. . . .


13 Apr 2015

بەشداری هەیئەتێکی کومیتەی ئۆرێبرۆ،ی ح د ک، لە ڕێوڕەسمی ٣٥ ساڵەی جین???


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ئاوریلی ٢٠١٥ی زایینی، لە سەر بانگهێشتی فەرمی کۆمەڵەی کوردانی فەیلی لە شاری ئۆرێبرو، هەیئەتێکی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە هاوڕێیان مامۆستا سیروان حەفیدی، کەریم بابەبکری، عومەر گەردی و ڕەحیم قادرزادە، لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی کارەساتی ٣٥مین ساڵیادی جینۆساید کردنی کوردانی فەیلی، لە لایەن حکومەتی ڕوخاوی بەعسەوە بەشداریان کرد. لەو ڕێورەسمە دا کە کۆمەڵێکی زۆر لە کوردانی هەرچوارپارچەی کوردستان و نوێنەرایەتی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بەشدار بوون، بەڕیز کەریم بابەکری، بەرپرسی کومیتەی حیزب لە شاری ئۆرێبرو پەیامی کومیتەی پێشکەش کرد. لەو پەیامە دا وێڕای مەحکوم کردنی ئەو جینایەتەی ڕژیمی گۆڕکراوی بەعسی فاشیت، بۆ جارێکی دیکە هاودەردی و پشتگیری حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ کوردانی فەیلی دووپات کرایەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە مانگی ئاوریلی ساڵی ١٩٨٠ی زایینی، بە فەرمانی سەدام حسێنی گەورە دیکتاتۆری عێراق، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کوردی فەیلی، بە تاوانی ئەوەی کە ئێرانین، ڕەگەزنامەی عێراقییان لێ سەندرایەوە و جگە لە دەست بە سەرداگرتنی هەموو ماڵ و سامانیان، کە دەیان میلیارد دیناری عێراقی دەخەمڵێندرێ، بەرەو سنوورەکانی ئێران وڵات بەدەر کران. هاوکات بەشێکی زۆر لە پیاوان و لاوە تازە پێگەشتووانی ئەو پێکهاتە گرینگەی گەلەکەمان، بێ سەروشوێن کران.
کوردانی فەیلی کە بە شێوە زاری لەکی دەدوێن، یەکێکن لە پێکهاتە گرینگەکانی گەلەکەمان و لە سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناوچەکانی خانەقین، مەندەلی، بەدرە و زوڕباتییە، لە باشوور و لە ڕۆژهەڵاتیش لە ناوچەکانی کرماشان، قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو نیشتەجێن. کوردانی فەیلی پەیڕەوی ئایینی شیعەن، هەر ئەوەش بووە بیانوویەک بۆ ئەوەی سەدام حوسێن، زر بێ بەزەییانە، لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕی ئێران و عێراق دا جینۆسایدیان بکات و لە خاکی عێراق دەریان کات.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی سوید
kurdi-faili.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 476 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact