. . . .


29 Mar 2015

لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی ک


ناوەندی هەواڵی- سوید: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی مارسی ٢٠١٥ی زایینی، بەرامبەر بە ٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید، بە مەبەستی هەر زیاتر بەرز و بەڕێز ڕاگرتنی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ٦٨مین ساڵەوەگەڕی لە سێدارەدانی پێشەوای مەزنی گەلی کورد و یەکەمین سەرۆک کۆماری حکومەتی کوردستان لە شاری مەهاباد، پێشەوا قازی محەمەد و هەڤاڵانی، هەروەها بۆ ڕێزگرتن لە پلە و پێگەی بەرزی هەموو شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانە گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بە بەشداری کەسایەتی سیاسی و تێکۆشەری ناوداری گەلەکەمان بەڕێز عومەر شیخ مووس ڕێوڕەسمێکی بەڕیوە برد.
ئەو سمینارە دا کە نوێنەرایەتی چەند حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی، چەندین کەسایەتی بەرزی سیاسی و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردستانییانی دانیشووتی وڵاتی سوید و ئەندام و دۆستانی حدک تێیدا بەشدار بوون، سەرەتا بە پێشکەش کردنی پەیامی کومتیەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە لایەن بەڕیز کەمال گروێسی، ئەندامی کومیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوید دەستی پێکرد. پاشان بەشداران بۆ ڕێزگرتن لە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و شەهیدانی گەلی کوردستان، چەند خولەکێک بە پێوە وەستان.
بە دوای ئەو دا تەوەرەکانی سمینارەکە بە وتەی پێشەکی بەڕێوەبەری بەرنامەکە بەڕێز سۆران عەلیپوور دەستی پێکرد. بەڕێز عەلیپوور پێشەکییەکی کورتی سەبارەت بە ژیان و خەباتی بەڕێز عومەر شیخ مووس پێشکەش کرد. پاشان بەڕیز عومەر شێخ مووس دەستی بە قسەکانی کرد.
بەڕیز شێخ مووس لە سەرەتای وتەکانی دا وێڕای ناردنی سڵاو بۆ هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان باسەکەی بە سەر چەند بەشێک دا دابەش کرد، کە هەرکام لەو بەشانە تایبەت بوون بە قۆناغە جیاوازەکانی کۆمار کوردستان. قۆناغی دامەزرانی کۆماری کوردستان تا ڕوخانی و کارتێکەری کۆمار لە سەر تاکی کورد و ئاستی دەسەڵات و پەڵهاوێژی کۆماری بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی و هەموو کوردستانی گەورە بە گشتی و هەروەها هەڵسەنگاندن و شۆبهاندنی کۆماری کوردستانی لەگەڵ شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی پێشووتری کوردی لە خۆگرتبوو. بەڕیز شێخ مووس ووتی: هەموو ساڵێک کە یادی گیان بەختکردووانی کوردستان دەکرێتەوە، یاد و بیروەری پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانی، سەدر و سەیفی قازی، بە تاجی هەموو یادکردنەوەکانی تر دەژمێردرێت. هۆکاری ئەوەش لە بەر گرینگی ناوەرۆک و نرخی سیمبۆلیکی کۆماری کوردستانە لە مێژووی گەلی کورد.
ئەو مرۆڤە گیان بەختکردووانە بۆ ئەوە گیانی خۆیان بەخت نەکرد کە تەنیا چەند کیلۆمەتریكی چوارگۆشە لە خاکی کوردستان ڕزگار بکەن، بەڵکوو مەبەستی ئەوان لە خەبات و تێکۆشان و سەرئەنجام بەخشینی گیانیان، بەدەست هێنانی ئازادی بۆ تاکی کورد، زاڵ کردنی دەسەڵاتی گەل و ڕزگار کردنی کورد لە هەموو جۆرە چەوسانەوەیەک بووە.
لە بەشێکی دیکە وتەکانی دا بەڕیز شێخ مووس باسی لەو کێشە و گرفت و ناکۆکییانە کرد کە بە درێژایی مێژوو بەرۆکی کوردی گرتووە و لەو پێوەندییە دا باسی لە وەسیەت و ڕێنوێیەکانی پێشەوا کرد کە لەو دا باسی یەکگرتوویی و یەکڕیزی کوردی کردووە هەر لەو سۆنگەشەوە ئاماژەی بە وتەکانی پرۆفیسۆرێکی ئەمریکی کرد کە ماوەیەک لەمەوبەر سەبارەت بە کورد کردبوونی. ئەو پرۆفیسۆرە وتبووی کە کوردەکان دەبێ یەکبگرن و فێری ئەوە ببن کە لە بەرامبەر یەکتر دا سازش بکەن. کێشەی سەرەکی کورد ئەوەیە کە ناتوانن ڕێکبکەون لە سەر ئجیندایەکی هاوبەش. پەیامی من ئەوەیە بیر لە ئاییندە بکەنەوە، بیر لە مندالەکانتان بکەنەوە و بیر لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانتان بکەنەوە و یەکگرتوو بن. ئێوە بە یەکگرتووی دەتوانن بە هەموو ویست و داخوازییەکانی خۆتان بگەن.
شێخ مووس کۆماری کوردستانی بە حکومەتێکی ڕوشنبیر و پێشکەوتنخوازتر لە شۆڕشەکانی پێشخۆی و تەنانەت زۆر شۆڕش و بزووتنەوەی جیهانیش زانی و هۆکارەکەشی گێرایەوە بۆ زانایی، خوێندەواری و هاوکات پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتی پێشەوا قازی محەمەد. بۆ ئەو ئیدعایەشی ئاماژەی بە کەسایەتییەکی وەک " عەبدولقادر جەزاییری و سنووسییەکانی لیبیا کرد کە تەنانەت شۆڕشەکەیان تا ئاستی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان بردووەتە پێش، بەڵام سەرەڕای ئەوەش نەیانتوانیوە وەک کۆماری کوردستان ئاستی ڕۆشنبیری گەلەکەیان تا ئەو رادەیە کە شەخسی قازی محمەد و کۆمارەکەی دەوریان لە ڕۆشنبیری کورد دا گێڕاوە کارتێکەر بن، ئەوەشی بە میراتێکی گەورە زانی کە بۆ ئێمە ماوەتەوە و پێوابوو کە گرینگ و پێویستە لە ئێستا دا بۆ سەرخستنی خەباتی کورد کەڵک لەو میراتە پڕ بەهایە وەرگرین کە ئەوەیش کوردستانی بوونی کۆمارە، کە پەلی بۆ هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان هاویشتووە. شیخ مووس ئەو کوردستانی بوونەی کۆماری گرێدایەوە بە کۆمەڵەی ژێ کاف و پێ وابوو کە کوردستانی بوون و هەستی ناسیۆنالیستی بەڕیوەبەران و سەرۆکایەتی ژ.ک بووەتە هۆی ئەوەی کە کۆماری کوردستانیش بە هەمان شێوە کوردستانی بیربکاتەوە و تەنانەت بە کردەوە ئەو ئەرکە گرینگە جێبەجێ بکات. خاڵێکی تری گرینگ کە لە کۆمار و سەرۆکایەتی کۆماری کوردستان دا زۆر بەهێز و درەوشاوەیە، ئەوەیە کە ئامادە بوون سەرەڕای هەموو مەترسییەکان، بەڵام لەگەڵ خەڵکی خۆیان بمێننەوە و گەلەکەیان بە تەنیا جێ نەهێڵن، کە سەرئەنجامی ئەو هەڵوێستەیان بەر پەت و سێدارەی دوژمن بوو.
پاش وتەکانی بەڕیز شێخ مووس کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند، پەیامی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە خوێندرانەوە کە بەشداری ئەو سمینارە بوون. دوای بە دوای ئەو پەیامانە دەرگای باس و خواس و وتووێژ بە ڕووی بەشداران دا کرایەوە و لەو بەشەش دا چەندین پرسیار ئاڕاستەی بەڕێزیان کرا، کە زۆر بە وردی وڵامی دانەوە.
پاش زیاتر لە ٣ کاتژمێر، سمیناری ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، لە ستۆکهۆڵم کۆتایی پێ هات.
پێویست بە ئاماژەیە کە کومیتەی ستۆکهۆڵمی حیزب، وەک کومیتەی خانەخوێ، هەموو ئەرک و ماندوو بوونی سمینارەکەی کەوتە ئەستۆ، کە جێی خۆیەتی لێرەوە سپاسی ئەو هەموو زەحمەتەیان بکەین.
کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 681 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact