. . . .


30 Apr 2015

کۆبوونەوەی کۆمیتەی دەرەوەی پەرڵمانی نۆروێژ لە گەڵ کەمایەتییە نە??


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: رۆژی چوارشەممە ٢٩ی ئاوریلی ٢٠١٥، کۆمیتەی دەرەوەی پاڕڵمانی نۆروێژ بە مەبەستی سەردانێک بۆ ئێران، کۆبوونەوەیەکی دەگەڵ هێز و لایەنە کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینێکانی ئێرانی لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی پاڕڵمانی نۆروێژ پێکهێنا، کە کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە رەسمی بانگهێشتی ئەو کۆبوونەوەیە کرابوو و هاورێ خوسرەو قادری، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمیتە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوو.
سەرەتای کۆبوونەوە بەرێز " بۆڕد وێگار سوولیەل" وێرای بەخێر هێنانی بەشدارانی ئەو کۆبوونەوەیە، ئاماژەی بە مەبەستی سەردانیکردنی کۆمیتەی دەرەوەی پارڵمان بۆ ئێرانی کردو وتی پێمان باش بووە کە راوبۆچوون و تێبینی‌یەکانی ئێوەش وەربگرین. نوێنەری هەریەک لە حیزب و رێخکراوەکان بیرورای خۆیان هێنا بەرباس. هاورێ خوسرەو قادری، لە نۆبەی قسەکردنی دا، وێرای ئاماژە بە کورتەیەک لە مێژوو و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی نیزێک بە ٧٠ساڵی رابردوو دا بۆ وەدەست هێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا باس کردو، کوتی لەو پێناوە دا بەداخەوە ٣ رێبەری بە توانا و بلیمەت و هەزاران کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات تێرۆر و شەهید و زیندانی بوونەو گیانیان کردۆتە فیدای وەدەستهێنانی ئازادی و دێموکراسی لە کوردستان دا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، باسی لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، سەرکوتی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیەکان لە لایەن رێژیم و دۆخی خراپ و نالەباری زیندانییانی سیاسی کورد لە ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دا کرد کە وەک وێنە ئاماژەی بە داسەپاندنی حوکمی ١١ ساڵ زیندان بە سەر سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، بەرێز محەممەد سەدیق کەبوودوەند کرد و داوای لە سەرۆکی هەئیەتی پارڵمانی نۆروێژ کرد کە لە کاتی سەردانیان بۆ ئێران ئەو خاڵانە دەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاران بخەنە بەرباس و لە توانای خۆیان لەو بوارە دا بخەنە گەڕ.
لە بەشێکی دیکە دا بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی حیزب لە نۆروێژ، باسی لە سەر رێکەوتنی نوێی ئێران و وڵاتانی ٥ کۆ یەک سەبارەت بە مەسەلەی ناوەکی ئێران کرد و داوای کرد کە لە لایەن نۆروێژ و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، دوایی ئەو رێککەوتنە، مەسەلەی مافی مرۆڤ لە ئێران وە پشت گوێ نەخرێ و بەڵکو دەبێ زیاتر لە جاران زەخت بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لەو بوارەدا.
هاورێ خوسرەو قادری لە کۆتایی باسەکەی دا راپۆرتێکی بە نوسراوە ـ کە لە لایەن کۆمیتەی مافی مرۆڤی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئامادە کرا بوو ـ لە سەر وەزعی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٤ لە ئێران دا، تەحویلی کۆمیتەی دەرەوەی پارڵمانی نۆروێژی دا.
لە کۆتایی دا بەرێز بۆڕد ویگار، وێرای سپاس و پێزانینی خۆی سەبارەت بەو زانیارییانە کە پێی درا، باسی لەوە کرد کە ئاشنایەتێکی باشی لە سەر مەسەلەی کورد و کوردستان هەیە و بەڵێنی ئەوەی دا کە ئەو بابەتە لە سەفەری خۆیان بۆ ئێران لە گەڵ کاربەدەستانی حکومەتی ئێران بێنێتە بەر باس.
شایانی باسە ئەو حیزب و رێکخراوە نەتەوەیی و ئایینیانە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون:
حیزبی دێموکراتی کورستان
رێکخراوی خەباتی شۆرشگێری کوردستان
پارتی ئازادی کوردستان
یاری کورد
حیزبی خەڵکی بەلوچستان
حیزبی گەلی عەرەبی ئەحواز
نوێنەری بەهاییەکان لە نۆروێژ
کۆمیتەی پشتیوانی لە کەبوودوەند


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 637 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact