. . . .


8 Apr 2015

سەردانی هەیئەتێکی کۆمیتەی حدک لە وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٨ ی ئاپریلی ٢٠١٥، هەیئەتێکی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ، پێکهاتوو لە خوسرەو قادری، بەرپرسی گشتی پێوەندییەکان و ناسر قادرپوور، بەرپرسی بەشی پێوەندییە بیانییەکان، لە سەر بانگهێشتنی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراستی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ، سەردانی وەزارەتیان کرد و لە لایەن خاتوو " هەیدی ئێلبورگی یوهانسێن" بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقای وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ پێشوازیان لێکرا.
هەیئەتی حیزبی دێموکرات، وێرای سپاس و پێزانین بۆ ئەو بانگهێشتنە، راپۆرتێکی تێروتەسەلیان ـ کە لە لایەن کۆمیتەی مافی مرۆڤی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئامادە کرا بوو ـ لە سەر وەزعی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٤ لە ئێران، تەحویلی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژیان دا. لە درێژەی کۆبوونەوەکە دا، هەیئەتی حیزبی باسیان لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، سەرکوتی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیەکان لە لایەن رێژیم و دۆخی خراپ و نالەباری زیندانییانی سیاسی کورد لە ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دا کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنە دا هاورێیانی بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە نۆروێژ، باسیان لە سەر رێکەوتنی نوێ ئێران و وڵاتانی ٥ کۆ یەک سەبارەت بە مەسەلەی ناوەکی ئێران کرد و داوایان کرد کە لە لایەن نۆروێژ و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، دوایی ئەو رێککەوتنە، مەسەلەی مافی مرۆڤ لە ئێران وە پشت گوێ نەخرێ و بەڵکو دەبێ زیاتر لە جاران زەخت بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لەو بوارەدا.
لە کۆتایی دا خاتوو هەیدی ئێلبورگی وێرای سپاس و دەستخۆشی بۆ ئەو زانیارییانە هیوای خواست کە بتوانن بە هاوکاری رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووکان بتوانن مەسەلەی رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان لە ئێران و وڵاتانی دیکە بەرەو باشتر بەرن.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 591 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact