. . . .


10 Feb 2015

٦٩یەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری ترۆندهایمی وڵ??


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: کوردانی شاری ترۆندهایمی وڵاتی نۆروێژ لە رێوڕەسمێکدا، یادی 69یەمین ساڵی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان بەرز راگرت.
لەرێوڕەسمێکی بەشکۆدا کە دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە ١٨ی رێبەندان، بەرانبەر به‌ ٧ی فوریەی ٢٠١٥ی زایینی بەڕێوە چوو، له‌ لایان کوردستانیانی دانیشتووی شاری ترۆندهایمه‌وه‌ یادی کۆماری کوردستان به‌رز راگیرا..
سه‌ره‌تا له‌ لایان پێشکه‌شکارانی رێوڕه‌سمه‌که‌ خاتوو "که‌وسه‌ر میرزایی و خاتوو هۆزان ئاگوشی"یه‌وه‌، به‌ خێرهاتنی به‌شداربووان کرا و به‌رنامه‌که‌ بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی رەقیب" و چەند چرکەیەک بێدەنگی بۆ رێزگرتن له‌ یادی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێکرد. ئه‌و جار مۆمی 69 ساڵه‌ی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له‌ لایان نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانه‌وه‌ داگیرسا. پاشان پەیامی کوردانی شاری ترۆندهایم بە بۆنەوه‌ لە لایەن کاک "بێکەس بەرواری"یه‌وه‌ خوێندرایەوە.
ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای باسکردن لە رۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێشەوا "قازی محەممەد" لە دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا، ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی کۆمار لە باری سیاسی، کلتووری، فێركردن و ...کرد و کاریگەری هه‌نگاوه‌کانی کۆماری کوردستانی لەسەر داهاتووی خەباتی نەتەوایەتی گەلی کورددا بەرز نرخاند.
لە درێژەی پەیامەکەدا، "بێکەس بەرواری" ئاماژه‌ی بە دۆخی بەشەکانی دیکه‌ی کوردستان دا و گوتی: "سەرەڕای درێژەی شەڕ و قوربانیدان، دۆخی خەباتی گەلەکەمان هیوابەخشە و یەکیەتیی کوردان رۆژ لەگەڵ رۆژ بەهێزتر دەبێت." ناوبراو لە کۆتاییدا هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکراتی بە هەنگاوێکی گرینگ وەسف کرد و هیوای خواست ئەم یەکگرتنەوه‌یه‌ بە زوویی بێتە دی و پرۆسه‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ به‌ گیانی یه‌کتر قبووڵکردن بگاته‌ ئامانج. دوای پێشکەشکردنی پەیامه‌که،‌ کاک "رامین شێنانی" سروودێکی شۆڕشگێڕی پێشکه‌ش کرد و ‌رێوڕەسمەکەی رازاوەتر کرد. ئه‌مجار خاتوو "شەونم یەزدانپەناهی"، پارچە شێعرێکی به‌ ناوی "ناسنامه‌که‌م" پێشکه‌ش کرد که‌ له‌ نووسینی شاعیری شۆڕشگێڕی نه‌ته‌وه‌که‌مان مامۆستا "بێبه‌ش" بوو. گۆرانییەکی خۆش لە لایەن کیژە هونەرمەندی لاو، "رۆژان ئاگوشی" بڕگەی کۆتایی بەشی یەکەمی رێوڕەسمەکە بوو کە لە لایەن بەشداربووانه‌وه‌ بە گەرمی پێشوازی لێ کرا..
بەشی دووهەمی رێوڕەسمەکە، دوای پشوویه‌کی کورت، شاعیری لاو و هه‌ست ناسک کاک "کاوە حەسەنپوور"‌ شیعرێکی کورتی سه‌باره‌ت به‌ کۆمار خوێنده‌وه که‌ ئه‌ویش جۆش و خرۆشێکی دیکه‌ی به‌ هۆڵی رێوڕه‌سمه‌که‌ به‌خشی.
دانیشتنێکی دۆستانە و لە دەوری یەک و گوتنه‌وه‌ی چه‌ند گۆرانییەکی هه‌مه‌ڕه‌نگ له‌ لایان به‌شدارانه‌وه، چێژیکی دیکه‌ی دایه‌ ئه‌م یاده‌ پیرۆزه‌‌. به‌شی کۆتایی ئه‌و رێوڕه‌سمه‌ ته‌رخان کرابوو بۆ شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردی که‌ ئه‌م بڕگه‌یه‌ تا درانگانی شه‌و به‌رده‌وام بوو. شایانی باسە کۆمیتەکانی هەر دوو لایەنی دێموکرات لە شاری ترۆندهایم، هەوڵ و هاوکارییه‌کی بەرچاویان بۆ بەڕێوەچوونی ئەم یادە پیرۆزە له‌خۆ نواند.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 721 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact