. . . .


25 Jan 2015

بەڕێوە چوونی جێژنی ٦٩ ساڵەی کۆماری کوردستان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی س


ناوەندی هەواڵ- سوید: ئێوارەی رۆژی ٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاویی بەرامبەر بە ٢٤ی ژانویەی ٢٠١٥ بە بەشداری سەدان کەس لە ئەندامان لایانگران و دۆستانی حیزب و کوردستانیانی دانیشتووی وڵاتی سوید، شەوئاهەنگێک لە شاری ستۆکهۆڵم،ی پایتەختی ولاتی سوید بۆ ڕێزگرتن لە ٦٩هەمین ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە لایەن کومیتەی سویدی حیزب و بە هاوکاری یەکێتییەکانی لاوان و ژنان و کۆمەلەی کوردی سویدی پێکهێنرا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە لە لایەن بەڕێوەبەرانی شەوئاهەنگەکە کاک کاروخ محەمەدپوور و لەیلا محەمەدییەوە بەخێرهاتنی میوانان و بەشدارانی شەوئاهەنگەکە کرا و دواتر بە گوتنی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان رێورەسمەکە دەستیپێکرد.
دواتر پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە لایەن هاوڕێ کەماڵ گروێسی ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حدک خوێندرایەوە.
لە پەیامی دەفتەری سیاسی دا هاتبوو:
پێکهاتنی کۆماری کوردستان، ئەو ڕووداوە سیاسی‌و نەتەوەییەیە کە دەهێنێ هەموو ساڵێ بە شانازییەوە یادی بکەینەوە. حیزبی دیموکراتی کوردستان، خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان‌و لەمەش زیاتر نەتەوەی کورد لە تەواوەتیی خۆی‌دا، هەر کامیان بە هۆ‌و دەلیلی تایبەت، لە سەریانە هەموو ساڵێ بەو پەڕی ڕێز‌و وەفاوە یادی ئەو ڕووداوە گرنگە بکەنەوە. حیزبی دیموکراتی کوردستان، حەقیەتی شانازی بە خۆی بکا، چونکە دامەزرێنەری ئەم دەوڵەتە پڕشوێنەوارە بووەو پێشەوای ئەم حیزبە، سەرۆکایەتیی ئەو کۆمارەی کردوە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، هەر وەک بە کردەوە سەلماندوویانە، لە شانازیکردن بەم ڕووداوە سیاسییە غافڵ نەبوون، چونکە کۆمار هەڵقووڵاوی ئیرادەی ئەوان‌و نوێنگەی ئارەزووی ئەوان بۆ ڕزگاربوون لە بندەستی بووە. دڵگەرم بە پشتیوانی‌و هاوکاریی ئەوان بوو کە پێشەوا قازی محەممەد‌و حیزبەکەی لە خۆیان ڕادی، دەست بۆ ئەم کارە گەوەرەیە، راگەیاندنی کۆماری کوردستان ببەن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامە دا هاتبوو: کۆماری کوردستان، ڕووداوێک نییە بە مێژوو سپێردرابێ‌و کۆتایی بە کاریگەرییەکانی هاتبێ.‌ کۆتایی هاتنی تەمەنی کورتخایەنی ئەو دەوڵەتە کوردییە، نەبوو بە کۆتایی ڕێچکەیەک کە حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و کۆماری کوردستان گرتبوویانە بەر. بە پێچەوانەوە، ئەم کۆمارە کوردییە، بەو خزمەتانەی لە ماوەی دەسەلاتدارەتیی خۆی لە بواری جۆراوجۆردا کردنی، رێگا‌و ئامانجێکی ڕوونی خستە بەردەم نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و نەتەوەپەروەرانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان:‌ڕێگای‌ ڕاگەیاندنەوەی دەسەلاتی کوردی‌و هەڵکردنەوەی ئالای کوردستان‌و پێکهێنانەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی‌ بە ناوەرۆکێکی دیموکراتیک‌و مەدەنی‌و سەردەمیانە لە دەرفەتی لەبارتری داهاتوودا. ئێمە دەزانین کە بەرەوپیشچوونی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و نزیکبوونەوە لە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، لە گرەوی یەکڕیزیی خەڵکەکەمان و یەکگرتوویی‌و هاوخەباتیی هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشە دایە. لەم بیرەوەرییە مێژووییە‌دا، جاریکی دیکە بەڵین بە خەڵکی کوردستان دەدەینەوە کە لە هەوڵ‌و تێکۆشان بۆ لێکنزیکبوونەوە‌و دروستکردنی بەستێنی گونجاو بۆ هاوخەباتی و کاری هاوبەش، غافڵ نەبین. هەر وەها بە باشی لەم ڕاستیە ئاگادارین کە یەکگرتوویی دیموکراتەکان، دەتوانێ کاریگەرییەکی گرنگی لە بووژانەوەی خەبات‌و گەشانەوەی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا هەبێ. لەم یادە دا، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بە ڕێز‌و پێزانینەوە ئاماژە بە هەوڵەکانی چالاکان‌و کەسایەتییە دڵسۆزەکانی کوردستان لە پێناوی بردنە پێشی داوای یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان بە تایبەتی لەمڕۆژانەدا، بکەین. بە دڵنیاییەوە ئێمە بە گێانێکی بەرپرسانە بەرەوڕووی پەیامی ئەوان کە لە ویستی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتوە، دەبینەوە. هیوادارین بە هەوڵی هەموو لایەک بوار و بەستێنی گونجاو بۆ جێبەجێبوونی ئەم ویستە پیرۆزە، پێک بێ.
دواتر پەیامی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو شللێر حەسەنپوور خوێندرایەوە.
بەرێز خاتوو شلێر لە بەشێک لە پەیامەکەی دا ئاماژەی بە بەشێک لە دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان کرد و گووتی:
ئەگەر سەرنج بدەینە دۆخی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەی نەریتی کورد لەو سەردەمەدا کۆمڵگای کورد پێکاهاتەیکی پیاوسالار بوو. پێشەوای نەمەر بە هەستکردن بە زەرورەتی بەرابەری‌و یەکسانی نێوان ژن‌و پیاو توانی ئەو بیرۆکەیە بە هەموو کەم وکوڕیەکانیەوە لەو سەردەمە دا دامەزرێنێ‌و وەرچەرخانێکی گرینگ بە قازانجی ژنان لە مێژووی ژنی کورد دا تۆمار بکا.
بۆیە بزووتنەوەی ژنان و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بەتایبەتی قەرزداری كۆماری كوردستان و شەخسی پێشەوا قازی موحەممەد، وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان و خاتوونی یەکەمی کوردستان مینا خانمی قازی یەکەم بەپرسی ڕێکخراوەی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامی یەکیەتیی ژناندا ئاورێک لە ژیانی ژنانی کوردستان لە ژێر سایەی کۆماری ئیسلامی ئێران دا درابۆوە و بەرێزیان گووتی:
لە كاتێكدا یادی ساڵوگەری دامەزرانی كۆماری كوردستان دەکەینەوە، كە كۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاقارێکی گەلێک هەستیار دا تێدەپەرێ. هێرشی دەمامک لە چاوانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بۆ سەر کچان و ژنان، بێ حورمەتی و دەستدرێژی و ئازار و ئەزیەت و ئەشکەنجەی ژنانی بەندکراو، پڕژاندنی ئەسید بە دەم و چاویان لە شەقامەکانی شار دا، بە کەم گرتن و بێ حورمەتی کردن نەپاراستنی مافی تاکەکان لە کۆمەڵگا بەگشتی، سەر فەسڵێکی دیکەی جنایەتەکانی کۆماری سێدارەی ئێرانە.
بێکاری لە کۆمەڵگادا و بە تایبەت بێکاری ژنان و تەریک کردنەوەیان لە بازاری کار، دۆخێکی دواکەوتوانەیە کە ژنانی کورد نابێ هەرگیز مل کەچی بن. داڕماندنی بە بەرنامەی نەریتە کۆمەلایتەکان، وەک شکاندنی کەسایتی ژنان بە موعتاد کردنیان بە مادە هۆشبەرکان و سیغەکردنی ٥ کاتژمێری دزێوترین کرداری نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانن کە ژنانی ئێران و ژنی کورد بەتایبەتی دەبێ هوشیار بن و بەهەموو شێوە بەرنگاری هەموو ئەو پیلانە دزێوانەی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئیران ببنەوە بەگژیاندا بچنەوە.
پاشان پەیام و برووسکەی حیزب و رێکخراوە کوردی و سوئێدییەکانی بەشداری رێورەسمەکە خوێندرایەوە کە بریتی بوون لە:
پەیامی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوئێد.
پەیامی '' سەنتەر پارتی'' لە لایەن خاتوو عەبیر ئەرسەلانی نوێنەری سەنتەر پارتی
پەیامە گەیشتووەکان
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پارتی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
کۆمەڵە ی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
حیزبی شیوعی کوردستان
کانوونی ئایینی کاکەیی (یارسان)
کوردستان تێ‌ڤێ
حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
پەیامی کۆمەڵە کولتوری‌یەکان لە سوئێد
کۆمەڵەی دڵپاکانی کورد
کۆمەڵگەی گەلی کوردستان
ناوەندی سوئێدی کوردی
کۆمیتەی کەم ئەندامان و بەساڵاچووانی لینشۆپینگ

بەشی هونەریی شەوئاهەنگەکە بە گۆرانیی هونەرمەندانی لاو و دەنگخۆشی کورد: رۆژ کەریم، شۆڕش بۆکانی و خاتوو باوان کەریمی تا کاتژمێر ١ی دوای نیوەشەو درێژەی هەبوو و میوانان بە هەڵپەڕکێ و شادی، یادی دامەزراندنی یەکەمین حکومەتی سەربەخۆی کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی سوید

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 948 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact