی ٧٠هەمین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان دووپاتی کردەوە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان سوورە لە سەر خەباتی ڕەوای خۆی، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو کۆمارە دامەزرێنێتەوە و مزگێنی ئازادی و سەربە خۆیی کوردستان بە گوێی هەموو خەڵکی جیهاندا بدات.
لە بڕگەیەکی دیکە ئەو ڕێوڕەسمە دا ناوی ئەو حیزبی و ڕێکخراوانە خوێندرایەوە کە بە ناردنی برووسکەی پیرۆزبایی و چەپکە گوڵ، لە یادی ٧٠هەمین ساڵی دامەزرانی کۆماری کوردستان دا بەشدارییان کردبوو.
- نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان
-پارتی مودێراتەکانی سوید
-بزووتنەوەی گۆڕان
-پارتی سوسیال دیموکراتی سوید
-پارتی ئازادی کوردستان
-کەمپەینی ئاشتی و یەکبوون
-پارتی چەپی سویدی
-پارتی ژینگەی سوید و
-پارتی سەربەستی کوردستان پەیامەکانی خۆیان خوێندەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو حیزب و ڕێکخراوانەش برووسکەی پیرۆزباییان ناردبوو کە بریتین لە:
- یەکێتی ژنان دیموکراتی کوردستان
- یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
- ناوەندی سویدی کوردی
-نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان
- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان
- ڕیکخراوی کوردستانی حیزبی کمونیستی ئێران- کۆمەڵە
- حیزبی شیوعی کوردستان
- حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
- سازمانی دیموکراتیکی یارسان
- کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان
- کۆمەلەی کلتووری یاران
ئینجا مامە قالە شۆڕش وەک تەنیا یادگاری کۆماری کوردستان، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. بە دای ئەو دا پارچە هۆنراوەیەک لە لایەن کێژووڵەیەکی کوردەوە خوێندرایەوە. پاشان کۆڕی هەڵپەڕکێی یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دیموکرات بە پێشکەش کردن چەند هەڵپەڕکێیەکی جوان و ڕەسەنی کوردی شادییان خستە دڵی بەشدارانی ئەو شەو ئاهەنگە. بە دوای ئەو دا تاجە گوڵینەی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی کۆمار کە لە لایەن یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستانەوە ئامادە کرابوو لە لایەن دوو هاوڕێی حیزبیەوە لە سەر شانۆی ڕێوڕەسەمەکە دانرا. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە دا کۆمێکەری لاو، شلۆڤان، کە لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەیان گرتەی ڤیدیۆیی لە سەر داب و نەریتە باوەکانی کۆمەڵگەی هەیە و لە ناو لاوان دا زۆر خۆشەویستە، هاتە سەرشانۆ و لە نزیکەوە لەگەڵ لایانگرانی بە زمانی تەنز و کۆمێدی دووا کە لەگەڵ پێشوازی گەرمی ئامادە بووان بەرەوڕوو بوو. جێی باسە کە شلۆڤان لە وڵاتی ئەمریکا دەژی و بە سەردان هاتبووە سوید و لەو ڕێوڕەسمە دا بەشداری کرد.
بەشی هونەری ئەو جێژنە پڕشکۆیە بە سروودی ئافەرین قازی محەمەد، بە دەنگی بە سۆزی کیژۆڵەی لاوی دیموکرات خاتوو باوان کەریمی دەستی پێکرد. پاشان گەڕی هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکی ئامادەبووان لەگەڵ ئاواز و موسیقا و گۆرانی کوردی، بە دەنگی هونەرمەندانی دەنگی خۆشی گەلەکەمان بەختیار ساڵح و ئەسعەد ڕەزازی لە چەندین بڕگەی جیاواز دا پێشکەش کران، دەستی پێکرد و تا درەنگانی شەو درێژەی کێشا.
ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان، حەفتاهەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە ناو خۆشی و شادی ئاپۆڕەی کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید دا، کاتژمێر ١ی شەو بە کاتی ستۆکهۆڵم کۆتایی پێهات.

کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 641 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact