. . . .


22 Dec 2015

بەڕێوەچوونی جێژنی ٢٦ی سەرماوەز، لە شاری ستاوانگێر لە وڵاتی نۆڕوێژ


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: بەڕێوەچوونی جێژنی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان و هەروەها شەوی یەڵدا، شەوی لە دایک بوونی دوکتور قاسملوو لە شاری ستاوانگێر لە وڵاتی نۆڕوێژ
ڕۆژی شەممە ١٩ی دێسامبری ٢٠١٥ ی زایینی کومیتە ناوچەی ڕۆگالاند،ی یەکێتی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی پێشمەرگەو ئاڵاو شەوی یەڵدا، بە بەشداری ئەندامانی حیزب، یەکێتی لاوان و یەکێتی ژنان و بەشێکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی ئەو ناوچەیە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوەبرد. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردوکوردستان دەستی پێکرد و لە لایەن بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە خاتوو سیلڤانا بایەزیدپوور بەخێرهاتنی میوانەکان کرا.پاشان پەیامی کومیتە ناوچەی رۆگەلاندی یەکێتی لاوان بەم بۆنەیەوە لە لایەن خاتوو کوێستان قازانی پێشکەشکرا. پاشان چەند پارچە شێعرێک بە بۆنەی شەوی یەڵدا شەوی لە دایک بوونی دوکتور قاسملوو لەلایەن ئاراز حسەینی ئەندامی یەکێتی لاوان خوێندرایەوەو هەروەها لە لایەن گورووپی هەڵپەڕکێی کومیتەی یەکێتی لاوانەوە چەندین تابڵۆی جوانی هەڵپەرکێ پێشکەش کرا. شایانی باسە کە لە لایەن کومیتە ناوچەی رۆگالاندی یەکێتی لاوانەوە لەوحی ڕێزلێنان لە گەڵ دەستە گوڵ بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان ئامادە کرابوو پێشکەش بە سەرجەم پێشمەرگەو تێکۆشەران و خەباتکارانی بەشدار لەم ڕێوڕەسمە کرا.سەرەتا لەوحی ڕێز لێنان و شاخە گوڵ لە لایەن بەرپرسی کومیتەی لاوان بەرێز زانیار کەریمی پێشکەش بە هەردووک تێکۆشەری دێرینی حیزبەکەمان مامۆستا گەلاوێژ حەسەنزادەو کاک محەممەد کەسرایی کراو پاشان لە لایەن هەردووک بەڕێزان مامۆستا گەلاوێژ حەسەنزادە و کاک محەممەد کەسرایی لەوحی ڕێزلێنان و شاخە گوڵ پێشکەشی پێشمەرگە دێرینەکان و تێکۆشەران کرا. هەروەها بۆ ڕێز گرتن لە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانی هاورێی زانیار کەریمی بەرپرسی کومیتە ناوچەی رۆگالاندی یەکێتی لاوان .لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەری لاوان لەو ناوچەیە بە دەستە گوڵێکی تایبەت خەڵات کراو ڕێزی لێگیرا. شایانی باسە لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێز محەممەد کەسرایی تێکۆشەری دێرینی حیزبەکەمان چەند وتەیەکی سەبارەت بە ڕۆژی پێشمەرگەو ئاڵاو شەوی یەڵدا پێشکەشی بەشداربووان کردو باسی گرنی ئەم سێ بۆنەیەیی لە مێژووی گەلەکەمان و حیزبەکەماندا کرد و لە کۆتاییدا سپاسی کومیتەی یەکێتی لاوانی کرد بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمە بەشکۆیە و هیوای خواست کە لە ئەرکەکانیاندا سەرکەوتووبن. شایانی ئاماژە پێکردنە کە لەم ڕێوڕەسمەدا بەشێکی بەرچاو لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان کە بە تازەگی هاتوونە ئەم وڵاتەو لە کەمپەکانی ئەو ناوچەیە نیشتەجێن لە لایەن کومیتەی لاوانەوە بانگهێشت دەکرێن و هەوو ئاسانکاریەکیشیان بۆ هاتن بۆ ڕێوڕەسمەکە بۆ دەکرێ کە دەبێتە هۆی خوشحاڵی ئەو خۆشەویستانە.لە برگەیەکی دیکەی بەرنامەکەداو بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ کوردکاناڵ و یەکێتی لاوان لە کوردستان چەندین بلیتی شانس و بەخت بە بەشداربووان دەفرۆشری کە کەل و پەلەکان لە لایەن فروشگاو شیرکەتە نۆڕوێژیەکانەوە درابوون بە لاوان. . دوابەشی ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەرکێ و هەروەها خواردنی کوردەواری کە لە لایەن بنەماڵەکانی یەکێتی لاوان و حیزبەوە ئامادە کرابوو درێژەی هەبوو. یەکێتی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستەی بەڕێوەبەری کومیتە ناوچەی ڕۆگالاند.


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 685 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact