. . . .


22 Jul 2015

هه‌ڤاڵ ئه‌حمه‌دی: "وەک پێشمەرگەیه‌ک ماومەتەوە و کوێی کوردستان پێویستی بێ، لەوێم".


ئەوانەی مێژوویان درووست کرد

ئا: هەمزە ئاگووشی

*ده‌کرێ خۆت به‌ خوینه‌ران بناسێنی و له‌ قۆناغی مندالی و میرمنداڵیت بۆمان بدوێی؟
-ناوی ته‌واوم "محه‌ممەد ئەحمەدی"، به‌ڵام هاوڕێیەکی خۆشەویستم بە ناوی "برایم جەهاندیدە" کە بەداخەوە لە باوەشی خۆشمدا شەهید بوو، ناوی نام "هەڤاڵ". ئەو‌ "هەڤاڵ"ە یادگاری بە نرخی شەهید "برایم"ە. ساڵی 1349 لە ئاوایی پیرمحه‌ممه‌دی بۆغدەداغی بۆکان لە بنەماڵەیەکی ورزێری لادێی هاتوومەتە دنیاوه‌. وەک دەڵێن چوار ساڵانە بووم کە ماڵمان چووه‌تە ئاوایی میراوای بۆکان، بەڵام هاوینانە بۆ کشتوکاڵ هەر ده‌چووینەوە ئاوایی بوغدەداغ.
خوێندنی سەرتاییم لە قوتابخانەی میراوا تەواو کردووە. ساڵی یەکەمی ناوه‌ندیم لە قوتابخانەی "ابن سینا"ی بۆکان بە نیوچەڵی بەجێ هێشت.
haval1-1.jpg
*حیزبی دیموکراتت چۆن ناسی و چۆن ئاشناییت له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌دا په‌یدا کرد؟

-ئاشنایم لەگەڵ حیزبی دێموکراتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی تەمەنم هەشت نۆ ساڵان بوو کە بنکەی حیزبی دێموکرات لە بۆکان لە بینای "مه‌کتەب قورئان" بوو کە لەگەڵ هاواڵەکانم بۆ خۆشم نازانم بۆ، بەڵام زۆر هاتوچۆی ئەوێمان دەکرد. هاوکات بابی هاوڕێیەکی قوتابخانەم کە هاتوچۆی ماڵی یەکترمان دەکرد لە میراوا، کادری حیزب بوو (خوالێخۆشبوو "میرزا عەبدوڵای جەهانگیری). ئەوکات وەک سیاست نەمدەزانی حیزب چییە و چی دەوێ! تەنیا هەستێکی خۆش بوو کە سەردانمان دەکردن و کاتێک قافڵەی ماشێنەکانیان بە لاماندا تێدەپەڕین، دروشمان دەدا."بژی حیزبی دێموکرات، نیشاندەری ڕیی خەبات".
*چۆن بوو بڕیارت دا چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تی بکه‌یه‌ شان؟

- لە پێش مندا پێشمەرگە بوون، وەک شەهیدان: عەلی خارجی و مه‌نسوور فەقێ مینە. منیش زۆرم پێ خۆش بوو وەک ئەوان ئەگەر بۆم بکرێ خزمەتێکی خاک و وڵاتی خۆم بکەم و شانازی بە خۆمەوە بکەم کە پێشمەرگەم. پاشان لەگەڵ کوڕێکی هەر ئەو گەرەکەی خۆمان بە نێوی کاوە ئەحمەدزادە کە پێشتر پێشمەرگە بوو و جێگا و ڕێگای پێشمەرگەی پێ دەزانی.
haval3.jpg
*یه‌که‌م بنکه‌ی حیزبی که‌ خۆت لێ ناساند کوێ بوو و له‌ کام هێز و کومیته‌ شارستان سازمان درای؟

- هاوێنی ساڵی 1365 کە تەمەنەم نەگه‌یشتبووه‌ 16 ساڵی، روومان کردە یەکەم بنکەی حیزب کە بنکەی یەکێتی لاوان بوو لە ئاوایی"باساوێ" نیزیک بازاڕی "سەفەرە و گەڵاڵە".پاییزی ساڵی 1366 لە گەڵ هاورێکەم بە نێوی محەممەد شامحەممه‌دی (کە ساڵی 1368 لە شەرێکی قارەمانەدا لە کوێستانەکانی بنەخویی سەقز لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکە بە ناوەکانی قادر قادری راد و برایمی فەزڵی شەهید بوون) چووینەوە هێزی بەیان کە لە "کانی مێو" ی نێزیک "گەڕەدێ" بوون.
*ئایا له‌ گونده‌که‌ی ئێوه‌ جگه‌ له‌ تۆ پێسمه‌رگه‌ی دیکه‌ش هه‌بوون؟

- میراوا زۆر گەوریە، بۆیە تەنیا ناوی ئەوانە دێنم کە شەهید بوون و ئەوانەی ماون نەکو یەکەم لە بیر بچێ و ببێتە هۆی دڵڕەنجانیان، بۆیه‌ له‌ ناوهینانیان خۆ ده‌پارێزم. تا ئەو جێگایه‌ی لە بیرم بێ، شەهیدان: مه‌حموود سوڵتانی، مستەفا قادری، مستەفا گڵزری، خدر عەرەبی، مەنسور فەقێ منیە، عەلی خارجی، محەمەد خانەخا، عه‌بدوڵڵا چراغوارە، تاهیر حامیدی، هه‌موو ماڵیان لە میراوا بووە.
*په‌یوه‌ندی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ و کادره‌کانی حیزبی له‌ ناوخۆدا له‌ چ ئاستێکدا بوو؟

-ئەگەر بمانەوی باسی پێوندی خەڵک و پیشمەرگە بکەین، ئەوندە بەسە بڵێین کە پێشمەرگە کە کوڕ و کچی خەڵکە، ئێدی بەڕاست دەبێ پێوندی نێوان خەڵک و جگەرگۆشەی خۆی چۆن بێ؟ بێشک پاکترین و سادقترین پێوندی نێوان دوو مرۆڤە. بەندەی موخلیس ئەگەر هاوکاری خەڵک نەبوایە کە بۆ منی پێشمەرگە هەیانبوو، ئێستا ئێدی ئەو پرسیارانە کەسیک نەبوو بە نێوی هەڤاڵ تا وه‌ڵامیان بداتەوە.
haval4.jpg
*قورسترین شه‌ڕ که‌ تووشی هاتووی کام شه‌ڕ بوو؟

- وەک شەڕ، شەر زۆرن کە هاوڕێکانم فێریان کردووم چۆن شەڕ بکەم و شانازی ئەوەم هەبووە سەیری دەست و مەچەکەی پێشمەرگانەیانم کەم و کیف بکەم. وەکوو سەر جاددی پیرانشار - سەردەشت (سێپەکان، قه‌بری حوسین، چەکۆ) لێدانی پایه‌گاکانی، "باغی شیخان"ی مەهاباد، "سماقڵوی"، "دەرە قوڵەی" و "مێرگەنەخشێنە"ی سەقز، "قوڵەسێر"ی بانە. هەر دووک شەڕە گەورکەی چیای "سەرتوون". هەر دووک شەڕە گەورەکەی چیای "وەنەوشە". شەڕی کوێستانەکانی "قوڵقلە" و "گردەکۆ". شەڕی نێوان ئاواییەکانی "ئەربەنووس" و "کولتەپە". شەڕی پشتی "گڵوڵان". شەڕی نێوان بۆکان و مەهاباد لە "قەمته‌رێ". شەڕی پشت ئاوایی "هاچیدەرێ" لە "ئاشی جەهانگیر". شەڕی پشت ئاوایی "بەردەزەرد" لە "بێژنیگ بەسەر"ی نێوان بۆکان و سەقز. شەڕی ئاوایی "گورجی" لە ناوچەی دیواندەرە. هەروەها چەندین کەمین شکاندن کە ئێدی وەک کورد دەڵێن ئەوانە وەک حەسانەوە وا بوون و حسانەوەمان "نیسک رنینەوە" بوو. وردە شەڕی دیکەش زۆرن کە ئێستا بەڕاستی لە بیرم نین.
نازانم کام شەڕیان زۆر گەورە بووە. بەڵام ئەوی هەستم کرد کە بەڕاستی دوژمن تەزی کە زیاتر لە 150 کەسی کوژراو و بریندار و 90 کەسیشی لێ بە دیل گیرا، شەڕی "پیرچۆپان"بوو کە دوژمن هێرشی کردە سەر پێشمەرگەکانی هێزەکانی بەیان و پێشەوا لە چیای "پیرچۆپان" لە گەورکی سەقز، کە زیاتر لە 120 ماشێنی هێنابووە گۆڕەپانی شەڕ. با بە پێچەوانەی زۆر هاورێ دیکە بشڵێم کە دوژمنیش بەڕاستی داخی نا بە دڵمانەوە و 8 لە باشترین هاوڕێکانمانی شەهید کرد.
haval5.jpg
*هیچ جار بریندار بووی؟

-وەک برینداری وا بریندار نەبووم کە لە جێگادا بکەوم، بەڵام وەک زۆر هاوڕێی دیکە لە پریشکەی ئاگری کۆماری ئێسلامی بێبەش نەبووم . ئێستاشی له‌گەڵ بێ بەدەست ئازارەکانیانەوە هەر دەناڵم، بەڵام منەت ناکەم خۆم ئەو رێبازم هەڵبژارد و کەس کارتی دعوه‌تی بۆ نەناردبووم.
*ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تییه‌کانت له‌ حیزبدا چی بوون؟

-من پێشمەرگە بووم! چام تێکردووە، ئاشپەزیم کردووه‌، نانم کردووە، ئێسترم تاقەت کردووە... بۆ خۆشحاڵکردنی هاوڕێکانم شانۆم نووسیوە، ئەکتەر بووم، گۆرانیم گوتووە، کادری دەرمانی بووم. کادری کۆمییسونی کۆمەڵاتی بووم و ئاخرین ئەرکیشم بەرپرسی بنکەی دووهەمی حیزب بووم لە بەغدا ... من هیچم نەبووە تا پێشمەرگایەتی لێم زەوت بکا ئەوه‌ی هەمە و نیمە بە چاک و بە خراپ میداڵی شۆڕش و حیزبن کە بە سەرێکی بەرزوە لە ملی خۆم کردوون.
haval6.jpg
*پێشمه‌رگایه‌تی چی پێ به‌خشی و چی لێ ئه‌ستاندی؟

-لە کتێبێکدا بە نێوی "کانی کەوتم" باسی زۆر قسەی خۆشی پێشمەرگەم کردووە هەروەها رۆمانێکیشم بە ناوی" جامانەیی خوێناوی پێشمەرگەیه‌ک" نووسیووە کە ئەگەر پێشمەرگە نەبوومایە، قەت نەدەگه‌یشتمە ئەو جێگایه‌ی تەنانه‌ت دەست بۆ قەڵەمیش بەرم. کەوایە پێشمەرگایەتی زۆر شتی داوە بە من، نێعمەتێک بووە بە سەرمدا باریوە.
heval7.jpg
*دوا وته‌ت بۆ خوێنه‌رانی KDPmedia چییه‌؟

-ئێستا کە ئەوە چەند دێرەتان بۆ دەنووسم شەرمەزاری هەموو هاوڕێ شەهیدەکانمم کە تاکوو ئێستا نەمتوانیوە هیوا و ئامانجەکانیان بێنمە دێ، بەڵام وەک مروڤ کە لە گۆشت و خوێنم، ویژدانم ئاسودەیە و هەر ئەوندەم لە دەست هاتووە. ئەگەر زیادەڕۆیم نەکردبێ، قسەی کوتاییم و قسەی دڵم ئەویە سەد بریا هەر لە شاخەکانی کوردستان لە تەنیشت هاوڕێ شەهیدەکانم، شەهید بوومایە کە ئەوکات نەسیب نەبوو و لە کاروان به‌جێمام، چونکە بەڕاستی پێم خۆش نییە لە جێگاوباندا بمرم.
haval9.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 2421 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact