. . . .


20 Dec 2015

بەرێوەچوونی جێژنی ٢٦ ی سەرماوەز لە ناوچەی ئۆستفۆڵدی نۆروێژ


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: رۆژی شەممە ١٩ی دێسامبری ٢٠١٥، کۆمیتە ناوچەی ئۆستفۆڵدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ بۆ رێز گرتن لە رۆژی هەڵکرانی ئاڵای کوردستان و قارەمانەتی و فیداکاری رۆڵەکانی گەل واتا پێشمەرگە، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەری حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان، ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە رێورەسـمێکی بەشکۆ دا ئەو رۆژەیان یاد کردەوە.
سەرەتایی بەرنامە بە خوێندنەوەی سروودی ئەی رەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردوکوردستان دەستی پێکرد. دواتر پەیامی کۆمیتەی نۆروێژی حیزب لە لایەن تێکۆشەری دێرین خدر میراوەیی پێشکەش کرا.
پاشان بەرێز مەحمود بڕۆ، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریە، چەند وتەیەکی سەبارەت بە رۆژی پێشمەرگە و هەڵکرانی ئالای کوردستان پێشکەش کرد. بەرێزیان لە بەشێکی قسەکانی دا وێرای پێرۆزبایی خۆی، ئاماژەی بە رۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر دانانی بنەمانەتەوەیی کانی کوردستان وەک رۆژی هەڵکرانی ئاڵا و ناوی بەرزی پێشمەرگە و ٢ی رێبەندان و هتد کرد. هەروەها بەرێزیان وتی هەروەک پێشەوا قازی محەممەد ٧٠ ساڵ لەمەوپێش بە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، نوێنەری هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانی لە دەوری یەک کۆکردەوە و هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوویی پێکهێنا، ئێمەش ئێستا لە دەبێ ئەوە بکەینە بنەمایی کاروتێکۆشانی خۆمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان.
دواتر شاعیری هەست ناسک و پێشمەرگەی دێرینی دێموکرات، مامۆستا پەیمان شێعرێکی لە ژێر ناوی " پێشمەرگە" پێشکەش بە بەشدارانی رێورەسمی ٢٦ی سەرماوەز کرد.
دواتر پەیامی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵەی کولتوری دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی ئۆستفۆڵد لە لایەن بەریزان، گوڵێ حەیدەری، نیان هەمزەیی و عوسمان مامەش خوێندرایەوە.
ئەو حیزب و رێکخراوانەش بە بروسکەی پیرۆزبایی وچەپکە گوڵ بەشداریان لە جێژنی ٢٦ ی سەرماوەز دا کرد:
پارتی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بزووتنەوەی گۆڕان، ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریە، پارتی دێموکراتی کوردستانی سوریە، ناوەندی دیاڵۆگ و ئاشتی و کۆمەڵە کولتووری کوردی لە ناوچەی ئۆستفۆڵد
لە بەشێکی دیکەی رێورەسمەکە، لە لایەن هاورێی خالید عەبدوڵڵازادە دوو پارچە شێعر بۆ مەقامی بەرزی پێشمەرگەی پێشکەش کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکە دا بەدانی شاخە گوڵ بە پێشمەرگە دێرینەکانی ناو حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان رێزیان لە خەبات و تێکۆشانیان گیرا.
دوابەشی جێژنەکە تایبەت بوو بە بەشی هونەری کە بە دەنگی بە سۆز و خۆشی هەر دوو هومەنەرمەندی لاو، رێباز خنکاڵی و ئەسعەد مەریوانی تا درەنگانی شەو درێژەی هەبوو.


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 663 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact