. . . .


7 Mar 2015

خۆپیشاندانی کوردانی دانیشتووی باشووری سوید دژ بە شەپۆلی لە سێدارەدا?


پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕیکەوتی ٧ی مارسی ٢٠١٥ی زایینی، لە سەر بانگەوازی کۆمەڵێک لە چالاکانی کورد و داکۆکی کارانی مافەکانی گەلی کورد لە ناوچەی سکۆنە، لە یەکێک لە گۆرەپانە سەرەکییەکانی شاری مالمۆ، هەڵکەوتوو لە باشووری سوید، بە بەشداری دەیان کەس لە چالاکانی کورد و نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان، خۆپیشاندانێک بۆ مەحکووم و ڕیسوا کردنی ڕژیمی کۆنەپەرست و دژ بە کوردی ئیسلامی ئێران و لە قاودانی سیاسەتی پەت و سێدارەی ئەو ڕژیمە و هەروەها نارەزایەتی دەربڕین دژ بە شەپۆلی ئێعدامی بەندییە سیاسی و عەقیدەتییە کوردەکان لە چاڵەرەشەکانی ڕژیمی تاران دا، بەڕیوە چوو.
سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی گەلەکەمان و سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب دەستی پێ کرد. پاشان بەڕێز شیرزاد خەراجیانی وەک یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە چەند وتەیەکی سەبارەت بە سیاسەتە دژ بە کوردەکانی حکومەتی ئێران هێنایە زمان و هۆنراوەی ڕژیمی سێدارەی ئیسلامیی شاعیرەی گەورەی کورد، مامۆستا شێرکۆ بێکەسی پێشکەش کرد. بە دوای ئەو دا ئازاد بانەیی بە نوێنەرایەتی کومیتەی سکۆنەی حیزبی دیموکراتی کوردستان چەند وتەیەکی لە پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتی سەرکوت و ئێعدامی ڕژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی و بێدەنگی وڵاتانی جیهان لە بەرامبەر ئەو ڕژیمە دا و هەروەها دەستێوەردانی ڕژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت عێراق و باشووری کوردستان پێشکەش کرد. بە دوای ئەو دا هەڤاڵ عەلی بە نوێنەرایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان پ ک ک چەند وتەیەکی هێنایە زمان. ئینجا هاوڕێ جەمال فەتحیان پارچە مقام و سروودێکی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی زیندانی پێشکەش کرد.
جێگەی ئاماژەیە کە خۆپیشاندەران بە وتنەوەی درووشم دژ بە ڕژیمی دژ بە کوردی ئیسلامی ئێران، سەرنجی ڕێبوارانی ئەو گۆڕەپانەیان بە لای خۆیاندا راکێشابوو، ئەوە جگە لەوەی کە دەیان وێنەی جۆراوجۆریان لەو بەندکراوە کوردانەی کە لە لایەن حکومەتی ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون بەرز کردبووەوە.
کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ بە گوتنەوەی سروودی ئەی شەهیدان خۆپیشاندانەکە کۆتایی پێ هات.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 563 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact