. . . .


13 Dec 2014

بەشداری هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی شۆڕای ئین


ناوەندی هەواڵ- ژنێڤ: ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٢ی دێسامبری ٢٠١٤ی زایینی، هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە سەرپەرستی بەڕیز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حیزب و هاوڕێیەتی بەڕێزان مەولوود سوارە ئەندامی ڕیبەری و عەزیز ئەحمەدی بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی حیزب لە سویس و زاهید شاعیری بەرپرسی کومیتەی حیزب لە وڵاتی سویس، بەشداری کۆبوونەوەی شٶڕای ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالیستیان کرد، کە لە بنکەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێف پێک هات.
درووشمی ئەم جارەی شۆڕای ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالست " ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی و ڕێگا چارە لە سەر ناکۆکی و ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم دا بوو. کۆبوونەوەکە لە لایەن هەر یەکە لە بەڕیزان جۆرج پاپاندریۆ سەرۆکی ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالیست و لویس ئایالا سکرتێری ئەو ڕێکخراوەیە و ئانتۆنیۆ گۆترێس، بەرپرسی ڕێکخراوی پەنابەرانی سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕیوەچوو.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە بەخێرهێنانی میوانان و پێشکەش کردنی ڕیزی بەرنامەی کاری ئینتێرناسیۆناڵ سویالیست، لە لایەن لویس ئایالاوە دەستی پێکرد. کۆبوونەوەیە چەند تەوەری جیاوازی لە خۆ گرتووە، کە پرسی ئاشتی و هێمنایەتی نێونەتەوەیی باسی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوون. بە هێز کردنی دێموکراسی، هەروەها هاریکاری کردنی حکومەت و دەسەڵات دێموکراتیکەکان لە جیهاندا، بەشێکی تری باسەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لە خۆ گرتبوو، کە لە لایەن هەیئەتی ئیجرایی ئەنجومەنی ڕیکخراوی ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالیست باسیان لە سەر کرا.
کۆچ و کۆچبەری و کێشەی پەنابەران و هەروەها کارو چالاکییەکانی ساڵی ڕابردووی ئەو ڕێکخراوەیە دەخرێتە بەرنامەی کاری ئەم گەڕە لە کۆبوونەوەکان و پلان بۆ باشتر کردنیان دادەرێژرێ. بەشی سەرکی باسەکانی سەرلەبەیانی کۆبوونەوی ئەم جارەی ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالیست، تەرخان کرابوو بۆ باس لە سەر کێشەی کورد و دۆزی رەوای گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان. هەر لەو پەیوەندییە دا بەشێک لە ڕێبەران و نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان کە لەو کۆبوونەوەیە دا ئامادە بوون سەبارەت بە کێشەی کورد قسەیان کرد و ڕوونکردنەوەی پێویستیان دایە بەشداران.
ئەو حیزب و ڕێکخراوانە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دا قسەیان کرد بریتی بوون لە:
- هێمن هەورامی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی پێشکەش کرد
- عەزیز تاڵانی نوێنەری پارتی یەکێتی کوردستانی- سوریە
- ساڵح موسلیم سەرۆکی پەیەدە
- باوە ئەلیاسی نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
- خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حدک
- سەعدی ئەحمەد پیرە نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بەڕێزسکرتێری حیزب لە وتارەکەی خۆیدا لە کۆوبوونەوەی شۆڕای ئێنتێرنباسیۆلی سوسیالیست لە ژنێف، باسی لەوە کرد کە سەرچاوەی کێشەکان لە ئیدامەی خویدا، توند ئاژووی و تێرۆریستی خوڵقاندووە و ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ناکۆکی و یەکتر قبووڵ نەکردن و بەشداری نەدانی یەکتر لە ئیدارەی ناوچە دا. شێعە سوننە وەلا دەنێ و سوونە شێعەی قبووڵ نیە و هەمووشیان کوردیان قبووڵ نیە. ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست چی دیکە بەشێوەی پێشوو، تەنیا بە کێشەی عەرەب و ئیسڕائیل پێناسە ناکرێ و کورد بە تەواوی بووەتە فاکتەرێک لەو ناوچەیە کە راستەخۆ یارمەتیدەری ئاسایش و هێمنایەتییە. کاتێک قسە لەو قەیرانە دەکرێ، کێشەی دەیان ساڵەی شێعە و سوونە لە خۆیدا تەشەنەی ئەو کێشانە دەکات. ئێران لە یەمەنەوە بگرە، تا لوبنان وسوریە و عێراق، دەوری زۆر و ڕاستەوخۆ لە قووڵ کردنەوەی ئەو کێشانە دا هەیە. ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە ئێستا پێشمەرگە لە ڕێزی یەکەمی خەبات و تێکۆشان لە دژ داعش و تێرۆریزم دایە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە کاتی خۆی لە ئێران پێشمەرگە بە دژی شۆڕش دەناسرا ولە عێراق بە خراپکار نێودەبرا.
جێگەی ئاماژەیە دۆکۆمێێنتێکی کومیتەی مافی مرۆڤی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی زیندانیانی سیاسی و هەروەها لیستی ئەو زیندانیانەی کە مەترسی ئێعدامیان لە سەرە و نامەی پشتیوانی دەفتەری سیاسی حدک، لە نامیلکەیەک دا بە سەر بەشێکی لە هەیئەتانی بەشدار بوو دا دابەش کرا.

نوێنەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ئێنتێرناسیۆناڵی سوسیالیست

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 631 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact