. . . .


28 Apr 2015

بەشداریی وەفدێکی کۆمیتەی سوئێدی حدک لە کۆڕێک دا لە پاڕلمانی سوئێد


ناوەندی هەواڵ- سوید: لەسەر بانگهێشتی ئەندام پاڕلەمانەکانی حیزبی سوسیال‌دێموکرات و پارتی چەپی سوئێد، بۆ پێشاندانی فیلمێکی بەڵگەیی و کۆڕێکی پرسیار و وەڵام، دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٨ ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٨ی ئاپریلی ٢٠١٥ی زایینی، وەفدێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە هاوڕێیان عەزیز سەیدنژادیان و کەماڵ گروێسی، بەشداریی کۆڕەکەیان کرد.
سەرەتای کۆڕەکە خاتوو'' ئامینە کاکە باوە '' ئەندامی پاڕلمانی سوئێد لە پارتی چەپی سوئێد، بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و بەرنامەی کۆڕەکەی خوێندەوە. دواتر فیلمێکی بەڵگەیی کە لە لایەن فیلمسازی ئێرانی '' نیما سروستانی'' سازکرابوو پێشاندرا. فیلمەکە سەبارەت بە ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی بوو. لەو فیلمەدا ئەو کەسانەی بۆخۆیان ئەو سەردەم زیندانی بوون و ئەشکەنجە و ئازار دراون و حوکمی ئێعدامیان لەسەر بووە، قسەیان تێدا کرد. یەکێک لەو کەسانەی هەم لە فیلمەکەدا هەبوو هەم لە کۆڕەکەدا بەشدار بوو، کەسێک بوو کە دوای ئەشکەنجەیەکی زۆردا ناچاری دەکەن '' تۆبە'' بکا و ببێتە '' تەواب''. ئەو کارەدەکا و دواتر بۆ دڵنییایی زیاتر لێی کە بەراستیی تەوابە، دەیبەنە شوێنی ئێعدامەکان و ناچاری دەکەن تەقە لە هاوڕێیەکانی بکا کە حوکمی ئێعدامیان هەبوو. ناوبراو بە چاوی پڕ گریانەوە باسی ئەو کارەساتەی کرد کە لە ژێر گوشار و زەخت و زۆری جەلادەکانی ڕژیمی ئیسلامی دا بە سەری هێندرابوو.
کەسێکی دیکەی ناو فیلمەکە و بەشداری کۆڕەکە ناوی '' ئیرەج میسداقی'' بوو، ناوبراو ساڵی ١٣٦٧ زیندانی بووە و حوکمی ئێعدامی لەسەر بووە، بەڵام بە هەڵکەوت نایکوژن و رزگاری دەبێ. ناوبراو هەموو ئەو کارانەی لەگەڵیان کراوەو چۆنییەتی ئەشکەنجە درانیانی بۆ بەشدار بووان باسکرد. میسداقی گوتی مانگی گەلاوێژی ١٣٦٧ی هەتاویی، نیزیکەی ١٥ تا ٢٠٠٠٠ کەس بە فەرمانی راستەوخۆی خومەینی لە زیندانەکانی '' ئێوین، قزڵ حەسار و گەوهەردەشت'' ئێعدام کراون.
لە فیلمەکەدا وتووێژێک لەگەڵ '' ئایەتوڵا مونتەزیری'' کراوە، ناوبراو دەڵێ ئەمن دژی ئەو ئێعدامانە بووم، بەڵام قسەکەم بڕی نەکرد، مونتەزیری دەڵێ تەنانەت گوتم با لانیکەم لە مانگی '' موحرەم''دا ئێعدامەکان راگیرێن بەڵام ئەوەش ئاکامی نەبوو، تەنانەت خومەینی نامەیەکی بەدەستخەتی خۆی بۆ ناردم کە لەنامەکەدا فتوای ئێعدامی ئەو زیندانییانە و هەموو دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تێدایە.
هەروەها لە فیلمەکەدا ئەو کەسەی لە گۆڕستانی '' بەهەشتی زارا'' ئەو دەم قەبر هەڵکەن بووە، قسە دەکا و دەڵێ رۆژانە ٦٠ تا ٧٠ قەبر دەبوو ساز کرێ و بە شەو تەرمەکانیان دێنا و ژێر گڵیان دەکردن و نەیاندەهێشت کەس کێل و بەردیان بۆ دانێ. رۆژێک دایکی ئەو لاوانە بە پۆل دێن و گڵەکە هەڵدەدەنەوە و جەنازەی منداڵەکانیان دەناسنەوە. ئەو شوێنە ئێستا ناوی خاوەرانە و رژێم پێی دەڵێ '' لەعنەت ئاباد''.
لە کۆتایی کۆڕەکەدا پانێلێک کە لە '' نیما سەروستانی فیلمساز، هایدە دەرئاگاهی چالاکی سیاسی، سەعید تەقەوی چالاکی سیاسی و ئەندامی سەندیکای کرێکاری، ئارنە نوێنەری سەندیکای کرێکاری '' ئازەر و ساڵح حەمید نوێنەری عەرەبەکانی ئەهواز'' پێک هاتبوو، وەڵامی سەرنج و پرسیار و تێبینییەکانی بەشدار بووانیان دایەوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید

بۆ بینینی ئەو فیلمە بەڵگەنامەییە کرتە لێرە بکە


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 545 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact