. . . .


15 Mar 2015

بە خاک سپاردن و دوا ماڵئاوایی کردن لە تێکۆشەری دێرین کاک عومەر حەمیدی


ناوەندی هەواڵ- فینلاند: رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ی مارسی٢٠١٥ زایینی لەنێو ئاپۆراێکی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، تەرمی تێکۆشەری رۆژە سەختەکان، هاورێ عومەر حەمیدی بەخاک سپێردرا. پاشان بەشداربوانی کۆرە ماتەمینی،یەکە، هاورێ و هاوسەنگەران و دۆستانی نەمر عەمەر حەمیدی بە خوێندنەوەی سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب دوا ماڵئاوایی خۆیان لەو تێکۆشەرە نەبەزیوەی ڕێبازی کوردایەتی کرد و پەیمانی وەفاداریان لەگەل رێگاو رێبازی نوێکردەوە. دوای تەواوبوونی مەراسمی بەخاک سپاردن و ماڵئاوایی لە گلکۆی کاک عومەر، لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی شاری ڤاسا،ی وڵاتانی فینلاند، کۆرێکی ماتەمینی بۆ یادی بەرزی ئەم تێکۆشەر نەمرە رێکخرا. ئەم کۆرە ماتەمینیە کاتژمێر 1ی دوانیوەرۆ بە ئامادەبوونی ژمارێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و دۆست هاوسەنگەران و ئاواڵانی کاک عومەر لە شاری ڤاسای وڵاتی فینلاند دەستی پێکرد. خۆشەویستی کاک عومەری حەمیدی و رابردووی خەبات و گیانبازی و تێکۆشانی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و هەروەها بەردەوام بوون لەسەر باوەری نەتەوەیی و ئازادیخوازی و رۆحی بەرزی خەباتگێری و بەرنگاری و نیشتمان خۆشەویستی، ببوونە هۆکاری سەرەکی ئامادە بوونی ژمارێکی زۆر لە بەشداربوانی کۆرە ماتەمینیەکە. کۆمەڵێکی زۆر لە هاوڕێیانی حیزبی بە سەدان کیلۆمیتر رێگا ببرن یان لە وڵاتانی دوورو نزیکە خۆیان گەیاندبووە شاری ڤاسا بۆ ئەوەی دوایین ماڵئاوایی لە هاوری و هاو خەبا ت و هاو سەنگەریان کاک عومەری حەمیدی بکەن و هەروەها بەڵێنی بەردەوامبون لە خەباتی پێ بدەن. مەراسمی پرسە و ماتەمینی بۆ کۆچی ناوادەی کاک عومەرحەمیدی کاتژمێر ٢ی دوانیوەرۆ بە خۆلەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی کاک عومەرو سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان کاک حەسەن حاتەمی بە نوێنەرایەتی لە لایەن کومیتەی بەریوەبەری دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێمۆکرات پەیامێکی پێشکەش کرد کە تێیدا باسی لە خەبات و خزمەتەکانی کاک عومەر حەمیدی و دەورو نەخشی لە خەباتی سیاسیی و تەشکیلاتی حیزبیدا کردو رابردوی پڕ لە سەروەری کاک عومەری بەرز نرخاندو و رێز و ئەمەگناسیەوە یادی خزمەتە بەرچاوەکانی کاک عومەریان کرد لە ریزەکانی حیزبی دێکۆکراتی کوردستاندا. دواتر مامۆستاپەیمان شاعێری خاوەن هەست و هەڵوێست دۆست و هاورێی کاک عومەر حەمیدی بە خوێندنەوەی شێعرێک هەست و سۆزی خۆی بۆ کۆچی ناوادەی ئەو نەمرە پێشکەش کرد. دوابەدوای ئەو کومیتەی حدکا لە وڵاتی فینلاند پەیامێکیان خوێندەوە کە کاک خالید مەهابادی پێشکەشی ئامادەبوانی کرد. دواتر و لە برگەیەکی دیکەی کۆری پرسەو سەرەخۆشییەکەدا هەر یەک لە بەرێزان کاک عەبدوڵلە فەتاحی و کاک سەید ئەحمەد حوسەینی چەند وتەێکیان لەسەر کەسایەتی و تایبەتمەندییە بەرزەکانی نەمر کاک عومەر حامیدی پێشکەش کرد. هەر یەک لەو بەرێزانە بە پێی ئەزموونی دۆستایەتی خۆیان و ناسیاویان لە ماوەی خەباتی راستەوخۆی کاک عومەر لە حیزبی دێمۆکراتدا.، چ لە ژیانی شەخسی و خۆیدا و چ لە ژیانی سیاسی و کاری تەشکیلات و ئۆرگانی ناو ریزەکانی حیزبی دێمۆکرات، دەورونەخشی کاک عومەر حامیدیان بەرز نرخاند، هەروەها ئامادەبوونی کاک عومەر لە مەیدان جۆراوجۆرەکانی خەبات لە ناوچە جیا جیاکانی کوردستان، باوەربەخۆبوون و خاوەن رابوون لەسەر پرس و بابەتە سیاسی و تەشکیلاتییەکان، کاریگەری دانان لەسەر هەرچی باشتر بەریوەچوونی کارە سیاسی و تەشکیلاتییەکان بەتایبەتی لە کاتی خەباتی پێشمەرگانە و پارتیزانی لە رۆژهەلاتی کوردستان بەشێک لەو تایبەتمەندیانە بوو کە وەک دڵۆپێک لە دەریای خەباتی خۆنەویستانەی کاک عومەر حەمیدی باسی لێوە کرا. لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆرە ماتەمینیەدا کاک عەلی فەتحی وەک یەکێک لە ئاواڵ و دۆستانی نەمر کاک عومەر حەمیدی، بە خوێندنەوەی پەخشانیک و پارچە شێعرێک وەفا و ئەمەگناسی بۆ دۆست و هاورێی پڕ لە بیرەوەری رۆژانی رابردووی خۆی دەربری. لە بەشێکی دیکە ئەم کۆرە ماتەمینیەدا کاک کەریم فەرخەپوور بە نوێنەرایەتی لە لایەنی کەمپینی یەکبوون و یەکی بەفرانبار پەیامێکی سەرخۆشی پێشکەش کرد و بە چاوی رێزەوە هەڵوێست و باوەری قووڵی یەکگرتویی خوازی و هاوخەباتیانەی کاک عومەری،یان بەرز نرخاند و هیوای خواست کە وەک چون ئەندامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بوو، هاوکات تێکۆشەرێکی راستەقینەی یەکگرتوویش بوو. هاورێیان کاک سەید خدر میر سەیدی و مام کوردنژاد ئیبراهیمی بۆ یادی کۆچی ناوەختی کاک عومەر حەمیدی بە خوێندنەوەی شێعرێک وپارچە پەخشانێک، رێزیان لە خەبات و ماندووبی ئەم تێکۆشەرە نەمرە گرت. دواتر کاک کەریم رەسولی بەرپرسی کومیتەی حدک لەوڵاتی فینلاند لە پەیامێکدا سپاسی بەشدارانی کۆرە ماتەمینیەکە کردو بۆ جارێکی دیکە پەیمانی وەفاداری ئەندامانی حیزبی لە وڵاتی فینلاند بۆ رێگا و رێبازی کاک عومەر دوپات کردەوە. هاوڕێ کەریم ڕەسووڵی لە بەشێکی پەیامەکەی دا باسی لەوە کرد وەک چون کارکردنی کاک عومەر لە ریزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستاندا کاریگەر و وەربەخش بوە بۆمان ئەزمونەکانیشی رێ نیشاندەرمان دەبێ. دوا بەشی کۆری پرسە و سەرەخۆشی ئەو تێکۆشەرەی ماندوو نەناسەی ڕێبازی کوردایەتی، خوێندنەوەی سپاس نامەی بنەماڵەی کۆچکردوو بوو کە لە لایەن کاک حامید ئامۆزای کاک عومەر حەمیدییەوە پێشکەش کرا، کە تێیدا سپاسی بەشداری بەربڵاوی تێکۆشەرانی دێمۆکراتی کرد و سپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە رێگای دوور و نزیکەوە بەشداریان کردوە لە خەمی لە دەستدانی کاک عومەر دا هاوخەمیان بوون.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- فینلاند

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 868 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact