. . . .


27 Jul 2015

بەشداری کۆمەڵێک لە ئەندامانی حدک لە سمینارێکی دکتور " توماس شمیدنگر"


ناوەندی هەواڵ- ئوتریش: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی جولای ٢٠١٥ی زایینی، کۆمەڵێک لە ئەندامانی حیزب دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئوتریش لە سمینارێک دا کە بۆ دۆست و دڵسۆزی گەلەکەمان " دکتور توماس شمیدنگر" ڕێکخرابوو بەشدار بوون. ل لەو سمینارە دا کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان و نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی تێیدا بەشدار بوو، بەڕێز توماس شمیدنگر باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوا، باشوور و باکووری کوردستان، باروودۆخی کوردانی کۆچبەر لە کەمپی پەنابەران لە وڵاتانی ئوروپایی و هەروەها ئاکام و دەرئەنجامەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران و ولاتانی ٥+١ پێشکەش کرد. بەڕێز توماس شمیدنگر کە بە ڕچەڵەک ئوتریشییە و پسپۆڕە لە زانستی سیاسی و مامۆستای زانکۆیە لە شاری وییەن، هاوکات شارەزاییەکی باشی نەتەوە بن دەستەکان بە تایبەت گەلی کورد دا هەیە، لە باسەکانی دا تیشکی خستە سەر هێرشی تاقمی تێرۆریستی داعش بۆ سەر کوردستان و ئەو بەرگرییە قارەمانانەی کە کورد بۆ پاراستنی خاک و وڵاتەکەی لە خۆی نیشاندا. ناوبراو ئاوڕێکی دایەوە لە داگیرکەرانی کوردستان و سیاسەتی ئینکار و شتنەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان. پاشان کۆچ و ڕەوی لاوانی کوردی لە باشوور و خۆرئاوای کوردستانی کرێ دایەوە بەو بارودۆخە نالەبارەی کە لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکە هاتە ئاراوە و باسی لە دۆخی نالەباری لاوانی کورد لە کەمپ و ئۆردۆگای پەنابەران لە وڵاتانی ئوروپایی کرد و هیوا خواست کە ولاتانی ئوروپایی مافی پەنابەری بدەنە لاوانی کورد.
لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارە دا بەڕیز توماس باسی ڕێکەوتنی ناوەکی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایی کرد و پێی وابوو کە ئەو ڕیکەوتنە ناتوانێ کارتێکەریی ئەوتۆ لە سەر هەڵسوکەوتی ئێران بۆ پشتوانی لە تێرۆریست دابنێ.
سمینارەکە بە پرسیاری بەشداران و وڵامی دکتور توماس شنیدنگر کۆتایی پێ هات. پێویست بە ئاماژەیە کە لەو سمینارە جگە لە کوردانی دانیشتووی ئوتریش، چەندین لە خەڵکی ولاتانی مەجارستان، بوڵغارستان و ئوتریش بەشداری ئەو سمینارە بوون.
جێگەی باسە کە ئەندامانی حیزب و کۆمەڵێک لە دۆستانی بەشدار لەو سمینارە دا، بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە جێگایەک داپێکەوە کۆبوونەوە و جگە لە نزیک بوونەوە لە سرووشت، کات و ساتێکی خۆشیان پێکەوە تێپەڕاند.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 686 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact