. . . .


18 Jan 2015

بەگزادە: هەموو لایەک وەک یەک خاوەندارەتیی حیزبی ئایەندە بکەن‌و خان


لە چەند حەوتووی رابردوودا باسی یەکگرتنەوەی حدک‌و حدکا لە چوارچێوەی حیزبێکی دێموکرات‌دا مانشێتی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ خۆی تەرخان کردوە، بۆ تیشک خستنە سەر چەند بابەتی پەیوەست بەم مژارە، لە دیمانەیەک دا سەعید بەگزادە، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی‌و جێگری بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان روانگەی حیزبەکەی دەخاتە روو.
دیمانە: جەعفەر شەریعەتی
لەناو ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌‌و ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراندا باسێکی گەرم سەبارەت بە یەکگرتنەوەی هەردووک لاتان دەگەڵ یەکتر لە ئارادایە، پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لە چ قۆناخێک دایە؟
گەرمبوونی ئەم باسە زۆر باشەو نیشانەی بەهەست بوون‌و بەخەمبوونی ئەندامانی هەردووک حیزبە بۆ ئایەندەی هاوبەشی دێمۆکراتی یەکگرتوو. ئەوەندەی دەگەرێتەوە بۆ ئەندامانی حدک‌و بەگشتی ئەم حیزبە، ئەم باسەی قەت کز نەکردوەو هەمیشە هەوڵی ئەمە بووە کە باسەکە بەگەرمی رابگرێ‌و هەوڵەکان سەرەرای هەموو کۆسپ‌و بێ‌وەڵامی یان کەم بەدەنگەوە هاتنی لایەنی بەرانبەر، بە زیندووی‌و چالاک رابگرێ. ئێستا کە هاورێیانی حدکاش ئاوا بەگەرمی بەدەنگەوە هاتوون راست ئەو مەبەستەیە کە دەبوو زۆر پێشتر روویداباو هەوڵەکان رژدتر کرابان. بەڵام ئێستاش ئەوەندە کافی نییەو ئەندامانی هەردووک لا دەبێ بەتایبەت لە کۆبوونەوەکاندا زۆر راشکاوانەو بێ‌پەردە بەرپرسانیان بێننە نێو ئەم باسانەو داوای چارەسەرییان لێبکەن. دەبێ مەبەست‌و چۆنیەتیی تێكەڵبوونەوەی هەردووک لا بەجۆرێک کە حیزبی دێمۆکراتی پێ بەهیز ببێ‌و هەموو لایەک وەک یەک خاوەندارەتیی حیزبی ئایەندە بکەن‌و خانەخوێ‌و میوانی تێدا نەبێ بێتە ئاراوەو رێگاکانی دەست نیشان بکرێ.
هیچ لامان بەو جۆرە قۆناخ بەندی پرۆسەکەمان نەکردوە کە ئەمە قۆناخی یەکەمەو ئەمەیان چوار، هەتا بڵێم لە کوێن.! بەڵام هەتا ئێستا ئێمە تەرحیکمان پێشکەشی ئەو هاورێیانە کردوەو ئەوانیش باسێکی شفاهیان هێناوە. ناڵیم کەمەو ناکرێ ببێتە بناخەو باسەکانی لەسەر دروست بکرێ، بەڵام بۆ تێکەڵ کردنەوەیەکی بەهێزو بە ئەزموونی تێکەڵبوونەوەی سەقەتی پێشوو لە کۆنگرەی ١٠ کە هەردووک لامان ئێستاش بە چاوی خۆمان ناکارایی ئەم موهەندیسیە دەبینن، زۆر کەمە.

مستەفا هیجری لە دوایین وتووێژی‌دا لەگەڵ "تیشک" دەڵێ کە ئێوە لە هەڵوێستەکانتان‌دا شکستان خواردووە لە حاڵێک‌دا ئارمی حیزبەکەتان نیشانەی دابەشکراویی کوردستانی بۆ چوار بەش تێدایە، بەڵام ئێستا بۆ خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەراونەتەوە، وەڵامتان بۆ ئەو بۆچوونەی ناوبراو چییە؟
ئەوەی کە بەریز کاک مستەفا راست هاوکات لەو سەروبەندەدا هەم باسی یەکگرتنەوە دەکاو هەم باسی شکستی ئێمە دە هەڵوێستەکانماندا، خۆی زۆر جێگای باسەو قسە هەڵدەگرێ، بەڵام ئەوەی ئێمە لە هەلوێستێکماندا شکستمان هێنابێ من دەگەڵ بەریزیان نیم. ئێمە بروامان لەسەر ئەوە بووە کە کورد یەک میللەت‌و کوردستان یەکپارچەیە، بەڵام هەمیشە گوتوومانە کە ئەم وڵاتە دابەشکراوەو دەگەڵ ئەوەی کە چارەنووسی هەمویان بە یەکتر مەربووت دەبێ، بەڵام چارەو جێگای باسەکان لە هەر چوار پارچە جیاوازن لە یەکتر.
دەگەڵ ئەوەی کە هەموو پشتیوان‌و هاودەردو چارەنووسین، دەبێ هەر کامەش کارو چالاکیی خۆی لە شوێنی خۆی بێ. پێم سەیرە بەرێزیان سەرنجی نەداوەتە ئەم بەشە کە ژیانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بەگشتی زیاتر لە ماڵی برا بووە هەتا ماڵی خۆی! ئەگەر بەشێکی ئەم حیزبە هەوڵبدا ماڵی خۆی ئاوەدان کاتەوە خەراپیەکەی کە کوێیە؟!
بەشیکی زۆری کێشەو موشکلاتی حیزبی دێمۆکرات ئەوەیە کە لە شوێنی ژیان‌و تێکۆشانی خۆی نییەو دوور لە جێگای سروشتی خۆی خەبات دەکا. ئەوەندە بە کێشە سیاسی‌و کۆمەلایەتییەکانی وڵاتی خۆیەوە سەرقاڵ نەبووە کە بە کێشەی چووک و نەحاوانەوەی ئۆرگانەکانی خۆیە گرفتارە، بەشی زۆری نەحاوانەوە دەگەڵ یەکتریش هەر لەوەرا سەرچاوەی گرتوە. ئێمەش پێمانوایە نەک ئێستا، بەڵکوو پاش ئەوەی کە تێکەڵیش بووینەوە دەبێ هەموو هەوڵی خۆمان ئەوە بێ کە ماڵی خۆمان ئاوەدان بکەینەوەو بچینەوە شوێنی ئەسڵیی خەبات‌و چالاکیمان. ئەوەش هیچ دژایەتییەکی دەگەڵ هەڵوێستەکانی تا ئێستامان، یان دەگەڵ نەتەوەی بوونی ئێمە نیەو بەڵکوو راست لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ئەم بۆچوونەمان دایە.

لەناو ئەندامانی حیزبەکەی ئێوەدا باسی دارشتنەوەی دێموکراتی یەکگرتوو لە سەرجەم ئۆرگانەکانی حیزب‌دا دەکرێ، بۆ وێنە، راگەیاندن، ناوی حیزب، ئارم‌و تەنانەت دارشتنەوەی شێوەی خەباتتان بۆ داهاتوو، ئەو باسانە بوونەتە بەشێک لە تەوەری کۆبوونەوەکانتان تا ئێستا لەگەڵ حدکا؟
راستیت بووێ، زۆر کەم. هەر بۆیەش پێشتر گوتم کە هاورێیان تەرحێکی شفاهیان هێناوە، بەڵام ئێمە لە روانگەی خۆمانەوە تەرحی خۆمان هەیەو بەشێکیشی تەحویلی ئەوان دراوە. بەڵام تەرحی لایەک بەتەنێ ناتوانێ هەموو گرێ‌کوێرەکان بکاتەوە. دەبێ ئەوانیش بەوردی نەزەری خۆیان باس بکەن‌و لەسەر تەرحی هەر دووک لا حیزبی دێمۆکرات دارێژرێتەوە. بەڵی چۆنیەتیی ئیدارەی حیزب لە داهاتوودا زۆر گرینگە، چۆنیەتیت تەعامول دەگەڵ یەکترو تەحەمولی یەکترو دێمۆکراسی ناوخۆیی‌و، لەهەموان گرینگتر شێوەی ئیدارەی حیزب بە جۆرێک کە پێش بەسەرهەڵدانەوەی کێشەی نێوخۆیی بگرێ زۆر گرینگە. ئەوانە دەبێ تەوافوقی بن‌و ساخبوونەوەیان لەسەر بکرێ، دەنا بە هیندێک وشەی گشتی کە تێکەڵ دەبینەوە، هەر کێشەو باسەکە لەکۆڵ خۆ کردنەوەیە هیچی دیکە.
ئەو حیزبە ئەوە جاری یەکەمی نییە کە تووشی لێکترازان دەبێ، ئەوەڵ جاریش نییە کە باسی تێکەڵبوونەوە دەکا. دەبێ قبووڵ بکەین کە ئەو حیزبە کەمایسی هەیە لە ئیدارەو دێمۆکراسی نیوخۆییدا بۆیەش تووشی کێشەو لەتبوون دەبێ. ئەگەر بمانهەوێ تێکەڵ بینەوەو بۆ ئەوەی لێکجیا نەبینەوە، ئەوەش دەبێ قبوول بکەین کە تێکەڵبوونەوەکانی پێشوومان سەقەت‌و ناسەرکەوتوو بوون. دەبێ قبووڵمان بێ کە ئەو تێکەڵبوونەوەی پێشوو بە نییەتی باش‌و بۆ بەهیز کردنی حیزبی دێمۆکرات موهەندیسی نەکرا‌و تەنیا خۆلەمێشێک بەسەر پۆلۆی زۆر بەهیزداکران‌و، ئاگرەکە نەکوژێندرایەوە. ئەوەش شتێک نییە کە هیچمان تێی‌نەگەیشتبین، هەم لایەنی حدكاو هەم ئێمەش باش ئەوە دەزانین‌و پێموانیە هیچیشمان خوازیاری دووپات کردنەوەی تەجرەبەیەکی ئاوا فەشل ببین. بۆیەش دەبێ هەردووک لامان زۆر دڵ گەوری‌و بەو نییەتە کە هەموومان خاوەن ماڵ، هەموومان ساحەبی هەڵە‌و سەرکەوتنەکانی رابردوین‌و بە نییەتی بەهیز کردنی حیزب‌و رێبەری کردنی جولانەوەی کورد لە رۆژهەڵات، بەرەو تێکەڵ کردنەوەی ئەم حێزبە بچین. ئەوەش دەبێ زۆر بە وردی‌و وەستایانە بکرێ. دەبێ هەموو ئیدارەکان تەواوفوقی بن.

ئەو کولتوورەی کە بە سەرچاوەی سەرەکیی لێکترازانتان لەگەڵ حدکای دەزانن، چەندە گۆڕانی بەسەردا هاتووە کە ئێستا گەیشتوونەتە ئەو دۆخە کە بەرەو یەکگرتنەوەتان دەبا؟
خەڵکەکە بەشێکی زۆری هەر ئەوانی پێشوون، بەڵام خوێنی تازەش دە رێبەری هەر دووک لا داهەن، ئەوەی کە کولتووری لێکترازانەکان ئاڵوگۆری بەسەردا هاتوە یان نا، زەحمەتە ئاوا وەڵام بدرێتەوە. بەڵام شەرایەت‌و هەلومەرج زۆر گۆراوە. زەروورەتی حیزبێکی بەهێز زۆر زیاترە لە جاران، پێویستی چرتر کردنی خەبات لە ناوخۆی وڵات زیاترە لە جاران. بۆ ئەوەی بتوانین لە موعادلاتی ئێران‌و ناوچەکەدا هەبین‌و بمان بینن‌و بەشی خۆمان حیسابمان بۆ بکەن، دەبێ زۆر بەهێز‌و تواناتر بین لە ئێستا. زۆر بەراشکاوی بڵێم بە هەر دووکمان زۆر بەهێز نین قسەی کوردی ئێران بکەین، چ بگا بە لەتێکمان. ئەم راستییانە دەتوانن کاریگەریان لەسەر گۆرانی کولتوورە نەعاملاوەکە هەبێ.

باسی کۆبوونەوەی دەفتەری سیاسیی هەر دوو دێموکرات دەکرێ کە بەم زووانە بۆ تاووتوێی کێشەکانی نێوانتان ئەنجام بدرێ، ئەم کۆبوونەوەیە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمییە یان لەو دانیشتنەدا رێککەوتنێکیش دێتە ئاراوە؟
بەڵێ راستە، قەرارە بەم زووانە دەفتەری سیاسی هەردووک لا بە حزوری هەردووک بەریزانی سکرتێر، کۆببنەوەو بە راشکاوی ئەم باسانە بێینە گۆرێ. نازانم مەبەستی بەریزتان لە یەکەم کۆبوونەوەی رەسمی چییە، بەڵام هەتا ئێستا چەند جار هەیئەتی هەردووک لامان بەرەسمی دەگەڵ یەکتر دانیشتوون، دیارە دەکرێ بڵێم کۆبوونەوەی لەو ئاستەدا بەڵێ ئەوە یەکەمجارە.
هیوادارم ئەم کۆبوونەوەیە زۆر شت چارەسەر بکاو زۆر گرێ کوێران بکاتەوە، بەڵام پێموانییە بە یەک کۆبوونەوە هەموو شتیك تەواو ببێ. ئەو کۆبوونەوە دەتوانێ رێگا بۆ هەیئەتەکانی هەردووک لا کە پێویستە لە فکری تێکەڵکردنەوەو، کۆنگرەی داهاتوو و ئۆرگانەکان‌و تەوافوقی ئیدرارەی داهاتووی حیزب، خۆش بکا.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1801 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact