. . . .


28 Nov 2015

ئەندامەتی ح د ک لە ئەنترناسیونال سوسیالیست بە ڕەسمی ڕاگەیەندرا


شورای ئەنترناسیونال سوسیالیست ئەندامەتی تەواو وەختی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لەو شورایەی بە رەسمی ڕاگەیاند.
بە بەشداریی نوینەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، شورای ئەنترناسیونال سوسیالیست کۆبونەوەی رۆژی دووهەم رێکەوتی ٢٨ی نوامبری ٢٠١٥ی بۆ پێداچوونەوە بۆ هیندێکی پرس و بابەتی هەڵواسراو، کە لە کۆبوونەوەی پێشووی شۆڕای ئەو ڕێکخراوەیە دا پێشنیار کرابوون و پەسند کرانەکەیان بۆ ئەم کۆبوونەوەیە هەڵگیرابوو تەرخان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداریی بەڕێز مەولوود سوارە ئەندامی رێبەری و نوێنەری حیزب لە رێکخراوی ئەنترناسیوناڵ سوسیالیست، بەڕێوە چوو، ئەندامەتیی تەواو وەخت حیزبی دێموکراتی کوردستان و چەندین پارت و ڕێکخراوی دیکە، کە لە کۆبوونەوەی پێشووی شورا دا بڕیاری لە سەر درابوو، بە رەسمی راگەیەندرا و ناوی حیزبمان و ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی دیکە چوونی لیستی ئەندامانی رەسمی سوسیال ئینتێرناسیۆناڵ.
لە کاتی ناو هێنانی ئەو حیزبانەی کە ببوونە ئەندامی ئەسڵی و جێگر و ڕاوێژکار، بەرێز لویس ئایەلا سکرتێری ئەنترناسیونالی سۆسیالیست و لە بەشی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە مێژووی خوێناوی حیزبی دیموکراتی کوردستان و خەبات و تێکۆشانە ئەو حیزبە بۆ بەدەست هێنانی ئازادی و دیموکراسی لە ئێراندا و دەستەبەر کردنی سەربەخۆیی بۆ گەلی کورد پێشکەش کرد. بەڕێز ئایالا باسی لە گیانبازی ڕۆڵەکانی گەل و حیزبەکەمان کرد و ناوی لە دوو ڕێبەری شەهیدمان دکتور عەبدوولڕەحمان قاسملوو و دکتور سادق شەرەفکەنی هێنا و گوتی: دوو سکرتێری ئەو حیزبە لە پێناو بە دەست هێنانی ئازادی و مافی گەلەکەیان دا گیانیان بەخت کرد. حدک حیزبێکی کارا و تیکۆشەر و چالاک بووە لە ئیس ئی دا و بۆیە جێگەی خۆشحاڵییە کە بە ئەندامەتی ڕەسمی ڕێکخراوەکەمان وەرگیرا.
پێویست بە ئاماژەیە کە لەبەر نەبوونی کاتی پێویست و چڕی باس و خواسەکان و پەیامی پیرۆزبایی و سپاسنامەکان، هاوڕێ مەولوود سوارە دەرفەتی ئەوەی نەبوو پەیامی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەو پەیوەندییە دا پێشکەش بکات، هەر بۆیە هەم حیزبی ئێمە و هەموو هەموو ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی دیکەش کە لەم کۆبوونەوەیە دا وەک ئەندام وەرگیران، پەیامەکانی خۆیان بە نووسراوە بە سەر بەشداران دابەش کرد.

ئەوەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
به‌ڕێز جه‌نابی سه‌رۆک!
بەرێز جەنابی سکرتێر!
ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی!
به‌شدارانی کۆبوونەوەی ئەنترناسیونال سۆسیالیست!

پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ رێکخراوی ئەنتەرباسیۆنال سوسیالیست دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا. سەفەری ئێمە بە دەقیقی لە ساڵی 1985 دەستی پێکرد، کاتێک رێبەری کاریزما و بوێری ئێمە دوکتور قاسملو لە کۆنگرەی ئەنتەرباسیۆنال سوسیالیست لە لیمای پێتەختی پێرۆ وەک میوان بەشداریی کرد. لەو کاتەوە پرەنسیپەکانی سوسیال دێموکراسی بوونە پرنسیپەکانی حیزبی ئێمە و لەو کاتەوە ئێمە لە زۆربەی کۆبوونەوە و چالاکیەکانی کە ئەنتەرباسیۆنال سوسیالیست رێكخەریان بووە بەشداریمان کردووە. لە ساڵی 1996، واتە لە بیستەمین کۆنگرەی ئەنتەرناسیۆنال سوسیالیست حیزبی ئیمە وەک ئەندامی چاودێر وەرگیرا.

هاوڕێیەتی ئێمە لەگەڵ ئەنتەرناسیۆنال سوسیالیست زۆر بیرەوەریی خۆش و تەنانەت هەندێک بیرەوەریی ناخۆشیشیان پێ بەخشیوین. لەناو بیرەوەرییە ناخۆشەکان دا دەتوانین ئاماژە بە شەهید کرانی دوو رێبەری خۆشەویستمان بکەین کە پاش بەشدارییان لە کۆنگرەی ئەنتەرناسیۆنال سوسیالیست دا رووی دا. لە جولای 1989 دوکتور قاسملو چەند رۆژ پاش بەشداریی لە کۆنگرەی ئەنتەرناسیۆنال سوسیالیست کە لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو شەهید کرا و لە سێپتامبری 1992 تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئێران جێگرەوەی دوکتور قاسملو واتە دوکتور شەرەفکەندی دوای بەشداریی ناوبراو لە کۆنگرەی ئەنتەرباسیۆنال سوسیالیست لە بێرلین کردە ئامانج. ئەندامەتیی ئێمە لە ناو بنەماڵەی ئەنتەرناسیۆنال سوسیالیست بۆ ئێمە جێگای بایخە و ئێمە بەهای گەلێک گرانمان بۆ بوون بە بەشێک لە ئەنتەرباسیۆنال سوسیالیست داوە.
جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەین کە ئەمڕۆ چەندین حیزبی کوردی لە گشت پارچەکانی کوردستان پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئەنتەرناسیۆنال سوسیالیست هەیە و پلەی جیاوازیان لە ناو ئەو رێکخراوە دا دراوەتێ، ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە گشت ئەم حیزبانە به‌ هاندانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌ و هەندێ جار له ‌ڕێگای ئه‌م حیزبه‌وە‌ پێوه‌ندی‌یان بە ئەنتەرباسیۆنال سوسیالیست کردووە. ئەوە سروشتییە کە ئێمە لەو بارەوە شانازیی بە رۆڵی خۆمانەوە دەکەین.

به‌خۆشییه‌وه‌ ئێستا بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ ته‌واوه‌تی خۆی‌دا پێوه‌ندییه‌کی پته‌وی لە‌گه‌ڵ ئه‌نته‌ڕ ناسیۆناڵ‌سۆسیالیست دا هه‌یه ‌و له‌ پشتیوانیی سیاسیی ئه‌م ڕێکخراوه‌ جیهانییه‌ بۆ پرسی کورد به‌هره‌مه‌نده‌.

ئێمە چەند ساڵە ویستی خۆمان بۆ بوون بە ئەندامی تەواو لە ناو رێکخراوی ئەنتەرناسیۆنال سوسیالیستمان راگەیاندووە و ئێستا هەلی ئەوەمان بۆ رەخساوە کە ئەو داوایەمان پەسەند بکرێ. بەو هۆیەوە و بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێم خۆشە سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ ئەم بڕیارە ژیرنەتان دەر ببڕم کە ئێمەتان وەک ئەندام وەرگرتووە. لە هەمان کات دا پێم خۆشە پیرۆزبایی لەو حێزبە برایانەمان بکەم کە بوونە ئەندامی ئەنتەرناسیۆنال سوسیالیست.

لە کۆتایی دا پێم خۆشە لەم دەرفەتە کەڵک وەگرم وپەیمان و وەفاداریی حیزبەکەمان بە بایخ و ئامانجەکانی ئەنتەرناسیۆنال سوسیالیست دووپات بکەمەوە و سوپاستان بکەم کە ئەئەندامی وەها بنەماڵەیەکی مەزنن.

زۆر سوپاس سەرکەوتووبن

جێگای ئاماژەیە کە لەم کۆبونەوەیەدا جیا لەحیزبی دێموکراتی کوردستان کە وەک ئەندامی ئەسلی وەرگیرا، پارتی یەکیەتی دێموکراتیك(PYD )ش چووە ڕێزی راوێژکارانی ڕێکخراوەکەوە و بەربژێرە بۆ ئەندامەتی ئەو حیزبە لە دەورەکانی داهاتوو دا، کە هەر لێرەوە پیرۆزبایان لێ دەکەین .
پێویست بە گووتنە کە وەرگیرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و ئەو چەند حیزبەی دیکە، لەگەڵ پێشوازی گەرمی هەموو بەشداران بەرەوڕوو بوو و بە چەپڵە ڕێزان و خۆشی پێشوازی لێکرا.

نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەئەنترناسیونالی سۆسیالیست


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 661 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact