. . . .


2 Feb 2015

بەرێوەچوونی کۆنفەرانسی ساڵانەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١ ـ ٠١ ـ ٢٠١٥ کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد بە بەشداری زۆرینەی ئەندامانی رێکخراوی یەکیەتیی ژنان کۆنفەرانسی ساڵانەی خۆیان بۆ هەرچی چالاکتر کردنی کۆنفەرانسی ساڵانەی خۆیان بۆ هەرچی چالاکتر کردنی رێکخراوەکەیان پێکهێنا.

شایانی باسە کە لەگەڵ ئەوەی دا بەفر و سەرمایەکی زۆر وڵاتی سوئێدی گرتۆتەوە، بەڵام بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی ئەندامانی چالاکی ئەو رێکخراوەیە لە رێگای دوور و نزیکەوە خۆیان گەیاندە شاری ئوررێبرۆ بۆ شوێنی کۆنفەرانسەکە و ئەوەش هەم دڵگەرمی بوو بۆ ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری و هەمیش هەست بە بەرسایەتی کردنی ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بوو بە نیسبەت رێکخراوەکەیان.
سەرەتا لە لایەن خاتوو موژدە عەزیزی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری و هەروەها وەک بەریوەبەری کۆنفەرانس بەخێر هاتنی گشت لایەک کرا، دوای سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێز گرتن لە شەهیدانی کوردستان کۆنفەرانسەکە راستەوخۆ دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
لە لایەن خاتوو موژدە عەزیزی ریزی بەرنامەکان پێشکەش کرا و ناوی دیوانەکانی بەرێوەبەری و دیوانی قەتعنامە خوێندرانەوە و دواتر لە لایەن بەشداربووانەوە پەسەند کران.
دیوانی یەکەم پێکهاتبوو لە خاتوو کوێستان بابایی و خاتوو نەسرین محەممەدی و کاک محەممەد ئەبووبەکری، ئەو بەرێزانەش وێرای پێشکەش کردنی باسێکی کورت داوایان لە خاتوو ئەسرین ئیسماعیلی وەک ئەندامی چالاکی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد کرد کە بێت و بە پێشکەش کردنی وتارێک کۆنفەرانسەکە بەرەسمی بکاتەوە.
خاتوو ئەسرین وێرای پیرۆزبایی و خۆشحاڵی دەبرینی خۆی گووتی: کار کردن لەو ڕێکخراوەیەدا بۆ من جێگای شانازی‌یە و بە ئەرکی سەر شانی خۆمی دەزانم کە بۆ گەشەکردنی ئەو رێکخراوەیە لەگەڵ هاورێیانم شان وەبەر کارو چالاکی‌یەکانی ئەو ڕێکخراوەیە بدەم، هاوکات ئاوڕێکی خێرای لە تێکۆشانی ژنان لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دایەوە و باسی لە خۆراگری ژنانی کورد لە هەموو بوارەکانی ژیان دا و بە تایبەت ژنانی پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگری لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و گووتی کە ناوی ژنی کورد و پێشمەرگەی ژن سنوورەکانی جیهانی بریوە و ئەوەش جێگای شانازی‌یە بۆ گەلی کورد و بە تایبەت ژنانی کورد.
لە بڕگەیەکی دیکەی دا داوا لە خاتوو شلێر حەسەن‌پوور بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد کرا کە بێت و وتاری خۆی پێشکەش بکات.
خاتوو شلێر وێرای سوپاس و رێزگرتن لە بەشداری بەرچاوی ئەندامانی رێکخراوەکەیان لە کۆنفەرانس‌دا گووتی کە بەشداری چالاکانەی ئێوە لەو کۆنفەرانسە دا مایەی دڵگەرمی و نیشانەی ڕێز لە کارو تێکۆشانی خۆتانە.
وتاری بەرێزیان ئاوردانەوەیەک بوو لە بەشێک لە کار و ئەرکەکانی یەکیەتیی ژنان بە گشتی و لە وڵاتی سوئێد بەتایبەتی و چەندین پرسیاری بەرەوڕووی ئەندامانی کردەوە بۆ ئەوەی لە ماوە کاری کۆنفرانس باسیان لەسەر بکرێ و ئاماژەی بەوە کرد کە رێکخراوەی یەکیەتیی ژنان لە نێو خۆی سوئێد لە باری یاسای‌یەوە توانیویەتی جێگای خۆی بکاتەوە و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ یاساکانی ئەو وڵاتە لە باری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و کولتوری‌یەوە بچێتە پێش.
سەبارەت بە مەسەلە نێوخۆی‌یەکانی یەکیەتیی ژنان گووتی کە ئێمە لە ماوەی کارکردنمان دا بە پێی ئیمکانی خۆمان هەوڵمان داوە سەردانی کۆمیتەی شارەکان بکەین و لە باری تەشکیلاتی نێوخۆیەوە خۆمان ڕێک‌وپێکتر بکەین. هەروەها گووتی ئێمە وەک رێکخراوی یەکیەتیی ژنان بێ کەم و کوری نەبووین، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کەم و کوری‌یەکانمان دەست نیشان کردوون هاوکات هەوڵمان بۆ چارەسەر کردنیان داوە، ئاماژەشی بە چەند خاڵ وەک گرفت لە کۆمیتەکەیان دا کرد و دواتر بۆ چارەسەری ئەو گیروگرفتانە چەندین پێشنیاری ئاراستەی کۆنفەرانسەکە کرد.
دوای وتاری بەرپرسی کۆمیتە سوئێد، خاتوو لەیلا محەممەدی ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامی کۆمیتەی حدک لە سوئێد پێشکەش کرد.
لە پەیامەکە دا هاتبوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە کردەوە نیشانی داوە کە هەردەم پشتیوانی لە بزووتنەوی ژنان کردوە و هاندەری ژنان بووە بۆ ئەوەی بێنەمەیدانی خەبات و تێکۆشان لە پێناو وەدەست هێنانی مافە ڕەواکانیان دا و هاوکات هەمیشە ئامادەی هەموو چەشنە هاوکاریەک بوون بۆ بەرەوپێش چوونی کاری ڕێکخراوەی ژنان.
دوای ئەم بەشە خاتوو سۆزان فەتحی وەک جێگری بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، ڕاپۆرتی کارو چالاکی نێوان دوو کۆنفەرانس باس کرد. سەرەتا خاتوو سۆزان گووتی ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا باسی لێوە دەکرێ کورتەیەکە لە زەحمەت و تێکۆشانی کۆمیتەکەمان بە گشتی‌یە و ئەگەر بمانهەوێ هەموو کارەکان باس بکەین ڕەنگ بێ کاتی زۆری زیاتری بگرێ.
خاتوو سۆزان باسێکی لە کارو چالاکی ساڵی ٢٠١٤ ی ڕێکخراوەکەیان کرد و بە گشتی هەموو ئەو کۆڕو کۆبوونەوانەی کە ڕێکخراوەکەیان پێکیان هێناوە و یا بەشدار بوون و یا بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی دیکە گرتبوویان ئاماژەی پێکردن و باسی لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی بەرێوەبەری لە ڕیگای حزووری و ئینترنێتیەوە کرد و گووتی ئەو کۆڕو کۆبوونەوانە سەرکەوتنەکانیان بۆ ڕێکخراوەکەمان بووە و هەروەک خاتوو شلێر لە وتارەکەی دا ئاماژەی پێدا، کۆڕو کۆبوونەوەکانمان بێ کەم و کوڕی نەبوون، بەڵام بە هیممەتی گشت لایەک توانیومانە ڕێکخراوەکەمان لە نێو کۆڕوکۆبوونەوەکان دا سەربەرز رابگرین و نێوی ڕێکخراوەکەمان لە لیستی ڕێکخراوە جێ باوەرکان دا بکەینەوە.
دوابەدوای پێشکەش کردنی ڕاپۆرتی کار و چالاکیەکان، داوا لە خاتوو جەمیلە کرمانج کرا کە بێت و بیلانی دارایی کۆمیتە پێشکەش بکات. بەڕێزیان بەوردی داهات و دەرکەوتەکانی کۆمیتەی بۆ بەشدارن خوێندەوە و هاوکات ئاماژەی بە شێوەی خەرجی‌یەکانی کۆمیتە و هەروەها وەرگرتنی داهات و حەقی ئەندامەتی کۆمیتەکەیان کرد و کۆمەڵێک نموونەی لە سەر هێنانەوە.
وەک پرنسیپ دەبوا چاوەدێری ماڵی خاتوو نیشتمان ئیراندووست راپۆرتی ماڵی پەسەند بکا، هەر بۆیە داوا لە خاتوو نیشتیمان کرا کە وەک چاوەدێری دارایی تێ‌بینی‌یەکانی خۆی لە سەر ڕاپۆرتی دارایی کۆمیتە دەرببرێ. خاتوو نیشتمان وێرای دەستخۆشی کردن لە بەرپرسی دارایی کۆمیتە ئاماژەی بە چەند خاڵێکی هەستیار کرد بۆ ئەوەی لە باری یاسای‌یەوە باشتر ئەو ڕێکخراوەیە کارەکانی بەرێتە پێش.
شایانی باسەکە بەشێکی بەرچاو لە بەشداربووان زۆر بە دڵسۆزی ئاوڕیان لە نێوەرۆکی ڕاپۆرتەکان دایەوە و بە سرنج و تێ‌بینی و ڕەخنە و پێشنیارەکانیان باسەکان و نێوەرۆکی راپۆرتەکانیان دەوڵەمەندتر کرد و هاوکات کۆمەڵێک پێشنیار و تێ‌بینی بەکەڵکیان بۆ کاری داهاتووی کۆمیتەکە و بۆ چارەسەری کەم و کوری‌یەکان باس کردن.
دوای باس و خواستی بەشداران و وەڵامدانەوەی بەشێک لە پرسیارەکان لە لایەن بەرپرسی کۆمیتە، ئەمجار بە تێکرای دەنگ ڕاپۆرتەکانی دارایی و کارو چالاکی لە لایەن بەشدارانەوە پەسەند کران.
لە بەشێکی دیکە دا بەرێوەبەرانی دیوانی یەکەم داوایان لە کاک حەمەرەسووڵ کەریمی کرد تا بە نوێنەرایەتی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سەر یەکێک لە ئەندامانی چالاکی ئەو ڕێکخراوەیە هاوڕێ خالید هەمزەیی قسەی بکات و وەک رێز لە خەبات و تێکۆشانی ماندوونەناسی کاک خالید هەمزەیی کە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوو دا پشتیوانی خۆی بۆ کار و ئەرک و چالاکی یەکیەتیی ژنان لەو وڵاتە بە تەواوی نیشان داوە خەڵاتێکی سیمبوولیکی لەلایەن کۆمیتە پێشکەش بە کاک خالید هەمزەیی کرد.
خاتوو فریشتە عەبباسی وەک ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە نوێنەرایەتی لە کۆمیتەی سوئێد لەوحەی ڕێزلێنانی پێشکەش بە دوو کۆمیتەی چالاکی یەکیەتیی ژنان لە سوئێد کرد. سەرەتا لەوحەی ڕێزلێنانەکە خوێندرایەوە و پاشان ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری شارەکانی لینشۆپینگ و ئورێبرۆ بانگهێشت کران و چەپکە گوڵی ڕێزلێنان لەگەڵ لەوحەی ئامادەکراو هەروەها لەگەڵ چەپڵەی گەرمی بەشداربووان پێشکەش کرا.
دوای ئەم بەشە خاتوو سکاڵا حەکیم‌زادە بە نوێنەرایەتی تێکرای ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە بەرپرسی ڕێکخراوەکەیان خاتوو شلێر حەسەن‌پوور چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لەوحەیەکی ڕێز لێنانی تایبەتیان لەگەڵ چەپکێک گوڵ و هەروەها لەگەڵ چەپڵەی گەرمی بەشداربووان پێشکەش بە خاتوو شلێر حەسەن‌پوور کرد، لەو بەشەش دا خاتوو شلێر وێرای سەری ڕیز و حورمەت دانواندن بۆ کاری ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری و ڕێزی بەشداربووان گووتی کە: وەک خۆم هەمیشە شانازیم بە ڕێکخراوەکەمان و بە هاوکاری و پشتیوانی ئێوە ئازیزانەوە کردووە، ئەمن خۆشحاڵم کە ئێوە ئازیزان ئاوا بە گەرمی و لە سەرما و بەفرە زۆرەدا لێرە کۆبوونەوە و ئەوەش بۆ من باشترین رێزلێنان بووە و سوپاسی هەموو ئێوە ئازیزان دەکەم کە هەمیشە پشتیوانیتان کردووم و سوپاسی هەموو ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری دەکەم کە بە ڕەخنە و پێشنیار و تێ‌بینی‌یەکانیان زانیاریان بۆ کارو چالاکی داوەتە من و سەرکەوتنی خۆم لە پشتیوانی ئەوان و هەموو ئێوە ئازیزان دەزانم.
دوای پشوو و لە بەشی دووهەم دا دیوانی یەکەم درێژەی بە کارەکانی خۆیدا و لە سەرەتای ئەم بەشە دا داوا لە خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدک و ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کرا کە چەند وتەیەک پێشکەش بکات. خاتوو گوڵاڵە سەرەتا خۆشحاڵی لە سەرکەوتنەکانی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان دەربری و گووتی: سوپاس بۆ ئەو ڕێکخراوەیە کە سەرەتای کاری خۆم لەو را دەست پێکرد و ئەو ڕێکخراوەیە بۆ من بوو بە پردێک بۆ ئەوەی زیاتر بە دوا کاری ژنان و مەسەلە کۆمەڵایەتی و سیاسی‌یەکان دا بچمە پێش و هەموو کات شانازیم بەوە کردووە کە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیەم و بە گشتی ئۆگری من لە گەڵ ئەو ڕێکخراوەیە وەک ئۆگری دایک و منداڵ وایە و هەرو ەک چۆن دایکێک ئۆگری بۆ منداڵەکەی هەیە و هەروەها منداڵەکەش ئۆگری بۆ دایکی هەیە و ئۆگری خۆم ئاوا دەبینم و ناتوانم ئەو ڕێکخراوەیە بە ئی خۆم نەزانم.
لە درێژەی کاری کۆنفرانس دا داوا لە بەرێز کاک سەعید بیگزادە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدک کرا کە بێت و چەند وتەیەک پێشکەش بکات. بەرێز کاک سەعید لە سەرەتای قسەکانی دا گووتی:
جێگای شانازی‌یە بۆ من کە لە سەر ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری و کارو چالاکی ڕێکخراوە یەکیەتیی ژنان قسە بکەم و سەرکەوتنەکانی ئەو ڕێکخراوەیە بۆ ئێمەش جێگای خۆشحاڵی‌یە و سەرکەوتنەکان زیاتر ئێمە ئۆگری ئەو ڕێکخراوەیە دەکەن و کار و ئەرک و ماندوونەناسیتان جێگای ڕێز و تەقدیرە و سوپاس بۆ ئەوەی ئەو شانازی‌یەتان بە من بەخشی کە دیاری‌یە سیمبولیکەکانی دیاری کراو پێشکەش بە کۆمیتەی بەرێوەبەری بکەم، با هەموومان ڕێز لە ماندوونەناسی ئەو پۆلە ژنە خەباتکارە بگرین کە کات و ساتی خۆیان تەرخان کردووە بۆ بەرەو پێش بردنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد و دواتر کۆمیتەی بەرێوەبەری دیاری سیمبولیکیان پێ بەخشرا.
دیوانی دووهەم پێکهاتبوو لە بەرێزان خاتوو سکاڵا حەکیم زادە، خاتوو نیشتمان عەزیزی و کاک سیاوەش قەوی‌پەنجە ئەو بەرێزانەش ریزی بەرنامەکانی بەشی دووهەمیان خوێندەوە و داوایان لە ئەندامان کرد کە هەر وەک بەشی یەکەمی کۆنفەرانسەکە بە دڵگەرمی و بە چالاکی بەشداری لەو بەشەش دا بکەن.
بەشی دووهەمی کاری کۆنفەرانس تەرخان کرا بوو بۆ قسە کردن لە سەر بەرنامەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد کە خاتوو سۆزان فەتحی جێگر بەرپرسی کۆمیتە بە وردی سرنج و تێ‌بینی‌یەکانی خۆی و دەستەی ئامادەکردن و پێداچوونەوە بە بەرنامەی سوئێدی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد باس کرد. خاتوو سۆزان وێرای خوێندنەوەی خاڵ بە خاڵ و ماددە بە ماددەی بەرنامەکە، لە هەمان کاتدا شیکاری تەواوی خاڵەکانی دەکرد و هاوکات بەشداربووان خاڵ بە خاڵ و ماددە بە ماددە تێ‌بینی و سرنجەکانی خۆیان بۆ دەوڵەمەندتر کردن و باشتر کردنی بەرنامەکە دەردەبری و ئەو بەشەش دوای زیاتر لە ٤٥ خولەک و تاوتوێ کردنی هەموو بەشەکانی بەرنامەکە و گۆنجاندنی چەند گۆرانکاری‌یەک لە بەرنامەی سوئێدی ڕێکخراوەکە دا بەگشتی لە لایەن بەشداربووانەوە بەرنامەی نوێی ئەو ڕیکخراوەیە پەسەند کرایەوە.
دوایە خاتوو شوعلە قادری بەرپرس دەرەوەی وڵاتی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانس چەند وتەیەکی لە سەر کاری ئەو ڕێکخراوەیە و ژنانی کورد بە گشتی و خەبات و تێکۆشانی ژنانی پێشمەرگە لە ڕۆژئاوای کوردستان باس کرد و گووتی بۆ ئێمەی ژن جێگای سەربەرزی‌یە کە ژنانی کورد وەک نموونەی ئازایەتی باسی لێوە دەکرێ. لە درێژەی قسەکانی دا و لە پەیوەندی لەگەڵ نەوژەن کردنەوەی کۆمیتە و هەڵبژاردنی کۆمیتەی بەرێوەبەری نوێ گووتی: هەموو ئەندامانی بەشدار لەو کۆنفەرانسە دا مافی خۆیانە کە خۆیان بەربژێر بکەن بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد و باسی دێموکراسی نێوخۆیی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان کرد و لە هەمان کاتدا دەستخۆشی لە گشت لایەک کرد و شێوەی بەشداری کردنی لە هەڵبژاردنەکان دا باس کرد.
لەم بڕگەیەش دا ئەندامانی یەکیەتیی ژنان بە هەست کردن بە بەرپرسایەیی لە ئاست ڕێکخراوەکەیان دا پۆلێک لە بەشداربووان خۆیان بەربژێر کرد و لە پرۆسەی هەڵبژاردن دا لە نێوان بەربژێرەکان دا ٧ کەس وەک ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری و ٢ کەس و وەک ئەندامی جێگر هەڵبژێردران و ئەو بەشەش کۆتایی پێهات.
شایانی باسە کە ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە گشتی لە درێژەی کارەکانی خۆیدا وەک ئەسڵێکی دێموکراتیکی نێوخۆیی هەر چەند ساڵ جارێک کۆنگرەی ڕێکخراوەیی خۆیان دەگرن و هەموو کۆمیتەکانیان لە دەرەوەی وڵات نوێنەر بۆ کۆنگرەکەیان کە لە کوردستان دەگیرێ، هەڵدەبژێرن، ئەوەش نیشان دەدا کە ئەم ڕێکخراوەیە لە باری یاسای‌یەوە و لە باری دێموکراسی‌یەوە پشتی بە ئەندامەکانی خۆی و بەرنامەی خۆی بەستووە و هەڵبژاردن بە گرینگترین ئەسڵی کاری ڕێکخراوەیی خۆیان دەزانێ.
لەم بەشەش دا داوا لە بەرێز کاک محەممەد ئیسماعیلی وەک هاوکاری خاتوو شوعلە لە هەڵبژاردن دا کرا کە چەند وتەیەک پێشکەش بکات و هاوکات لەگەڵ خاتوو شوعلە قادری سەرپەرەستی ئەو پرۆسەیە بگرنە ئەستۆ. بەرێز کاک محەممەد و خاتوو شوعلە لە باسەکەی خۆیاندا ئاماژەیان بە دێموکرات بوونی ئەو ڕێکخراوەیە کرد و وەک ئەسڵی کاری ڕێکخراوەیی چەند نموونەیەکی بەرچاویان لە شێوەی کاری ئۆرگانی هێنانەوە و بە پێی یاسای دارێژراوی یەکیەتیی ژنان کە هەمان بەرنامە و پێرەوی نێوخۆی یەکیەتیی ژنانە ئاماژەیان بە شێوەی خۆ بەربژێر کردن و هەڵبژاردن کرد و مافەکانی ئەندامیان لە ئاست هەڵبژاردن دا باس کرد.
جێگای ئاماژەیە لەو بەشەش دا کۆمەڵێک لە ژنان و پیاوانی بەشدار لەو کۆنفەرانسەدا وەک مافی تاک خۆیان بەربژێر کرد و لە پرۆسەیەکی تەواو دێموکراتیک دا چەند کەس وەک نوینەری کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد بۆ بەشداری لە کۆنگرەی ئەو ڕێکخراوەیە دا لە کوردستان هەڵبژێردران و بەرێز محەممەد ئیسماعیلی کۆتایی هەڵبژاردن و کۆنفەرانسی ڕاگەیاند و بەم شێوەیە کۆنفەرانسی گشتی کۆمیتەی سوئێدی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 689 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact