. . . .


13 Dec 2014

سەردانی بەڕێز سکرتێری گشتی ح د ک و هەیئەتی هاوڕێی بۆ لای بەڕێز سارم خا??


ناوەندی هەواڵ- سویس: پاشنیوەرۆی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی دسامبری ٢٠١٤ی زایینی، بەڕیز خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و مەولوود سوارە ئەندامی رێبەری بە هاورێیەتی مامۆستا عەزیز ئەحمەدی و کاك زاهید شاعیری سەردانی تێکۆشەری دێرینی ڕێگای ئازادی و دیموکراسی، بەرێز سارم خانی سادق وەزیری،یان کرد.
لەو دیدار و چاوپێکەوتن بەڕێز سکرتێری گشتی حیزب و هاوڕێیانی، لە نزیکەوە لە باری تەندرووستی بەڕێز سارم خانی سادق وەزیری،یان پرسی و دیدارێکی دۆستانەیان لەگەڵ ئەو تێکۆشەر ئازادیخوازەی گەلەکەماندا پێک هێنا. ئەو سەردانەی هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بووە مایەی خۆشحاڵی بەڕیزیان و سپاسی هەیئەتی حیزبی کرد بۆ ئەو بە سەر کردنەوەیە.

بەڕیز سارم خانی سادق وەزیری ڕۆژی ١٢ جۆزەردانی ١٣٠٠ی هەتاوی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی خۆی بۆ نوێنەرایەتی دەورەی ١٧هەمی مەجلیسی میللی ئێران بەربژێر دەکات. ئەوە سەرەتای دەستپێکی کاری سیاسی ناوبراو دەبێت و لەو ڕێکەوتە بەدواوە راستەوخۆ پێ دەنێتە گۆڕەپانی چالاکی سیاسی. شارەزایی و لێزانیی لە بواری دادەوری و یاسا دا دەبێتە هۆی ئەوەی کە شەخسی دکتور محەمەدی موسدیق بایەخێکی زۆری پێبدات و پاش ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆڕای میللی دا دەنگێکی باش بە دەست دێنێ، بەڵام بە فیتی ئەرتەشی ئێران و لە کودەتایەکی بێدەنگ دا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پووچەڵ دەکرێتەوە و ناچێتە مەجلیس.
دکتور سادق وەزیری هەر لەو سەردەمانە دا نزیکایەتی و تێکەڵاوێیەکی زۆر لەگەڵ ڕێبەرانی ئەو کاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان پەیدا دەکات و دەبێتە دۆستێکی نزیکی حیزب، بەلام هیدی هێدی ڕوو لە حیزبی تودەی ئێران دەکات و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە پاش کودیتای ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی لە لایەن داودەزگای سەرکوتگەری شاوە دەگیرێت و بەتاوانی هەول دان بۆ ڕوخانی حکومەت زیاتر لە ٤ ساڵ لە بەندیخانە دا دەەمێنێتەوە. ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی " کۆمەڵەی کوردەکانی دانیشتووی ناوەند" دادەمەزرێنێ، کە تا ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی وەک وتەبێژی ئەو کۆمەڵە دەمێنێتەوە. سادق وەزیری جگە لە ئەندامییەتی لە شۆڕای ناوەندی یاساناسانی دیموکراتی ئێران، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی میللی دژایەتی لەگەڵ ئیستیعمار.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هێرشی حکومەتی کاتی موهەندیس مەهدی بازرگان بۆ سەر خەڵکی کوردستان، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە وەک گرووپی ئاشتی، هاوڕی لەگەڵ دکتور سەباغیان و ئایەتولا تاڵەقانی هاتە شاری سنە و دەورێکی کاریگەری هەبوو لە وەستانی شەڕ لە نێوان خەڵکی کوردستان و حکومەتی بازرگان دا.
بەڕێز سارم سادق وەزیری یەکێکە لەو خەباتکار و شۆڕشگێڕە دەگمەنانەی جیهان کە زیاتر لە ٣ چارەکە سەدە بۆ داکۆکی لە ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموکراسی لە ئێراندا خەبات کردووە و ئێستا لە وڵاتی سویس جێگیرە و ژیان دەباتە سەر.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 516 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact