. . . .


12 Sep 2015

بەشداریی هەیئەتێکی کۆمیتەی فەرانسەی حدک لە کۆبوونەوەی دوکتور فواد ?


ناوەندی هەواڵ- فەڕانسە: رۆژی پێنجشەممە ١٠ی سێپتامبری ٢٠١٥ (بەرامبەر بە ١٩ی خەرمانای ١٣٩٤) نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە فەرانسە کۆبوونەوەیەکی بۆ دوکتور فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێک هێنا و نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکانی بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشت کرد.
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە فەرانسە یەکێک لەو لایەنانە بوو کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکە بانگهێشت کرابوو و بۆ ئەم مەبەستەش هەئیەتێک بە سەرپەرستیی کاک جەلیل گادانی راوێژکاری دەفتەری سیاسی و هاوڕێیەتیی مەسعوود رەواندوست ئەندامی رێبەری و ئارەش زەمانی بەرپرسی کۆمیتە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کرد.
کۆبوونەوەکە کاتژمێر ٦ی ئێوارە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان و ژمارەیەک لە کەسایەتییە کوردەکانی دانیشتووی پاریس دەستی پێکرد و سەرەتا دوکتور فواد حوسێن تیشکی خستە سەر بارودۆخ و دوایین پێشهاتەکانی هەررێمی کوردستان و باسی لەو قەیران و گرفتانە کرد کە لە چوار لایەنی سیاسی و نیزامی و مرۆڤی و داراییەوە تووشی هەرێمی کوردستان بۆتەوە و وێڕای ئاماژەیەکی خێرا بە هۆکارەکانی دروست بوونی هەر کام لەم قەیرانانە باسی لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ چارەسەریی قەیرانەکان کرد.
لە کۆتایی دا داوا لە بەشداران کرا بە بۆچوون و پێشنیارەکانیان باسەکە دەوڵەمەندتر بکەن کە ژمارەیەک لە بەشداربووان نەزەر و بۆچوونی خۆیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا خستەڕوو. هەر لەم پەیوەندییەدا کاک جەلیل گادانی ئاماژەی بە گرفتی گەندەڵی و تێوەگلانی ژمارەیەک لە بەرپرسان لە گەندەڵی کرد کە لەو هەلومەرجەدا جگە لە زەبرێکی قورسی ئابووری و هێنانەژێرپرسیاری ئیعتباری حکوومەت بۆتە هۆی بێ هیوایی خەڵک و داوای لە بەرپرسانی سەرەوەی هەرێم کرد کە بە خێرایی و بێ مولاحەزەکاری بەرەوڕووی گەندەڵی ببنەوە.
didar9-2015-1.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 419 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact