. . . .


31 May 2015

بە بەشداری بەڕێز سکرتێری گشتی، سمینارێکی تەشکیلاتی بۆ ئەندامانی حدک


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠-٥-٢٠١٥ی زایینی و دوابەدوای سیناری گشتی بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بۆ کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید، لە سەر داوای بەشی تەشکیلاتی کومیتەی حیزب لەو ولاتە، سمینارێکی بەرینی تەشکیلاتی بۆ ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێک هات. لەو سمینارە دا کە بەشێکی بەرچاو لە هاوڕێیانی حیزبی کە لە زۆربەی شاروناوچەکانی وڵاتی سویدەوە بە پیر بانگەوازی بەشی تەشکیلاتەوە هاتبوون، بە شیوەیەکی زۆر چالاکانە بەشدارییان لە باس و خواسەکانی پەیوەیست بە سیاسەت و بڕیار و کاروچالاکییەکانی حیزب لە دەرەوە و ناوخۆ وڵات کرد و پێشنیار و ڕێنوێنییەکانی خۆیان بۆ هەرچی باشتر بەڕیوەچوونی کار و چالاکییەکانی حیزبەکەمان پێشکەش بە بەڕیز سکرتێری گشتی کرد.
سەرەتای سمینار بە چەند وتەیەکی هاوڕی کەریم حسێنی، ئەندامی کومیتەی گشتی و بەپرسی کومیسیۆنی پەروەردە و فێرکردنی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید دەستی پێکرد. بەڕیز کەریم حسێنی ڕاپۆرتێکی خێرای لە کاروچالاکییەکانی ئۆرگانەکەی پێشکەشی هاوڕێیانی حیزبی کرد، هاوکات باسی لەو پلان و بەرنامانە کرد کە لە دەستووری کاریان دا بۆ داهاتوو دایان ڕشتووە. پاشان هاوڕێ حەمەڕەسووڵ کەریمی، ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی کومیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوید، سەبارەت بە مەبەستەکانی پێکهێنانی ئەو سمینارە گشتییە پێشکەش کرد. بەڕیزیان وێڕای ئاماژە بە کارو تێکۆشانی کومیتە و دڵگەرمی هاوڕێیانی حیزبی بۆ هەرچی باشتر چوونە پێشی کاروچالاکییەکان، هیوای خواست کە لە داهاتووش دا کارەکان بە باشی بچنە پێش. پاشان داوای لە پۆلێک لەو کیژ و کورە لاوانە کرد کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوو دا هاتوونەتە نێو ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و شەرەفی ئەندامەتی حیزبیان پێ براوە، بێنە بەردەم شانۆکە و خۆیان بە ئەندامانی دیکە بناسێن، کە ئەو هەنگاوە لەگەڵ پێشوازی گەرمی هەموو بەشداران بەرەوڕوو بووەوە بە چەپڵە ڕێزان و نیشاندانی خۆشحاڵی خۆیان، بەخێرهاتنی گەرمی ئەو هاوڕێ تازانەیان کرد.
بە دوای ئەو دا هاوڕێیان نەبەز عەلیدووست و خاتوو موژدە عەزیزی، ئەندامانی کومیتەی گشی حیزب لە وڵاتی سوید بەرنامەی کاری سمیناریان پێشكەش کرد و داوایان لە بەڕیز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حیزبەکەمان کرد کە بێتە سەر شانۆ و وتەکانی پێشکەش بکات. هاوڕی خالید عەزیزی پێش دەستپێکردنی وتەکانی داوای لە ئەندامانی حیزب کرد کە بێن و زۆر ڕاشکاوانە ڕخنە، تێبینی و پێشنیارەکانی خۆیان بێننە بەرباس، هەر بۆیە نزیکە ٤٠ کەس لە کۆئ هاوڕێیانی ئەندام ناوی خۆیان نووسی و یەک لەدوای یەک قسەیان کرد و ڕخنە و پێشنیارەکانی خۆیان هێنایە زمان.
پاش کۆتایی ئەو بەشە کە نزیکەی یەک کاتژمێر و نیوی خایاند، ئینجا هاوڕێ سکرتێری گشتی حیزب باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە باروودۆخی ئاڵۆزی ناوچەی خۆرهەڵاتی کوردستان و دەور و جێگە و پێگەی کورد لەو گۆڕانکارییانە دا پێشکەش کرد. هاوکات ئاماژەی بە پیلانی دوژنمانی گەلەکەمان، بە تایبەت ڕژیمی ئیسلامی ئێران کرد کە چۆن دەیانەوێت بە ناوی ئایین و جیاوازی ئایینی لە نێوان خەڵکی ناوچەکە دا ئاژاوە کێشە بنێنەوە. بەڕێزیان باسی لە سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی لە جیهان و ناوچەکە کرد و وتی: سەرەرای هەڕەشە و گورەشەی ئەو ڕژیمەوە، بەڵام لە ئێستا دا پێگەی چ لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و چ لە ناوچەکە دا لە هەمووکات لاوازترە، کە ئەوەش جێی خۆشحاڵییە، بە تایبەت بۆ ئێمەی کرد کە ئەوە دەیان ساڵ بە دەست پیلانگێڕیەکانی ئەو ڕژیمەوە دەناڵێنین.
بەڕێزیان لە درێژەی باسەکەی دا هاتە سەر بارودۆخی ناوخۆیی حیزب و ئەو بڕیار و پەسند کراوانەی کە لە پلۆنۆمی دوایی دا هاتوونە ئاراوە. هاوکات هەموو ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی بە جێبەجێ کردن و بردنە پێشی ئەو بڕایارانە ئەرک دار کرد. هاوڕێ خالید عەزیزی باسی لە دۆخی دارایی حیزب و ئەو قەیرانەی کە باشووری کوردستانی بە هۆی کێشەی داراییەوە تووشی هاتووە کرد و داوای لە هاوڕێیانی حیزبی کرد کە بەو پەڕی تواناوە هاریکاری حیزبەکەیان بن بۆ پڕ کردنەوەی کەموکووڕییەکان. بەڕیز سکرتێری گشتی حیزب لە بەشێکی دیکەی قسەکانی بە ئاماژە بەوەی کە لەم ساڵ دا بەرەوپیری یادی حەفتا ساڵەی حیزبەکەمان دەچین، داوای لە هاوڕێیانی حیزبی کرد کە بە شانازییەوە بڕواننە رابردووی حیزبەکەیان و سەرەرای ئەو هەموو کێشە و گرفتەی کە لەو تەمەنە دوور و درێژە لە خەباتی ٧٠ ساڵی دا تووشی هاتووە، بەڵام هێشتا لە سەر پێی خۆی راوەستاوە و ئاماد نیە مەیدان بۆ دوژمنەکانی چۆڵ کات و دڵنیاشی کردنەوە کە ڕزگاری گەلەکەمان لە رٶژهەڵاتی کوردستان، هەر لە سەر دەستی حیزبی دیموکراتی کوردستان دێتە دیی. ناوبراو هەر لەو پەیوەندییە دا باسی لەو هەوڵانە کرد کە ڕێبەری و کادرە بە ئەزموون و تێکۆشەرە دێرینیەکانی نێو ڕێزەکانی حیزب بۆ نوێگەرایی و هێنانی خوێنی تازە بۆ ناو شاڕەگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان داوەیانە و دەیدەن و ئەو کارەشی بە گەورەترین هەنگاو لە مێژووی حیزبەکەماندا دایە قەڵەم. بەڕیزیان داوای لە هەموو هاوڕێیانی حیزبی کرد کە بۆ راکێشانی سەرنجی لاوان بە تایبەت لاوانی کورد لە دەرەوەی ولات بە لای حیزبەکەماندا و کۆکردنەوەیان لە دەوری درووشم و بانگەوازەکانی حیزبەکەمان هەوڵی جیددی بدەن.
بەڕێز عەزیزی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەواڵانەی کە لە ماوەی دوایی دا بۆ وەسەر یەکخستەوەی هەردووک باڵی دیموکرات لە ئارادا بوون وتی: ئێمە هەموو هەوڵەکانی خۆمان لەو ماوەیە دا خستە گەڕ، بەلام بە داخەوە سەرەرای دڵپاکی و نیاز پاکی ئێمە، لایەنی بەرامبەرمان هیچ هەنگاوێکی نەنا بە ئاڕاستەی ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش، ئێمە لە هەوڵەکانمان ناوەستین و بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان بۆ یەکگرتووی و هاوپەیوەندی زیاتر لە نێوان هێز و ڕێکخراوە چالاکەکانی مەیدانی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. سەبارەت بە کێشە و تێکهەڵچوونەکانی ئەم دواییانەی ناوچەی سنوورییەکان لە نێوان دوو هێزی کوردستانی دا ووتی: هەموو ئەو ڕووداوانە بە زیانی کورد و بزووتنەوە ڕەواکەیەتی، دەبێ هەموو لایەک بە پشوو درێژی و هەستکردن بە بەرپرسایەتی لە بەرامبەر گەل و نەتەوەکەماندا هەنگاوی بنێین و هیچ بیانوویەک بۆ دووبارە بوونەوەی شەڕ و کێشە ناوخۆییەکان نەهێڵینەوە.
لە کۆتایی قسەکانی دا بەڕێز سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، وێڕای سپاس لە هەوڵ و ماندوو بوونی هاوڕێیانی حیزبی بۆ کاروتێکۆشانی بێوچانیان، بە تایبەت ئەو هاریکارییە داراییەی زۆرەی کە لە کومیتەکانی دەرەوەی ولاتەوە بۆ حیزب نێردرا، هیوا خواست هەر بەو نەفەسەوە هاوکار و پشتگیری حیزبەکەیان بن و کارێک بکەن کە حیزب لە بواری دارایی دا بگاتە ئاستی سەربەخۆیی.
پاش زیاتر لە ٥ کاتژمێر کاری بەردەوام، ئەو سمینارە تەشکیلاتییە کۆتایی پێهات و هەموو هاوڕێیانی حیزبی کە بەشێکیان لە ڕێگەی دووری سەدان کیلومەترەوە خۆیان گەیاندبووە ستۆکهۆڵم، بەرەو جێگەی کار و ژیانی خۆیان گەرانەوە.

کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 558 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact