. . . .


15 Aug 2009

راپۆرتی رێوره‌سمی رێزگرتن له‌ 64مین ساڵرۆژی دامه‌زرانی حدک له‌ وڵ?


ناوه‌ندی هه‌واڵ - فینلاند: پاشنیوه‌رۆی رۆژی هه‌ینی، 14ی ئاگوست به‌ به‌شداریی سه‌دان که‌س له‌ کوردانی نیشته‌جێی وڵاتی فینلاند، ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی و نوێنه‌رانی چه‌ند حیزب و رێکخراوی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، رێوره‌سمی 25ی گه‌لاوێژ، 64مین ساڵرۆژی دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ شاری تورکو له‌ وڵاتی فینلاند به‌ڕێوه‌ چوو.
رێوره‌سمه‌که‌ کاتژمێر 6ی ئێواره‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی سروودی ئه‌ی‌ره‌قیب له‌ لایه‌ن کۆڕی سروودی یه‌کێتی لاوانی دێموکرات، کومیته‌ی فینلاند ده‌ستی پێکرد و پاشان ئاماده‌بووان به‌ ده‌قیقه‌یه‌ک بێده‌نگی رێزیان له‌ خه‌بات و تێکۆشانی شه‌هیدانی رێگای رزگاریی کوردستان گرت.
له‌ سه‌ره‌تای مه‌راسمه‌که‌دا که‌ریم ره‌سوڵی وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ به‌خێرهاتنی ئاماده‌بوانی کرد و له‌ وته‌یه‌کی کورتدا رێزی له‌و رۆژه‌ مێژوییه‌ گرت. پاشان په‌یامی کۆمیته‌ی هه‌رێمی توروکو به‌ بۆنه‌ی 25ی گه‌لاوێژ له‌ لایه‌ن هاوڕێ ئه‌میر ره‌سوڵی پێشکه‌ش کرا و له‌ لایه‌ن که‌ماڵ حسینی به‌ هاوکاری کۆڕی موسیقا سروودی تۆماری کۆمار خوێندرایه‌وه‌.
له‌ به‌شێکی تری رێوره‌سمه‌که‌دا په‌یامی پیرۆزبایی کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران له‌ لایه‌ن جه‌عفه‌ر مسته‌فا سوڵتانی پێشکه‌ش کرا و به‌ دوای ئه‌ودا سروودی "بژی دێموکرات" له‌ لایه‌ن کۆڕی هونه‌ریی لاوانه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌. په‌یامی پیرۆزبایی بزوتنه‌وه‌ی دێموکراتیکی یارسان له‌ لایه‌ن به‌شیر ئه‌میر خانی، په‌یامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان له‌ لایه‌ن به‌ڕێز ره‌حیم ره‌شیدی، په‌یامی یه‌کێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان له‌ لایه‌ن که‌ژاڵ حه‌سه‌نپوور و بروسکه‌ی پیرۆزبایی ئه‌نجومه‌نی به‌رگری له‌ زیندانیانی سیاسی به‌شێکی تر له‌ په‌یامی حیزب و رێکخراوه‌کانی به‌شداری رێوره‌سمه‌که‌ی پێکدێنا.
له‌ ناوئاخنی به‌رنامه‌ هونه‌ریه‌کانی ئه‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌دا سه‌یلان مه‌ولانی شێعرێکی به‌م بۆنه‌وه‌ خوێنده‌وه‌، که‌ماڵ حسینی چه‌ند کۆپله‌ گۆرانی و سروودی پێشکه‌ش کرد و گروپی هه‌ڵپه‌ڕکێی ئاویه‌ر به‌ نیشاندانی چه‌ند تابلۆی جوانی کورده‌واری سه‌رنجی ئاماده‌بوانیان بۆ لای خۆیان راکێشا.
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و مه‌راسمه‌دا کۆمیته‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان رێزی گرت له‌ خه‌بات و تێکۆشانی مامۆستا ئه‌بوبه‌کر فه‌لسه‌فی، تێکۆشه‌ری دێرین و خه‌باتکاری ناو ریزه‌کانی حیزبی دێموکرات له‌ سه‌رده‌می هه‌ردوو رێژیمی دژ به‌ کوردی پاشایه‌تی و کۆماری ئیسلامی دا. دواتر مامۆستا ئه‌بوبه‌کر په‌یامی خۆی به‌ بۆنه‌ 25ی گه‌لاوێژ، ساڵرۆژی دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشکه‌ش کرد. له‌ لایه‌ن هاوڕێیان سه‌ید ئه‌حمه‌د حوسێنی، به‌رپرسی کۆمیته‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ فینلاند، جه‌لال فاتمی به‌رپرسی کۆمیته‌ ناوچه‌ی تورکو و قادر مه‌کڵاوه‌یی پێشمه‌رگه‌ی دێرینی ناو ریزه‌کانی حیزبی دێموکرات چه‌پکه‌ گوڵی رێز و وه‌فاداریی‌ پێشکه‌ش به‌ که‌م ئه‌ندامان و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان کرا و به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و تێکۆشه‌رانی حیزب له‌م وڵاته‌ په‌یمانی درێژه‌دان به‌ رێبازی ئازادی و سه‌ربه‌ستیی کوردستان، رێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی‌یان له‌ گه‌ڵ نوێ کردنه‌وه‌.
به‌شی کۆتایی رێوره‌سمه‌که‌ شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێی به‌شداران له‌ گه‌ڵ گۆرانی هونه‌رمه‌ند شۆرش بۆکانی، به‌ هاوکاریی کۆڕی مۆسیقا بوو که‌ تا کاتژمێر 12ی نیوه‌شه‌وی خایاند.
25galawj1.jpg
25galawj2.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1354 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact