. . . .


10 Feb 2015

سکرتێری یه‌که‌می باڵیوزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌ریتانیا پێشوازی


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی فوریەی ٢٠١٥ کاتژمێری ٣ی پاشنیوەرۆ هەیئەتێک بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی هاوکاری حیزبە کوردستانیەکان سەردانی باڵێوزخانەی ئەمریکایان لە شاری لەندەنی پایتەختی بریتانیا کرد و لەلایەن بەرێز جاناتان پیسیا (Jonathan Peccia) سکرتێری یه‌که‌می باڵیوزخانەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
سەرەتای چاوپێکەوتنکە بە خۆناساندنی ئامادەبووان و کورتەیەک لەلایەن وتەبێژی کۆمیتەکە دەربارەی وەزعی سیاسی کوردستان و ڕوبەڕوبونەوە ی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ تیرۆریستان دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی نارەزایەتی و دڵگرانی لایەنە سیاسییەکان و گەلی کورد دەربارەی بەشداری نەکردنی نوێنەری کورد لە کۆنفرانسی لەندەن کە تایبەت بو بەڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و لە ڕۆژی ٢٢-١-٢٠١٥ گرێدرا گەیێندرایە باڵوێزی ئەمریکا، تاکوو ئەویش لای خۆیەوە بێگەیەنە دەستی کاربەدەستانی وڵاتەکەی.
ئینجا چەندین پرس و گفتوگۆ سەبارەت بە هاوکاری زیاتری هێزی پێشمەرگە لە ڕوی پێدانی چەک و تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنان و گوشاری زیاتر بۆ سەر تیرۆریستان هاتە بەر باس و نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد داوایان کرد کە وڵاتانی هاوپەیمان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بە ناردنی هێزی پیادە بەشداری لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستاندا بکەن.
پاشان بەڕێز "جاناتان پیسیا" دوای گوێگرتن لە داوا و پێشنیارەکان وەڵامی نوێنەرانی کوردی دایەوە
سەرەتا زۆر بە شێوازێکی جوان وەسفی پێشمەرگە و شەرڤانانی کرد، بۆ قارەمانەتی وخۆڕاگرییان و سەرجەم داوا و پێشنیارەکانی بە ئیجابی هەڵسەنگاند. بەڵێنیدا کە بەزوترین کات وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لێ ئاگاداردەکاتەوە .
ناو براو چەند پرسیارێکی ئاراستەی وەفدی ئامادەبوو کرد سەبارەت بە:
١.هێزی پێشمەرگەی کوردستان ویەکگرتنەوەی لە وەزارەتی پێشمەرگە دا و چۆنیەتی مەشق و ڕاهێنانیان و پێویستی چەک و تەقەمەنی کە لە بەردەستیاندایە.
٢. سوپای عێراق و ڕێژەی بەشداری کورد لەسوپای عێراقدا.
٣. ڕەوشی ئاوارەکان لەکوردستان و ئەوەی تا چەند حکومەتی عێراق پێداویستیەکانیان بۆ دابین دەکات.
٤. هێزە میلیشیاکان
وەفدی هێزە کوردستانییەکان بەوردی وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی دایەوە و بەرچاو ڕونی پێویستی پێدرا بو گەیاندنی هاوکاری بە هێزی پێشمەرگە و گەلی کورد لە باشووری وڵات.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە دا بەرێز مەولوود سوارە ئەندامی رێبەری و نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا، کورتە باسێکی سەبارەت بە باردۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کێشەکانی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان هێنایە بەرباس و ئاماژەی بەوە دا کە لە ئێستا دا کێشەی کورد لە ئێراندا لە تەوەری کاری کۆشکی سپی دا نیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە کورد کێشەی نیە و هەروەها باسێکی لەسەر هاتنە سەرکاری حەسەن روحانی و دانیشتنەکانی ئێران و گروپی (٥+١) و هەروەها پێشلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەت کوردستان کرد. بەڕیز سوارە لە درێژەی قسەکانی دا وتی: وتووێژ و دانیشتنەکانی ئێوە و ئێران لەمەر چەکی ناوەکی بۆ بەشێك لە کاربەدەستانی ئێران و بەتایبەت ئێوە زۆر گرینگە، بەلام بۆ خەڵکی ئێران و کوردستان ئەوە کێشەی سەرەکی نیە. نەتەوەکانی ئێران لەو رژیمە بێزارن و ماف و ئازادیەکانیان زەوت کراون و دێموکراسی و ئازادی تاک مانای لەلای ئەم رژیمە نیە. ئەوانە بۆ خەلک گرینگن نەک وتووێژی ناوەکی نیوان ئێران و ڕۆژئاوا کە ڕژیمی ئێران دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە کاتێکی زیاتر بۆ مانەوەی خۆی بەدەست بێنێ. بەشێکی دیکەی باسەکان مەسەلەی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و مەترسی لەسێدارەدانی زیاتر لە پەنجا زیندانی سیاسی کورد بوو، کە لەو پیوەندیەدا نامیلکەیەک بەنێو و ناسنامەی زیندانیەکانەوە پێشکەشی باڵوێزی ئەمریکا کرا و ئەویش بەلێنی دا کە ئەو نامیلکە بگەینێتە دەستی بەرێز جۆن کێری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی.
پاش زیاتر لە دوو کاتژمێر وتووێژ و دانووستان، کۆبوونەوەکە کۆتایی پێهات.

نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان- بریتانیا
usa-amabasad.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 677 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact