. . . .


18 May 2009

له‌ سویس سه‌باره‌ت به‌ پرسی په‌نابه‌ران، ئائیسکا سمینارێکی پێک?


سویس: هه‌ر وه‌کوو له‌ پێشوو دا رامان گه‌یاندبوو، له‌ رۆژی 5.16 دا له‌ شاری لوزێرن به‌ به‌ شداری ده‌یان که‌س له‌ په‌نابه‌ران و په‌ناخوازانی کورد له‌ شوێنه‌ جۆراوجۆره‌کانی وڵاتی سویس و هاتنی نوێنه‌رایه‌تی چه‌ند حیزب و رێکخراوی کوردی و سویسی، که‌ له‌م رۆژه‌ دا بۆ باس له‌ سه‌ر گیر و گرفته‌ کانیان کۆ‌ببوونه‌وه‌، له‌ سه‌عاتی 2.30 ده‌قیقه‌ی دوای نیوه‌رۆ ده‌ستی به‌کاره‌کانی خۆی کرد.
سه‌ره‌تا ره‌حمان ئیبراهیم زاده‌ رێکخه‌رو به‌رێوه‌به‌ری سیمیناره‌که‌ به‌خێرهاتنی به‌شدارانی کرد و، ریزی به‌رنامه‌کانی به‌ زمانی کوردی راگه‌یاند و پاشان نارین ئیبراهیم زاده‌ به‌رێوه‌بری به‌رنامه‌که‌ ده‌قی به‌رنامه‌که‌ی به‌زمانی ئاڵمانی خوێنده‌وه‌ و پاشان بانگهێشتنی له‌ یه‌که‌م سوخه‌نرانی کۆنفرانسه‌که‌ به‌ڕێز مۆهه‌ندیس ئاسۆ پیرۆتی کرد. به‌ڕێزیان به‌ شێوه‌یه‌کی زانستیانه‌ باسێکی سه‌باره‌ت به‌ مێژووی کورد و هه‌روه‌ها هۆیه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی په‌نابه‌ری و ئاواره‌بوونی ڕۆڵه‌کانی کورد ی به‌ هه‌ر دو زمانی کوردی و فه‌ڕانسه‌وی بۆ به‌شداران شی کرده‌وه‌ و داواشی له‌ به‌رپرسانی به‌شی په‌نابه‌ری کرد که‌ په‌نابه‌ر و په‌ناخوازانی کورد باشتر ده‌رک بکه‌ن و ڕاستیه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌ ژیانی پڕ له‌ نه‌هامه‌تیان وه‌کوو خۆی له‌به‌ر چاو بگرن وئه‌وه‌نده‌ی له‌ توانایان دایه‌ یارمه‌تی په‌نابه‌رانی کورد بکه‌ن. ناوبراو له‌ باسه‌ پڕ ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی دا زۆر جار بۆ سه‌لماندنی ڕاستیه‌کانی ژیانی میلله‌تی کورد له‌ وته‌و قسه‌ی که‌سایه‌تی و نووسه‌ره‌ خاریجیه‌کان که‌ڵکی وه‌رده‌گرت و به‌م جۆره‌ زیاتر سه‌رنجی به‌شدار بوان و به‌ تایبه‌ت به‌شدار بووه‌ سویسیه‌کانی بۆ لای باسه‌که‌ ڕاده‌کێشا.

به‌ دوای وته‌کانی به‌ڕێز ئاسۆ پیرۆتی دا، نۆره‌ گه‌یشته‌ به‌ڕێز دوکتۆر هانسیۆرگ فۆگێل باسێکی سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی ژیان و کێشه‌کانی په‌نابه‌ری له‌ وڵاتی سویسی پێشکه‌ش به‌ ئاماده‌ بووان کرد، که‌ وته‌کانی به‌ڕێزیان له‌ لایه‌ن کاک هیوا ناسحه‌وه‌ هاوکات بۆ سه‌ر زمانی کوردی ته‌رجوومه‌ ده‌کرانه‌وه‌. سێهه‌م که‌س که‌ له‌و کۆنفرانسه‌دا وته‌ی پێشکه‌شی به‌شدار بووان کرد خاتوون هێلێن فۆن فلۆه بوو. ناوبراویش له‌ ماوه‌ی نزیک به‌ 20 ده‌قیقه‌دا سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌ی په‌نابه‌ر و په‌ناخوازی بۆ به‌شداربووان دوا و لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌کان به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی بۆ ئاماده‌ بووان شی کرده‌وه‌. خاتوون ئاوێزان ڕه‌حمان زاده‌ وته‌کانی خاتوون هێلێنی هاوکات به‌ زمانی کوردی بۆ به‌شدار بووان وه‌رده‌گێڕایه‌وه‌. دوای نزیک به‌ چاره‌گه‌ سه‌عاتێک پشووی ڕه‌سمی، به‌شی دووهه‌می درێژه‌ی کێشا. له‌م به‌شه‌دا چه‌ند که‌سێک له‌ په‌نابه‌ر و په‌ناخوازان قسه‌یان کرد. له‌وانه‌: خاتوون به‌هار سه‌باره‌ت به‌ هه‌ل و مه‌رج و ژیانی په‌نابه‌ران له‌ وڵاتی تورکیه‌عومه‌ر شادروو له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ژیانی په‌نابه‌ران له‌ باشووری کوردستان و ئه‌و فشار و زه‌برو زه‌نگ و کوشت و کووشتاره‌ی له‌وێ له‌ سه‌ر په‌نابه‌ران هه‌بوو بۆ ئاماده‌ بووان دوا. ناو برا و له‌م پێوه‌ندیه‌دا کۆمه‌ڵێک سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌ی خسته‌ به‌رده‌می به‌شدار بووان و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک وێنه‌ی له‌ ناو سێدێیه‌ک دا پێشانی به‌شداربووان دا، که‌ تێیدا زوڵم و زۆری و توند و تیژی پۆلیسی تورکیه‌ی له‌ حاست په‌نابه‌ران له‌ وڵاتی تورکیه‌ ده‌خسته‌ ڕوو. له‌م به‌شه‌شدا کاک هیوا ناسح ئه‌رکی وه‌رگێڕانی له‌ سه‌ر شان بوو.کاک چیا ئیبراهیمی و کاک زاهید شلماشی باسی ژیانی په‌نابه‌ری خۆیان و بنه‌ماڵه‌که‌یان له‌ وڵاتی سویس کرد. له‌م به‌شه‌شدا خاتوون ئاوێزان وته‌و قسه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی وه‌رده‌گێڕایه‌وه‌ سه‌ر زمانی ئاڵمانی.به‌ دوای باسه‌کانی ئه‌و به‌ڕێزانه‌دا ماوه‌یه‌ک بۆ پرسیار و پێشنیاری به‌شداربووان ته‌رخان کرا . که‌ له‌م به‌شه‌ش دا کۆمه‌ڵێکی به‌رچاو به‌شداریان کرد و سه‌رنج و تێبینیه‌کانی خۆیان خسته‌ ڕوو. پاشان هه‌ر یه‌ک له‌ به‌ڕێزان دوکتۆر فۆگێل و خاتوون هێلێن وڵامی به‌شدار بووانیان دایه‌وه‌ .ئه‌و باس و ڕاوێژانه‌ هه‌تا کاتژمێر 6:30 ده‌قیقه‌ی ئێواره‌ درێژه‌ی کێشا. پاشان دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونه‌وه‌ سه‌ره‌کیه‌که‌، له‌ سه‌ر پێشنیاری به‌شداربووان، په‌نابه‌ر و په‌نا خوازان به‌ یه‌که‌وه‌ درێژه‌یان به‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ دا و سه‌رنج و تێبینی و هه‌روه‌ها پێشنیاری خۆیان سه‌باره‌ت به‌ کار و باری په‌نابه‌ری له‌ سویس خسته‌ ڕوو و هه‌موو یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕا بوون که‌ ده‌بێ به‌ بێ له‌به‌ر چاوگرتنی بیرو باوه‌ری حیزبی، له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ر کردنی مافه‌ ئینسانیه‌کانیاندا به‌ یه‌که‌وه‌ تێ بکۆشن و له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ حه‌ره‌که‌ت و تێکۆشانێک دا پشتو په‌نای یه‌ک بن. ئه‌م به‌شه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ش تا دوای کاتژمێر 8 درێژه‌ی کێشا.به‌م جۆره‌ یه‌که‌م سمیناری ڕێکخراوی ئائێسکا سه‌باره‌ت به‌ کار و باری په‌نابه‌ری له‌ وڵاتی سویس کۆتایی به‌ کاره‌کانی هێناو به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی گه‌رم و گووڕی باسه‌کان و هه‌روه‌ها به‌شداری ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ په‌نابه‌رو په‌ناخوازی خاوه‌ن بیرو ڕای جیاوازی حیزبایه‌تی، که‌ هه‌موویان له‌ باسه‌کانیان دا زیاتر پێیان له‌ سه‌ر یه‌کده‌نگی و یه‌کڕایی هه‌موو لایه‌ک داده‌گرته‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی هه‌ندێک که‌م کۆڕی لاوه‌کی که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێ له‌ سه‌ر ئه‌سڵ و گرینگی باسه‌که‌ له‌ نه‌وعی خۆی دا کاریگه‌ری ئه‌وتۆ دابنێ، که‌ بێگوومان هه‌موو هه‌نگاوێکی سه‌ره‌تایی له‌ هه‌موو بوارێک دا ئه‌و شته‌ی لێ به‌دی ده‌کرێ، ده‌توانین بڵێین سمینارێکی زۆر سه‌رکه‌وتوو بوو. به‌ڵام با ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێ که‌ کاتێک زیاتر گرینگی ئه‌و جۆره‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وانه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌، که‌ لێره‌ کۆتایی پێ نه‌هێنین و به‌رده‌وام بین له‌ به‌ستنی وه‌ها سمینار گه‌لێک بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ یه‌ک تێ بگه‌یین و زیاتر ده‌رد و مه‌رگی هاوچاره‌نووسه‌کانمان به‌ گوێی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بگه‌یه‌نین.
aeska-penaberan.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1445 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact